Back

ئایندەی گەشتیاری لە کوردستانی عێراق: دەرفەت و ئاستەنگەکان


لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشیاری هەولێر لە مانگی ئازار ٢٠١٦، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەسەر پلانی درێژخایەنیان بۆ دامەزراندنی کەرتی گەشتیاری وەکو کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری کوردستانی عێراق کردەوە. بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە کەرتی گەشتیاری پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٧ وە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن بەشێوەیەکی بەرچاو، لە دەرئەنجامیش بۆتە هۆی بووژانەوەی دروستکردنی بازرگانی پەیوەندیدار. بەڵام شیکاری ماوەی گەشەی نێوان ٢٠٠٧ و ٢٠١٣ ژمارەیەک کەموکوڕی لە ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کورستان دەردەخەن، سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی بوودجە لەگەڵ بەغدا و مەترسی ئەمنی بەهۆی داعش. ئەم کەموکوڕیانە بریتین لە شکستهێنان لە وەبەرهێنانی پێویست لە هەندێک بواری سەرەکی ژێرخان وەک تەندروستی و گواستنەوە؛ جگە لە ژمارەیەکی زۆری هۆتێل و چێشتخانە، سنووردارکردنی ئازادی گەشتکردن لە باشووری عێراق و پرۆسەیەکی بیرۆکراتی بێ هاوتا بەمەبەستی دامەزراندنی بازرگانی نوێ. پێویستە ئەم ئاستەنگە سەرەکیانە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری ببێتە کۆڵەکەی سەرەکی ئابووریەکی هەمەچەشن و سەرلەنوێ دارێژراو.

لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٥ وە، هەرێمی کوردستانی عێراق گەشەی بەرچاوی لە ڕووی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە و سوودە ئابووریەکانی بەخۆیەوە دیووە. لە کەمتر لە ٤٠٠ هەزار گەشتیار لە ساڵی ٢٠٠٧، ژمارەی گەشتیاران ساڵ بە ساڵ ڕووی لەزیاد بوون کردووە تا بڕێک کەمتر لە سێ ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٣. زۆربەی ئەو گەشتیارانە لە بەشەکانی باشووری عێراق بوون، لەگەڵ ئەوەش زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ ١١ بەرامبەر لە نێوان هەمان ماوەدا ئاماژەیەکە بۆ بازاڕی ناوخۆ و نێودەوڵەتی١.  بۆ هاندانی گەشەی بەردەوامی ئەو سێکتەرە، دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، مۆڵەتی خەرجکردنی زیاتر لە ٦ ملیار دۆلار لە چەندین پرۆژەی سەرەکی داوە. کاریگەری ئەو وەبەرهێنانە لە ژمارەی هۆتێل و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕوونی دیارە کە لە ١٠٥ بۆ ٦٢٠ لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٧ وە زیادیکردووە. بەرهەمی ئەو هەوڵانە لە ساڵی ٢٠٠١٤ پێگەیشت، کاتێک هەولێر بە فەرمی وەک پایتەخی عەرەبی گەشتیاری لە لایەن ئەنجوومەنی گەشتیاری عەربی دەستنیشانکرا.

ئەم ڕێچکەیە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ وە پێچەوانە بۆتەوە، لەبەرامبەر چەندین ئاستەنگی لەڕووی پێکهاتەیی و بوونگەراییەوە. لەڕووی پێکهاتەییەوە، کەرتی گەشتیاری دووچاری گرفت بۆتەوە بەهۆی کەمی وەبەرهێنان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ وە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات لەگەڵ دابەزینی نرخی جیهانی نەوت کە بۆتە هۆی کورتهێنان لە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوەش کاریگەری ڕاستەخۆی هەبووە، نزیکەی ٣٥ پرۆژە کە وابڕیاربوو لە ساڵی ٢٠١٣ دەستپێبکەن راگیراون.٢ لە ڕووی بوونگەراییەوە، مەترسیەکانی دەرئەنجامی شەڕی داعش بۆتە هۆی ڕەواندنەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی و زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام. بەتایبەتی بۆ گەشتیارانی نێودەوڵەتی خاوەن شارەزایی کەم لە هەرێمی کوردستان. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی راكێشانی گەشتیاری ناوخۆیی و هەرێمیە، بەتایبەتی لە ئێران و تورکیا و لوبنان.٣

1-Hewler_Old_Minaret

بەڵام، هەڵسەنگاندنێکی وردی پەرەسەندنی ئابووری لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٧ وە ژمارەیەک کەموکوڕی لە ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات کە زیانی گەیاندووە بە هەوڵەکانی پەرەپێدانی گەشتیاری سەرەڕای کێشەی بوودجە و ئەمنی. یەکەم، بایەخێکی یەکجار زۆر دراوە بە وەبەرهێنان لە دروستکردنی هۆتێل و چێشتخانەی نوێ. بەتایبەتی لە هەولێر، نزیکەی ٥٠٠ هۆتێلی نوێ کراوەتەوە کە هاوتا نیە لەگەڵ گەشەی دانیشتووان یاخوود ژمارەی گەشتیاران. وەبەرهێنانی زۆر کەمتر لە ژێرخانی یارمەتیدەری وەک ڕێگاوبانی نوێ و تەندروستی و سیستەمی گواستنەوە ئەنجامدراوە تا بتوانێت ببێتە بناغەیەک بۆ گەشەی کەرتی گەشتیاری.٤

دووەم، شەڕی دژی داعش بۆتە هۆی ڕەواندنەوەی گەشتی ناوخۆ، سەرەڕای ناسەقامگیری و بارودۆخی ئەمنی. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی زۆری ئاراستەکراوە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکاری و توند لە خاڵەکانی پشکنین. ئەم لەمپەرانە لەبەردەم ئازادی گەشتکردن بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە بازرگانی ناوخۆ و ڕەواندنەوەی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی گەشتیاریە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وە هاندانی گەشتکردن بۆ شوێنی تری وەک تورکیا. گەشتی ئاسمانی بەشێکی زۆر لە ئاستەنگەکانی تێپەڕبوون بە خاڵەکانی پشکنین کەم دەکاتەوە، بەڵام لەهەمان کات تێچووی زۆرترە بۆ ئەو خێزانانەی کە داهاتیان سنووردارە یاخود گەورەن.٥

سێیەم، لەهەموویان گرنگتر، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ئەوتۆ دروستبکات کە وەبەرهێنەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بەهەبوونی ڕێکاری پاراستنی پێویست و کەمکردنەوەی بیرۆکراتیەت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان. سەرەڕای هەبوونی ویستی سیاسی بەهێز لەنێو سەرکردەکان، کەچی پرۆسەی تۆمارکردنی بازرگانی نوێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق هێشتا بێزارکەرە.٦ بەهۆی بەردەوامی قەیرانی بوودجە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ئەم شێوازە گۆڕانکاری بەسەردابکرێت و کارئاسانی بکرێت. بەهەمان شێوە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پێویستی ئەو چاکسازیانە کرد لە کۆنفرانسی گەشتیاری ئەمساڵ، داوای لە کەرتە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد کە بەڕەنگاری ڕۆتین و بیرۆکراتیەت ببنەوە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری گەشە بکات. چارەسەری ئەم پرسانە ئاسان نیە وە پێویستە لەسەرەوە بۆ خوارە لەسەر ئاستی حکومەت ئەنجام بدرێت. بەڵام، دروستکردنی کەلتووری نیشتیمانی گەشتیاری پێویستی بە گۆڕین هەیە لەسەرانسەری ئاستی کۆمەڵگا، سەرەڕای ڕاهێنان و تواناسازی بۆ ئامادەکردنی هێزی کار بۆ داهاتوو.

2-Canyon,_north_eastern_Kurdistan

قەیرانی بوودجە لە هەرێمی کوردستان گرنگی و پێویستی دوورکەوتنەوە لە مۆدێلی ئابووری پشتبەستوو بە نەوت پیشان دەدات. سەرکردەی سیاسی و بازرگانان لە دیداری ئابووری ئینستیتیوتی مێری لە مانگی نیسان ئایندەی ئابووری، وە چی بکرێت بۆ هاندانی دووبارە ڕێکخستنەوە و فرەییکردنی سەرچاوەکانی ئابووری تاوتوێی دەکەن. بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری ببێتە کۆڵەکەی جێگرەوەی ئابووری، پێویستە ئەو ئاستەنگانەی سەرەوە چارەسەر بکرێن. ئامانجی ئەو دیدارە بریتیە لە دیبەیتێکی کراوە لەسەر ئەو پرسانە، بەهەمان شێوە دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئایندەدا.

سەرچاوەکان

١. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامی باڵای دەستەی گشتی گەشتوگوزار، هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق (١٧ نیسان ٢٠١٦).

٢. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامی باڵای دەستەی گشتی گەشتوگوزار، هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق (١٧ نیسان ٢٠١٦).

٣. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامی باڵای دەستەی گشتی گەشتوگوزار، هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق (١٧ نیسان ٢٠١٦).

٤. چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنکارێکی کەرتی گەشتیاری، هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق (٢١ نیسان ٢٠١٦).

٥. هەمان سەرچاوە.

٦. هەمان سەرچاوە.

Comments are closed.