Back

ئەمریکا هەرێمی کوردستانی بە سەقامگیری و دیموکراسیەوە دەوێت وەک هاوپەیمان

لە دوای بەهاری عەرەبی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ و دواتریش لە ٢٠١١، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەخنەیان لە ئەمریکا گرت بۆ شەرعیەت دان بە ڕژێمە نادیموکراسیەکان، بەم چەشنە ئەمریکا بەهۆکاری کێشە ناوخۆیەکانیان لە قەڵەم دەدەن. ئەمریکا ئەولەویەتی دا بە هاوپەیمانی سەربازی لەبەرامبەر پەرەسەندنی دامەزراوەکانی دیموکراسی؛ لەوکاتەی کە هێزی سەربازی بوو بە کاراکتەری سیاسی، ئەمریکا چیتر بە هاوپەیمانێکی بێلایەن بۆ کێشە ناوخۆییەکان سەیر نەکرا، هەروەک چۆن بانگەشەی بۆ دەکرد.

لە هەرێمی کوردستان، کە پرۆسەی دیموکراسی تێیدا لە قۆناغێکی هەستیارە، ئەمریکا هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە بە زۆر خۆنزیک کردنەوە لە پارتێکی سیاسی لە بەرامبەر پارتەکانی تر لەم قۆناغەدا. بە کۆتایی هاتنی خوولی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئابی ٢٠١٥، زۆرکەش پێشبینی ئەوەیان کرد کە بەردەوام بێت لە دەسەڵات بەڵام هەندێک پارتی سیاسی داوای پێداچوونەوەیان بە میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵات کرد. بەهەمان شێوە، زۆربەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان هەمان پێشبینیان کرد، پێیان وابوو کە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆییە، بۆیە ناخوازن قسەیەکیان هەبێت لەسەری. لەگەڵ ئەوەی پارتە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتنە هیچ ڕێکەوتنێک، بارزانی بەردەوام بوو لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردە بیانیەکان دەربارەی چەندین پرس، لەنێویاندا پرسی سەربازی لە جەنگی دژ بە داعش. دوای چوارمانگ، گرژیەکانی نەگەیشن بە چارەسەرێک لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئامانجەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی داعش هەبێت.

لێرەدا تێڕوانینە جیاکان گرنگن، بەتایبەتی لەکاتی بەردەوام بوونی بنبەستی سیاسی. لە تشرینی یەکەم ٢٠١٥، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە هاتنەوەی بۆ سەر کارەکەی لە هەولێر، بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسا بە ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڵام بەبێ وەرگرتنی وەڵامێکی ئەوتۆ. هەروەک چۆن وتەبێژی بزوتنەوەکە ئاماژەی بەوەدا، “ئێمە گفتوگۆمان دەربارەی بنیاتنانی نیشتیمان و دیموکراسی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کردووە بەڵام سەرەڕای ئەو گفتوگۆیان، ئەمریکا هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاخود ئەو پارتە سیاسیانە نەکردووە”.

ئەم بێلایەنی نەبوونە، زۆر زەقتر دەرکەوت لەوکاتەی کە وەزیری بەرگری ئەمریکا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە، بە سەرۆک ناوی برد و لەوکاتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بەتەلەفۆن پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی لە بارزانی کرد. لەوکاتەی کە هێزەکانی پێشمەرگە بە دابەشبوویی بەسەر پارتە سیاسیەکان ماونەتەوە، پەیامێکی گشتگیرتر بۆ خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پێشوازی گەرمتری لێدەکرا.

چارەسەر نەکردنی پرسی سەرۆکایەتی بووە هۆکاری لەکارکەوتنی پەرلەمان، ئەو پێشبینەی دووپاتکردەوە کە دەسەڵاتی ڕەهای جێبەجێکاری بەردەوامی دەبێت. پێنج پارتە سەرەکییەکە – پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان چەندین کۆبوونەوەیان لە دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دا بۆ دیالۆگ کردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی بەڵام بەبێ ئەنجام. لەدوای دوا کۆبوونەوەی ئەم پێنج لایەنە لە ٨ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، پەرلەمان کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە و نوێنەری ئەو لایەنانە تەنیا یەکجار لە هەمان ژوور چاویان بەیەک کەوتووە ئەویش لە دیداری مێری ٢٠١٥، کە دامەزراوەیەکی بێلایەن دڵنیایی دا بە بەرپرسانی ئەو پێنج لایەنە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان. بەردەوامی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ زۆر پێویستە لەوکاتەی کە گشت پارتەکان شکستی دانووستانەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر بۆ نەگەیشتن بە سازان.

لەگەڵ ئەوەش، ئەمریکا هەوڵی پڕ بایەخی داوە بۆ پاڵپشتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی لە ڕێگەی پێشنیازی سیستەمی چاکسازی کردن لە هێزەکانی پێشمەرگە. لە ساڵی ٢٠٠٩، ئەمریکا پێشنیاری ڕاهێنان و پێدانی چەکی بە پێشمەرگە مەرجدارکرد بە یەکگرتنەوەی هێزەکان، یاخود دروستکردنی لیوای تازەی دوور لە پەیوەندی حیزبی؛ ئەم پێشنیارەش لە تێپەڕاندنی یاسای بەرگری ساڵی ڕابردووی ئەمریکا دووپاتکرایەوە. ئەم سیاسەت و پۆڵەسیە نموونەیەکە کە چۆن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕۆژئاوا دەتوانن سیاسەتی پەیوەندی دروستکەر بەکاربهێنن و یارمەتیەکانیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجدار بکەن بە دوورکەوتنەوە لە بنبەستە سیاسیە کۆنەکان بەشێوازێکی دیموکراسی.

ئایندەی هاوپەیمانێتی کورد و ئەمریکا

بەهۆی هەبوونی پێگەی بە‌هێز لەبەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە و وڵاتێکی خاوەن هەژموون، پێویستە ئەمریکا سیاسەتێکی دەرەوەی دینامیکی تری هەبێت، وە گرنگیدانی تایبەت بە پەیوەندی غەیرە سەربازی و ئەولەویەت دان بە بەهاکان لە پەیوەندیەکانی دا کە دەبێتە هاندەری دیموکراسی و ئازادی و سەروەری یاسا. بەهۆی خواستی نیشتیمانپەروەرێتی، پارتە کوردیەکان پێویستیان بە شەرعیەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە. لەهەمان کات، هەر پێنج پارتە سیاسیەکە دانیان بە کەموکوڕی و لاوازی دامەزراوەکان کردووە. عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان، تەنانەت زۆر بەڕوونی وتی حکومەتی هەرێمی کوردستان “پێشێلی دیموکراسی” کردووە و نوێنەرەکانی “نازانن چۆن پراکتیزەی دیموکراسی بکەن”، ڕەخنەی ڕاستەوخۆی ناوخۆیی لەم چەشنە و دانپیانان بە کەم و کوڕی بەرچاو لە پرۆسەی دیموکراسی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدوا نەهات، بەتایبەتی کە هەڵەکانی پێشووی ئەمریکا حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەو بارودۆخە گەیاندووە کە ئەمڕۆ تێیدایە، وە بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە هاریکاری دەرەکی و هاوبەشی مەرجدار چەندە پێویستە لەم کاتەدا. ئەمەش هەمان ئەو پەیامە بوو کە درا بە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و دامەزراوەکانی توێژینەوەی ئەو وڵاتە لە واشنگتن کاتێک تیمی ئینستیتیوتی مێری سەردانی ئەمریکایان کرد لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥.

لە کۆبوونەوەیەک دا لە ئینستیتیوتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی، پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە “هاوپەیمانان دەتوانن وا بکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە دیموکراسیترین هاوپەیمانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ” بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژ و هەر مانگێک بەبێ چارەسەری، قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە و کوردستان ناسەقامگیرتر دەبێت؛ ئەمەش دەرئەنجامێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستن بە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕێگریکردن لە داعش”.

هەر لە دیداری مێری ٢٠١٥، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، پێشوازی لە نێوەندگیری بێلایەنانە کرد و محمد فەرەج سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان لایەنەکان دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان.

پێویستە ئەمریکا نیازچاکی و ناوبانگی خۆی لە کوردستان بپارێزێت بە بێلایەن مانەوەی لە ناکۆکیە ناوخۆییەکان، بەڵام لەهەمان کاتدا بەهەبوونی بەشداریەکی دروستکەر وەک هاوپەیمانێکی گرنگ. کاراکتەری ناوخۆیی سەربازی بەهێز لە هەبوونی دامەزراوەی دیموکراسی بە باشترین شێوە خزمەت بە ئامانجە سەربازیەکانی ئەمریکا دەکات لە جەنگی دژ بە داعش. بەڵام ترسی ئەمریکا بۆ لەدەستدانی پێشمەرگە، وەک هاوپەیمانێکی کارا و بەنرخ، لەوکاتە دەبێت کە نەتوانێت بە بێلایەنی بمێنێتەوە. بەهەمان شێوە، ئەمریکا دەتوانێت ناوبانگی خۆی لەناوچەکە وەک هاوپەیمانێک باشتربکات بە پەرەپێدان و داکۆکیکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بە ئەولەویەت دان بە بەشداریپێکردن و هاوپەیمانی ناسەربازی لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەماوەی دەیەی ڕابردوو ناوبانگی لە پاشەکشەکردن دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

Comments are closed.