Back

بڕیاری ترەمپ و ئەگەرەكانی بەردەم رۆژئاڤا

بە بڕیارێك و چەند تویتێكی لەناكاو، دۆناڵد ترەمپ نەك تەنیا زەلكاوەكەی سوریا و ناوچەكەی شلەقاند، بەڵكو تەواوی دامەزراوەكانی حوكمڕانی وڵاتەكەشی هەژاند و خۆشی خستە بەر هەڕەشەی فشاری ناوەكی و دەرەكی.  لەوانەیە، خەڵك و سیاسەتمەدارانی كوردی سوریا ئومێد بەو فشارانە هەڵچنن، بەڵام نەخێر، ئەگەری گۆڕینی بریارەكان زەحمەتە.  ترەمپ زۆر لەوە سەرسەختترە كە خۆی تووشی شەرمەزاری پەشیمانبوونەوە بكات.  تەنانەت، رێگەی لەوەش گرتووە كە بەرپرسەكانی پێنتاگۆن فێڵی نوێ بدۆزنەوە بۆ خاوكردنەوەی كشانەوەی هێزەكانیان.  بۆیە، تەنیا ئومێدێك كە لە ئارادابێ بۆ كوردانی سوریا ئەوەیە كە بە هەوڵی خۆیان و دۆستەكانیان ئەڵتەرناتیڤێكی مامناوەندی بهێننە ئاراوە.

دۆناڵاد ترەمپ، وەك سەرۆك، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە سەرجەم فشارەكان پشتگوێ بخات. خۆشی دوور لە سۆز و بەها ئەخلاقیەكان، زیاتر گوێی لەوەیە ئایا توركیا ئامادەیە لەجیاتی كڕینی ساڕووخی رووسی زەمین-ئاسمانی S400، ساڕوخی پاتریۆتی ئەمەریكی بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بكڕێ.دەشزانێ كە دەنگدەرەكانی (بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی)گرنگی بە كەمكردنەوەی خەرجیە دەرەكیەكان و گەڕاندنەوەی لەشكرەكەیان بۆ ناوماڵ دەدەن، نەك شەڕی داعش وەیان پاراستنی چارەنووسی هاوپەیمانێكی ناحكومی لە وڵاتێكی بیانی.

بۆیەش، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا، سەرۆك ترەمپ وەك بزنسمانێكی خراپ هاتە پێش. سەرۆك ئەردوگان میچی داواكاریەكانی بایی ئەوەندە بەرزركردبووەوە كە خۆشی بڕوای نەبوو ترەمپ بێ دوودڵی پێیان رازی دەبێ، وە وای دانابوو كە لە ناوەڕاستدا یەكتر دەگرنەوە و ترەمپ داوای سەبرگرتن و دواخستن وەیان رێكەوتنی دیكەی لێ بكات.  كەچی ترەمپ ئەردوگانیشی تووشی شۆك كرد لەوەی كە، بە پێچەوانەی راوێژی راوێژكارەكانی، بە هەموو داواكاریەكان رازی بوو. تەنانەت، ئەردوگان ترسی لێ نیشت و ئامۆژگاری ترەمپی كرد لەوەی كە كشانەوەكە نابێ لەناكاو بێ. دیارە توركیاش هێشتا ئامادە نیە وازوو هێرش بكاتە سەر رۆژئاڤا. بێگومان ئەوەش وادەكات كە توركیا پەلە لە ئامادەباشیسەربازیی بكات، بەڵام مانای ئەوە نیە كە جارێ وازوو هێرش دەكات.  هاوكات، رەنگە سیاسەتی توركیا ئەوە نەبێ كە هەتا قووڵاییەكی زۆر هێزەكانی پەیەدە بڕەتێنێ، بەڵكو تەنیا بە قووڵایی ٢٠ هەتا ٣٠ كیلۆمەتەر زنجیرەیەكی سنووری داگیر بكات و بە هاوكاری (لەشكری سوریای ئازاد) ئیدارەیەكی هاوشێوەی عەفرین دابمەزرێنێ و پەناهەندەكانی ناو توركیا بگەڕێنێتەوە ناو سوریا. ئەوجا لە گفتوگۆیەكانی لەگەڵ ئێران و روسیا بۆ نەخشەكردنی ئایندەی سوریا  رۆڵی بڕیاردەرێكی سەرەكی ببینێ.ئەوەش بێجگە لەوەی دەتوانێ گورزێكی مەزن لە پەیەدە بدات و لەنێو دوو بەرداشی هێزی توركی لە باكوور و هێزەكانی داعش و رژێمی سوریا لە باشوور، بێگوشێ و زۆربەی خاك و سامانەكانی ناوچەكەیانی لەدەست دەربێنێ.

بێگومان ئێران و روسیا و رژێمی ئەسەد بە دەرەنجامی ئەو كارانە سوودمەندن، چونكە دەمێكە هەرسێكیان كەمپەینیان بۆ وەدەرنانی ئامەریكا لە سوریا كردووە، بەڵام چاوەڕوان نەبوون كە توركیا وا بە ئاسانی بەدیاری بۆیانی مسۆگەر بكات.  ئەگینا، هیچ كام لەو سێ لایەنە لە دژی هێزە كوردیەكان نەبوونە. هەرسێك لەوانەش جیددیترن لە شەڕی داعش بە بەراورد لەگەڵ توركیا، چونكە دەزانن ئەو پازدە هەزار شەڕكەرەی داعش كە لە دیوی سوریا ناوچەكانیان لەدەستداوە دەتوانن بەخێرایی ناوچەكانی وەك رەققە داگیر بكەنەوە.  ئەوەش دەرگایەك بەكراوەیی بەجێ دەهێلێ بۆ ئەوەی هێزی سوریای دیموكرات (هەسەدە) روو بكاتە ئەو سێ وڵاتە و دەست بە گفتوگۆی چارەنووسساز بكات. بێگومان ئەوەش باجی خۆی هەیە و هەسەدە مەجبوور دەكات كە چارەنووسی هەتا ئایندەیەكی نادیار بە رژێمی ئەسەد ببەستێتەوە.

لێرەدا، پێویستە ئاماژەبە رۆڵی ئەوروپیەكان بكرێت. ئەوانە نزیكترین دراوسێی ناوچەكەن كە ئامانجی هیجرەتی پەنابەران و لەگەڵیشیاندا ئامانجی تێرۆریستانن. بۆیەش ترسیان لەوەیە كە بە ئاڵۆزبوونی بارودۆخ و دواتر سەرهەڵدانەوەی داعش، دیسانەوە ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەران روو لە ئەوروپا بكەن. دەشترسن كە ئەو هەزاران شەڕكەرەی داعش كە لە بنەڕەتەوە ئەوروپایین و لە ناوچەكەدا قەتیس ماون وەیان لای پەیەدە زیندانین، دەرفەتی ئازادبوونیان دەستكەوێ و بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان. جا لە ئێستادا بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاشكرا نیگەرانی خۆیان لە بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕیوە، بەڵام هێشتا نزیك نین لە بڕیارێك بۆ ئەوەی هێزی وڵاتەكانیان بنێرنە سوریا و بۆشایی هیزی ئەمەریكی پێ پڕ بكەنەوە. ئەوروپاییەكان هەتا ئێستا باجی مەزنی سیاسەتەكانی ئەمەریكایان داوە بەبێ ئەوەی كە خۆیان بتوانن رۆڵی رابەر لە سیاسەتی ناوچەكە ببینن. دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا بە شێوازێك دروستكراون كە نەتوانن سیاسەتی دەستێوەردان وەیان هەنگاوی لەشكرسازی بهاوێن، بۆیە رۆڵەكە بۆ ئەندامە گرنگەكانی یەكێتی ئەوروپا ماوەتەوە. ئەوان دەتوانن رێگە لە سەرهەڵدانی شەڕێكی قورسی نێوان هاوپەیمانێكی ستراتیژی وەك توركیا (ئەندام لە ناتۆ) وە هاوپەیمانێكی تاكتیكی لۆكالی (دژ بە داعش) بگرن. ئەوەش مانای وانیە كە توركیا بە قسەیان دەكات بەڵام توانای فشاری نەرمیان لەسەر هەیە.

جا لەو نێوەدا، ئایا كوردانی رۆژئاڤا چی بكەن؟ جارێ زووە كە كاردانەوەی نێگەتیڤ بەرامبەر ئەمەریكا نیشان بدەن، وەیان تۆمەتی خیانەتیان بخەنە پاڵ، چونكە پرۆسەی بڕیاردان لە ئەمەریكا ئاڵۆزە و رۆژگاریش هێشتا زۆری پێوە ماوە. بە واتایەكی دیكە، لەوكاتەی كە ئامادەباشی بۆ رۆژی رەش دەكەن، هەوڵی كردنەوەی دەرگای زیاتر وەیان ئەلتەرناتیڤ بدەن.

شاراوە نیە كە لە رابوردوودا كوردانی رۆژاڤا لە پاراستنی پارسەنگی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ رۆژهەڵات و رۆژئاوا سەركەوتوو بوونە. لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا، لە یەك كاتدا پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا و سعودیە و ئێران و روسیا و رژێمی ئەسەد هەبووە، بەبێ ئەوەی لە هەناودا متمانەی هاوبەش لەگەڵ هیچ كام لەوانە پەیدا بووبێ. ئەو دەرەنجامەی ئێستا بۆ كوردان هەموو كاتێك پێشبینی لێكراو بوو. هاوكات، هیچ كام لە هێزە جیهانیەكان پەیوەندیەكانیان لەگەل هەسەدە نەپچڕاندبوو. ئێستاش، دیارە كە گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان هەسەدە و توركیا كارێكی ئاسان نیە و بەڵكو بەلای توركیاوە مەحاڵە. بەڵام لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا، رەنگە ئێران و روسیا ئامادەبن پشتگیری لە كوردانی رۆژئاڤا بكەن بە مەرجێك لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێك بكەون. ئیمڕۆ كاتی بیركردنەوەی چڕو پڕ و زیادكردنی دۆست و كەمكردنەوەی نەیارە، وە سەركردەكانی رۆژئاڤا زیاد لە هەموو كاتێك پێویستیان بە حیكمەت و هونەری لۆبیكردنە.

Comments are closed.