Back

پێشگرتن لە پەڕگیریی توندوتیژ

  مۆرتن بۆوس 

پتەوكردنی هێزی ناوەكی كۆمەڵگا زۆر گرنگە بۆ پێشگرتن لە پەڕگیریی (جەمسەرگیری – Extremism) توندوتیژ. بەڵام ئەو كارە پێویستی بە رێكاری وورد و دیراسەتكردنی پۆڵەسیەكانی پێشوو هەیە. ئینستیتیوتی مێری یەكێكە لە پازدە سەنتەری توێژینەوەی جیهانی بۆ توێژینەوە لەو بابەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریكا و ناوچەی بەلكان، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی (PREVEX) دا كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی كراوە.

یەكێتی ئەوروپا لە ساڵی 2001 ەوە تا ئێستا چەندین جار چاوی بە پۆڵەسیەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر داخشاندووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، كاریگەری تێكدەرانەی پەڕگیریی توندوتیژ تەنگی هەڵچنیوە و شەپۆڵی شۆكە هەژێنەرەكانی سنوورە نێودەوڵەتیەكانی بەزاندووە. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی هەر ماوەتەوە: بۆچی پەڕگیریی توندوتیژ لە هەندێ كۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات و لە هەندێكی دیكە سەر هەڵنادات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئامانجە سەرەكیەكەی ئەو پڕۆژە نوێیەیە (بە ناوی PREVEX) كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی لێكراوە. ئەوەش بۆ دیراسەتكردنی دینامیەتە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانە لەو ژینگانەی هۆكاری دەمارگیریان تێدایە لە هەریەك لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریكا و ناوچەی بەڵكان لە ئەوروپا. هاوكات پڕۆژەكە بۆ دەستنیشانكردنی رێگاكانی پێشگرتنە لە دەمارگیریی توندوتیژ بۆ ئەوەی داڕێژەرانی پۆلەسی بتوانن رێگاچارەی باشتر و كاریگەرتر لەخۆ بگرن، ئەوەش لە رێگەی پتەوكردنی هێز و بەرهەڵستیە هەناویەكانی كۆمەڵگا.

 تیمی جێبەجێكارانی ئەو پڕۆژەیە تیشك دەخەنە سەر ناوچەیەكی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بە عێراقەوە) و باكووری ئەفریكا و ناوچەی بەڵكان بۆ ئەوەی بە قووڵیەوە بەراوردی لە نێوان ئەو ژینگانە بكرێ كە حاڵەتی پەڕگیریی توندوتیژیان لێ سەرهەڵدەدات لەگەڵ ئەوانەی كە لێیان سەرهەڵنادات. هاوكات دیراسەتی چۆنێتی پتەوكردنی هێز و بەرهەڵستی كۆمەڵایەتی دەكرێتەوە لەو ژینگانەی كە رێخۆشكەرن بۆ پەڕگیریی توندوتیژ بەڵام هێشتا دیاردەكەیان تێدا بەدی نەكراوە.

پڕۆژەی PREVEX تەركیز دەخاتە سەر پێنج ئامانجی سەرەكی بۆ باشتركردنی رێگاكانی پێشگرتن لە پەڕگیریی توندوتیژ:

١) تێگەیشتنی ووردەكاریەكانی پەڕگیریی توندوتیژ:

سەرباری ئەوەی كە زاراوە و چەمكی پەڕگیریی توندوتیژ لە بواری ئەمنیدا زۆر بەكار دێت، كەچی هێشتا پێناسەیەكی وورد و تەواو بۆ زاراوەكە و دیاردەكە نەكراوە. ئایا چۆن بەبێ تێگەیشتنێكی روون بۆ سروشتی ئەو دیاردەیە دەتوانین كاریگەر بین لە پێشگریكردن لە دەمارگیریی توندوتیژ؟ بێگومان پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە گرنگە ئەگینا لە كاتی داڕێژتنی پۆلەسیدا دەبێتە هۆی دەرهاویشتەی نەخوازراو. بە واتایەكی دیكە، ئەو بەرچاوڕوونیە تەنیا بۆ مەبەستی ئەكادیمی نیە بەڵكو بۆ خودی ئەو پۆڵەسیانەیە كە بۆ پێشگریكردن لە دەمارگیریی توندوتیژ لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریكا و ناوچەی بەڵكان دادەڕێژرن.

٢) وێناكردنی چوارچێوەی ژینگەی هاندەر:

 وێناكردنی چوارچێوەی ژینگەی هاندەر كە فاكتەرە جیاوازەكانی سەرهەڵدانی پەڕگیریی توندوتیژی تێدایە و ئەگەری سەرهەڵدانی دیاردەكەشی تێدا بەرزە زۆر پێویستە. ئەو چوارچێوە شیكاریە لەسەر سێ خاسیەتی سەرەكی بونیادنراوە: چركەساتی بڕیاردان، حاڵاتی سەرهەڵدان یان سەرهەڵنەدانی پەڕگیریی توندوتیژ، و كاریگەری رێكارەكانی پێشگرتن.

چركەساتی بڕیاردان: لەوكاتەی كە ئایدۆلۆژیای رادیكالیزم یان گوتاری رق بەربڵاون تێگەیشتن لەو چركەساتانەی بڕیاردان كە دەبنە هۆی توندوتیژی زۆر گرنگە.

سەرهەڵدان و سەرهەڵنەدان: لەو پڕۆژەیەدا سەرنجێكی تایبەت دەخەینە سەر حاڵاتی سەرهەڵنەدانی پەڕگیریی توندوتیژ لە ژینگەیەكی هاندەردا. دەشپرسین: بۆچی هەندێ كۆمەڵگا توانایەكی باشتریان هەیە لە بەرهەڵستیكردنی ئایدۆلۆژیای پەڕگیریی توندوتیژ؟ سەركردەی كۆمەڵگا لۆكاڵیەكان، بە سەركردە ئاینیەكانەوە، چی رۆڵێك لەو بارەیەوە دەبینن؟ زۆربەی جار تێگەیشتینی هۆكارەكانی سەرهەڵنەدانی توندوتیژی گرنگترە لە تێگەیشتنی هۆكارەكانی سەرهەڵدان بۆ ئەوەی رێكارەكانی بەرزكردنەوەی توانای بەرهەڵستی و پێشگرتن لە توندوتیژی دیزاین بكرێن.

رێكارەكانی پێشگرتن: لێرەدا گریمانەكەمان ئەوەیە كە دەستنیشانكردنی رێكارە گاریگەرەكانی پێشگرتن پێویستی بە باشتر تێگەیشتنی بزوێنەرە جیاوازەكانی پرۆسەی پەڕگیریی توندوتیژ هەیە، لەگەڵ تێگەیشتن ئایا بۆچی دیاردەكە لە هەندێ ناوچەدا هەتا ئاستی توندوتیژی گەشە دەستێنێ  و لە هەندێكی دیكەدا گەشە ناستێنێ.

٣) پێكەوە بەستنەوەی دینامیەتە لۆكالی و جیهانیەكان:

زۆربەی ئەو شێوازە پەڕگیرییە توندوتیژەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریكا و ناوچەی بەڵكان رووبەڕوویان دەبینەوە لۆكاڵین بەڵام خاوەنی پەیوەندی جیهانین. پێویستە پەیوەندی لۆكاڵی و جیهانی لەیەكتر جیا بكەینەوە چونە هەندێ گروپ بە ئەنقەست و بە مەبەست و بە ستراتیژ هەوڵدەدەن ببنە خاوەن براندێكی چالاك لە تۆڕی ئایدیۆلۆژیای پەڕگیریی جیهانیدا (بۆ نموونە ئەلقاعیدە و داعش). دیارە بەكارهێنانی ئەو جۆرە ستراتیژە بۆ براندەكانیان بۆ ئەوەیە كە رێكخراوەكانیان زیاد لە قەوارەی خۆیان بە تواناتر و كاریگەرتر و نێودەڵەتیتر ببینرێن.

٤) تێگەیشتن لە دەسەڵاتە ركابەرەكان:

دیارە كە خەڵكانێكی زۆر لە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریكا و ناوچەی بەڵكان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناسك و لەرزۆكدا دەژین، كە حكومەتەكانیان توانای یان ئیرادەی خزمەتكردن و پاراستنی هاوڵاتیانیان نیە. هەندێك لەو خەڵكانە وەك گەندەڵ و ناكاریگەر سەیری دەوڵەتەكەیان دەكەن، لەجیاتی ئەوەی وەك خزمەتگوزار و كاریگەر بیبینن.  ئەوەش دەبێتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی دەوڵەت كە لە لایەن سەركردە توندڕەوەكانەوە بە ئایدیۆلۆژیای پەڕگیریی وەك ئامراز بەكار دەهێندرێن.

٥) بەرزكردنەوەی ئاستی كاریگەریی رێكارەكانی پێشگرتن:

لەو كاتەی كە لە پڕۆژەی PREVEX دا بە رێكاری خواربەرەو سەر برەوێكی گەورە بە توێژینەوەی بواری پەڕگیریی توندوتیژ و ستراتیژەكانی پێشگرتن دەدرێت، پێشنیازەكانی پۆڵەسی كە لێوەی بەرهەم دێن دەبنە هۆی تێگەیشتنێكی باشتر لە چۆنێتی پێشگریكردن لە پەڕگیریی توندوتیژ، هەروەها چۆن تواناكانی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتە هاوبەشەكانی لەو بوارەدا باشتر بكرێن.

ئینستیتیوتی مێری  یەكێكە لە پازدە دامەزراوە و سەنتەری توێژینەوەی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە تەمووحە، كە پاڵپشتی داراییان لە چوارچێوەی بەرنامەی Horizon 2020 Horizon 2020 Research and Innovation Programme  لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بۆ دابنیكراوە (رێكەوتننامەی ژمارە 870724). وەك توێژەری سەرەكی رێكخەر لەو پڕۆژەیەدا، ئەو دەرفەتە بەكار دێنم بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئینستیتیوتی مێری دەرببڕم بۆ ئەو شەراكەتە و ئەو كارە چاكانەی كە توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری ئەنجامیان داوە، نەك تەنیا بۆ پڕۆژەی PREVEX  بەڵكو بۆ چەندین پڕۆژەی دیكەی كە لە پێنج ساڵی رابوردوودا هەردوو ئینستیتیوتی مێری و نوپی بەیەكەوە ئەنجامیان داوە.

ڕێكخراوەكانی ئەندام لە پڕۆژەی PREVEX

Norwegian Institute of International Affairs

University of Copenhagen (Denmark)

University of Leipzig (Germany)

St’Ana School of Advanced Studies (Italy)

European University Institute (Italy)

Centre for International Research (France)

Centre for European Policy Studies (Belgium)

Centre for Advanced Studies (Bulgaria)

Belgrade Centre for Security Studies (Serbia)

Atlantic Initiative (Bosnia and Hercegovina(

Group of Legal and Political Studies (Kosovo)

Institute for Democracy and Mediation (Albania)

al-Akhawayn University (Morocco)

Alliance for Rebuilding Governance in Africa (Senegal)

The Middle East Research Institute (Iraq).

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی سەرنجی سیاسی بە شێوەی PDF.

Comments are closed.