Back

ستراتیژی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

  • باربارا ليف، یاریدەدەری وزيری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
  • دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری (سەرپەرشت)

لە بیست ساڵی رابردوودا، پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە و لەم دیبەیتەدا لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، داینامیکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان تاوتوێ کرد. ئیدارەكەی پێشووی ئەمەریكا و هی ئێستا، هی سەرۆک بایدن،  هەمیشە دەڵێن سەقامگیری و متمانە بەیەکتر کلیلە، لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە بەڵێنی پێشكەشكردنی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراق لە چەندین كەرتی جیاوازدا، لەنێویاندا کەرتی ئەمنی ، ئابووری، و ژینگە.

بۆ ئەمەریكا، عێراق وڵاتێکی گرنگی ستراتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و دەرفەتی دروستکردنی پرد و هاوپەیمانی لەو شوێنانە دەڕەخسێنێت کە ئەمریکا بۆخۆی پێی ناكرێ. بمانەوێ یان نەمانەوێ، پەیوەندی ئەمریکا و عێراق دەكەوێتە ژێر کاریگەری پەیوەندیەكانی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە، و دینامیکییەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق – لەنێویاندا ئێران. لەم پانێلەدا تیشك خرایە سەر ستراتیژە بەر فراوانەكانی ئەمەریكا و ئەو تەحەددا و دەرفەتانەی کە بۆ هەردوو وڵات دێنە پێشەوە.

لە دەستپێكدا، باربارا لیف باسی لە پرۆسەی بڕیاردانی ئیدارەی بایدن کرد و وتی: عێراق بەردی سەرەکییە لە کەوانەکەی ناوچەکەدا… ئەوەی بۆ عێراق باش بێت بۆ هەرێمە فراوانەکە باش دەبێت. “ئێمە سەروەری عێراق بە گرینگ دەبینین بۆ هەموو شتێک کە پێویستە راستودروست بێت لەو چوارچێوەیەدا… هەموو بڕیارێک کە دەدرێت لە چوارچێوەی ئەوەدایە کە ئایا بۆ سەروەری عێراق باشە یان نا.” پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق “هاوبەشییەکی 360 پلەیە”، و لەسەر بنەمای “ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری”، بە گوێرەی لیف.  پەیوەندییەک بۆ بنیاتنانی هێزێکی بەرگری بەهێزە بۆ عێراق، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە لەخۆبگرێت کە پەیوەستن بە ئابووری، گۆڕانی کەشوهەوا، و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان.

سەبارەت بە پرسیارێكی دلاوەر عەلائەدین لەسەر ئەوەی بۆچی بازرگانییە ئەمریکییەکان نایەنە وڵاتەکە، باربارا لیف بە ئامادەبووانی وت کە عێراق دەبێت “ژینگەیەکی دۆستانەی بازرگانی” بێنێتە كایەوە، و ژینگەیەک کە ڕێکخراوەکان و تاکەکان بتوانن بە شەفافیەت و شێوەیەكی پێشبینیکراو کاربکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆ من جێگەی سەرنجە کە چۆن ژینگەی ئەمنی بەرەو پێشەوە دەڕوات و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کارە باشەکانی ئەم حکومەتە” و ستایشی ڕۆڵی وڵاتەکەی کرد لە پێشكەشكردنی راوێژ و هاوکاریکردنی حکومەتی عێراقدا. لیف ئاماژەی بەوەشکرد، “لەم کاتەدا، کەم تێگەیشتن لە چۆنیەتی گۆڕانی عێراقدا هەیە [بۆ دەرەوە].” گوتیشی، “بە دڵنیاییەوە لە ئەمریکا، لە دەرەوەی کەرتی وزە، لەنێو ئەمریکییەکاندا هیچ تێگەیشتنێک لە دەرفەتەكان نییە”. هانی گەنجانی عێراقی دا سەردانی ئەمریکا بکەن و سەرگوزەشتەكانیان بگێڕنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو جۆرە تێڕوانینێک هەیە… دوا گەشتم بۆ عێراق لە جاری پێشوو بۆ ئەوە بوو کە سەرکردەکانی عێراق هان بدەم بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پرۆسەی [پێکهێنانی حکومەت]. ساڵێک بەبێ حکومەتێکی جێگیر زۆر درێژ بوو. ئێمە ئەو ڕێبازەمان گرتەبەر کە لەگەڵ ئەو حکومەتەی سەریهەڵدا کار دەکەین، و حوکم لەسەر ئەو كردارانە بدەین کە دەیکات نەک ئەوانەی دەیڵێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، کارنامەی سەرۆکوەزیران ئەلسودانی ڕێک کارێکی دروستە. لیف وتی: “ئەوە ڕێک ئەوەیە کە پزیشکەکە فەرمانی پێکردووە”، دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا بەو کارەی کە دەیکات حوکم لەسەر حکومەت دەدات، نەک تەنها بە قسە.

لە وەڵامی پرسیاری عەلائەدین سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی حکومەت بۆ ئەمریکا، کە داوای هاوکاری لە پرسە ئابووری و داراییەکانی عێراق کرد، لیف بە ئامادەبووانی وت: کۆمەڵە گفتوگۆیەکی دەوڵەمەندمان لەسەر چەندین بواری جۆراوجۆر هەبوو… زۆرێک لە راوێژ لە ڕێگادانە. شتگەلێک هەن کە ئەم حکومەتە بە دروستی ئەنجامی دەدات… ئێمە دەچینە قۆناغێكی پێگەیشتووی پەیوەندییەکانمان، راوێژ پێشکەش بە حکومەتی عێراق دەکەین بەڵام چارەسەر ناسەپێنین”.

لە کاتێکدا گفتوگۆکە ڕووی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کێشە ڕوونەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە سیاسەتە پڕكێشەكەیەوە کرد، لیف هۆشداریی دا: بە شێوەیەکی گشتگیر ئەو پەیامەی ئەمریکا بۆ هەولێر هەڵیدەگرێت ئەوەیە کە ناتەبایی و ململانێ ناوخۆ لاوازت دەکات. لەوانەیە تۆ ڕازی نەبیت، بەڵام دەبێت جیاوازییەکانت بخەیتە لایەک بۆ ئەوەی خزمەت بە خەڵک بکەیت… دەبێت ئەوە بکەیت بۆ ئەوەی ئابووری ئازاد بکەیت.” ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە گرنگترین سەروەت و سامانەکانی عێراق گەنجەکانیەتی و دەبێت تواناكانیان بەکاربهێنرێت. “دەبێت بتوانن كاری بازرگانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی راپەڕێنن، لەو بوارانەی کە حکومەت ناتوانێت پێیان بگات. ئەوان لە ژێر پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە گەورەکاندا ئەرك دەچێژن، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا قوڕستر دەبن. … دەبێت فەزایەکیان بۆ دروست بکەیت. دەبێ ناکۆکی حزبی خۆتان لاببەن، و سەیری چاکەی گشتی بکەن. سەیری هەڕەشەکانی سەر دەرگاکەت بکە” لیف گوتی. ئاماژەی بەوەشکرد، “لەسەر شاخەکە دانەنیشن و چاوەڕێی ئەوە مەکەن شتەکان لە خوارەوە دەربکەون”، نموونەی دانوستانەکانی بۆرییەکانی عێراق و تورکیای هێنایەوە کە بە وتەی خۆی پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڕەشە درێژخایەنەکان، لیف ڕوون بوو. ئاماژەی بەوەکرد، “هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە و لێرەدا بە تایبەتی بیر لە گروپە چەکدارەکان دەکەمەوە”. “لە کۆتاییدا دەوڵەت پێویستی بە کۆکردنەوەی ئەوانە دەبێت و دڵنیابێت لەوەی کە ئەوان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتدا مامەڵە ناکەن.” سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا، لیف وتی: “تورکیا هاوبەشێکی ئاڵۆزە، هاوبەشێکی بازرگانی و هاوبەشێکی دامەزراندنی [سەربازی]یە.” ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گومانێکم نییە کە ئەمە [ئامادەبوونی سەربازی تورکیا لە عێراق] جێگەی ناڕەزاییە بۆ خەڵکی عێراق… ئەمە شتێکە کە دەمانەوێت لەگەڵتان لەسەر خەت بین وەک چۆن ئێوە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا لەسەر خەت دەبن، لەکاتێکدا حکومەتی نوێ (لە توركیا) لەم مانگەدا سەرهەڵدەدات . ئاماژەی بەوەشکردووە، “تورکیا دەڵێت هەست بە مەترسی دەکات لە باکووری عێراق، لەگەڵ هەڕەشەکانی پەکەکە… [بەڵام] نامانەوێت ببینین سەربازەکان بەبێ قسەی ئێوە بچنە ناو عێراقەوە.” سەبارەت بە داخرانی بۆرییە نەوتیەکانی عێراق بۆ تورکیا، لیف جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی پردێكی متمانەپێکراو کردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، “کاتێک دەچمە هەولێر [ئەم هەفتەیە] پشتڕاستی دەکەمەوە کە بۆچوونەکەیان وەک یەکە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە خەریکە کێشەی ئێستا چارەسەر دەبێت.

لەسەر پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی سعودیە و ئێران، باربارا لیف جەختی لەوە کردەوە كە ئەویان وشەی “دیتانت” بەكار دێنێ، بە واتای “خاوكردنەوەی لە گرژییەکان”، نەك ئاساییكردنەوە و گوتیشی “ئەوە شتێکی زۆر باشە”. “ئایا ئەوە ئاشتەواییە؟ نه‌خێر ئه‌وه‌ وا نیه‌. ئایا باشە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات باشتر بێت؟ بێگومان.” ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا چۆن پێشوازی لە پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئێران دەکات، بە ئامادەبووانی وت کە بە دیپلۆماتکارەکانیان گوتووە، “بە ڕەهایی بۆی بڕۆن و ئەوەش بخەنە سەر ئامرازەكانی دیكەی [ پەیوەندی دیپلۆماسی].” سەرەڕای ئەوەش، لیف هۆشداریدا، “ئێران ڕەفتاری خۆی نەگۆڕیوە، لە بنەڕەتدا.”

سەبارەت بە سوریاش لیف بە هەمان شێوە ڕوون بوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، “نێردەی سەربازی ئەمریکا لە سوریا بۆ یەک هۆکار و تەنها هۆکارێک لەوێیە، بۆ شکستپێهێنانی داعش. مەترسییەکە ڕاستەقینەیە و جارێ وا دەمێنێتەوە… دۆخەکە [هێشتا] ترسناکە بۆ ئەو سوریانەی کە لەو وڵاتەدا دەژین. بۆ ملیۆنان پەنابەری سووری لە سەرانسەری جیهان، هیچ چانسێک نییە بۆ گەڕانەوە”. ئاماژەی بەوەشکرد كە “ڕێبازی ئێمە بەردەوام هەما رێباز بووە، ڕژێم هیچ کامیان پابەند نەبووە. ژمارەیەک وڵات پێیان وایە بە بەشداریکردن ڕژێمی ئەسەد باشتر دەبێ” لیف وتی. – من گومانم هەیە.

دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بە نیشانەکانی گەشەسەندنی بوونی چین لە عێراق کرد، “جێگرتنەوەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان و هتد”، پرسیاری لە بەرپرسەکە کرد کە ئەمریکا چۆن بوونی چین و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا دەبینێت. لیف هاوڕا بوو: “کاریگەری ئابووری چین لە گەشەکردندایە. پرسیاری ئەوەشی كرد، “ئایا بۆ عێراق باشە ئەگەر کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و ئاسیا و کەنداو ئەم بازاڕە بەجێبهێڵن و کارگەکانی چینی جێگەیان بگرنەوە؟ تو پێم بلێ! بەڵام دەزانم ئێمە [ئەمریکا] دەتوانین لە بازاڕی جیهانیدا ڕکابەری بکەین”.

دیداری عێراق: بۆ سەقامگیری وخۆشگوزەرانی

2/05/2023

دیبەیتێكی پۆڵەسی: ستراتیژی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

فیدیوی پانێل

Comments are closed.