سیستەمی سیاسی عێراق: چارەسەری لاوازیە پێکهاتەیی و كاراییەكانی
پوختەی راپۆرت و ڤیدیۆی پانێل
- عەدنان ئەلزورفی، سەرۆكی بزوتنەوەی وەفای عێراقی
- محەمەد سالم ئەلغەببان، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح
- جەعفەر ئێمنكی، سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان
- زەینەب رەبیع، میدیاكار و پێشكەشكار (سەرپەرشت)
ئەو پانێلەی دیداری مێری 2022 پەیوست بوو بە لاوازیەكانی دەوڵەتی ئێستای عێراق و چۆنیەتی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی، بە گرنگیدان بە دەستنیشانکردنی بۆشاییەکان و پێشنیارکردنی چارەسەری سیاسەتی پراکتیکی. ڕۆژنامەنووس زەینەب ڕەبیعی، سەرپەرشتیاری پانێل، چوارچێوە گفتوگۆکانی لەم دانیشتنەدا خستەڕوو داوای دیدگای هەر یەك لە پانلێلیستەكان كرد، كە لێرەدا پوختەی پەیامەكانیان پێشکەش كراون (کرتە لێرە بکە بۆ ڤیدیۆی پانێلەكە بە تەواوی).
عەدنان ئەلزورفی، سەرۆکی بزووتنەوەی وەفای عێراق ڕایگەیاند كە سیستمی سیاسی ئێستا لەسەر وێرانەکانی سیستەمی سیاسی پێشوو هات، دوای ئەوەی داڕما، بەبێ ئەوەی قۆناخێكی گواستنەوەی سیستماتیک بۆ دامەزراوەكانی دەسەڵات هەبووبێت. داڕێژتنەوەی دامەزراوەکان بۆ چەسپاندنی پایەکانی سیستەمی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا دەیان ساڵ دەخایەنێت. بەڵام هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ئیمڕۆی عێراق ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەن کە پێشتر لەژێر دەسەلاتێكی سەرکوتکەر بوون. گومانی تێدا نییە کە زۆرجار سیمای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕژێمی دەسەڵاتداری پێشوو دەچن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێزە سیاسییەکانی عێراق لە قۆناغەکانی چالاکییەکانیاندا لە دژی دەسەڵات خەباتی چەکدارییان ئەنجامداوە و خۆیان بە هەمان ئەو شێوازە توندوتیژیە لە قالبداوە، کە دەسەڵاتی پێشوو بەرامبەریان بەڕێوەی دەبرد. بۆیە کاتێک ڕژێمی بەعس لە عێراق رووخا و ئۆپۆزسیۆنی عێراق وەک هێزێكی چەکداری هات و نەک دەسەڵاتێکی سیاسی، ئابووری، دارایی یان دەسەڵاتێکی دیکە کە بتوانێت بە خێرایی سیستەمی دەوڵەتداری دابین بکات. بەوەش عێراق کەوتە چەندین کێشەوە.
ئەلزورفی پێیوابوو كە یەکەم لەنێو ئەو گرفتانە ئەوەیە کە دەسەڵاتی حوکمڕان لەسەر بنەمای چەندین سیستمی جیاواز و جیاواز دامەزرا و ئەو یاسایانەی کە ڕژێم بەجێی هێشتبوون، بە پێی دیدگا و فەلسەفەیەک بنیات نراون کە زیاتر لە سی و پێنج ساڵی خایاند و دەوڵەت لەسەریان دامەزرا. پاشان ڕژێمی سیاسی نوێ هات و ڕووبەڕووی شۆکی تیرۆر بووەوە کە سەرتاپای وڵاتی گرتەوە، بۆیە نەیتوانی دیدگای جیاواز لە دیدگاکانی ڕژێمی پێشوو دابڕێژێت، هەروەها یاسای جیاواز لە یاساکانی ڕژێمی پێشوو لەخۆ بگرێ، مەگەر لە ساڵانی دواییدا نەبێ. بۆ نموونە; یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی گرنگترین یاسا داراییەکانی وڵاتە، كە هەتا ماوەیەک لەمەوبەر لە ساڵی ٢٠٢١ هەموار نەکرایەوە. لە دوای ساڵی ٢٠١٩ دەوڵەت دەستی کرد بە دیاریکردنی ڕێڕەوی کەرتە جیاوازەکان. بۆیە قۆناغی داهاتوو قۆناغی بنیاتنانی بناغە و پایەکانی دەوڵەتە .
محەممەد سالم ئەلغەبان، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەلفەتح ناتەواوی دەوڵەت و ناهاوسەنگی لە بنیاتنانی دەوڵەت و ناسکییەکەی ، ڕایگەیاند، بۆ هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی گەڕاندەوە. یەکێک لەو هۆکارانە نەبوونی دیدگای دەوڵەتسازییە لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە، کە لە بری بنیاتنانی دەوڵەت، دەرفەتی بنیاتنانی دەسەڵاتیان قۆستەوە. ئێستا هیچ دیدێکی ڕاستەقینە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت لە ئارادا نییە. هەروەها دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان بووە هۆی ئەوەی ململانێکان لەسەر دەستكەوت (غەنیمە) و دەسەڵات بێت نەک سەرنجدانە بنیاتنانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و وریایی ئەدای حکومەت. گومانی تێدا نییە کە ناتوانین ئەو فاکتەر و هۆکارە دەرەکیانەش پشتگوێ بخەین کە بوونە هۆی لاوازی و ناسکی ئەم دەوڵەتە. شێوازی ڕووخاندنی ڕژێم و بنیاتنانی پڕۆسەی سیاسی، بەجۆرێك كە ڕزگارکەر بووە داگیرکەر، یەکێکە لەو هۆکارانە.
ئەلغەبان دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا پڕۆژەیەکی هێنایە ئاراوە، لەژێر دروشمی ڕزگارکردنی عێراق. بەڵێ عێراقییەکان تامەزرۆی گۆڕانکاریی ڕژێم بوون، بەڵام ئەمریکا بێت و دواتر ببێتە داگیرکەرێک کە گەلی عێراق بەكاردێنێ، ئیتر بەمجۆرە عێراق دەکاتە ئیسفەنجێك بۆ ڕاکێشانی تیرۆریستان. لێرەوەیە شێوازی دامەزراندنی کۆتا بۆ پێكهاتەكان بەبێ ئەوەی هاوسەنگی تێدا هەبێت. بەڵکو ئێستا دابەشبوونێک لە کۆمەڵگادا هەیە، کە لەوانەیە لە ئێستادا زیاتر لە نێوان هێزە سیاسییەکان بێت. کەواتە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت نەتوانێت بەرەو ئاراستەی كاملبووندا هەنگاو بنێت. دەوڵەت سەرەتا پێویستی بە هەنگاونان هەیە بە ئاراستەیەکی دروست سەبارەت بە بابەتی گوتارەکە، بۆ ئەوەی گوتار گوتاری دەوڵەت بێت.
ئەلغەبان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێت، چونکە كەموكوڕی تێدایە. پرسی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بۆ پاراستنی مافەکانیان بوو، بەڵام لە ڕووی داب و نەریتی سیاسییەوە، ئەم هاوسەنگییەی پێکهاتەکان گۆڕا بۆ پشک و دەستكەوتی سیاسی، و گۆڕا بۆ كلایەنتیزم بەسەر دەوڵەتدا. پێویستە ئەمە کۆتایی پێبێت. دەسەڵاتی دیكە هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، كە ئەوەیدواییان دەبێ توندوتیژی قۆرخ بکات و چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوەبێ. ئەم شتانە وەک بەربەستێک لەبەردەم بنیاتنانی دەوڵەتدا وەستاون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، دامودەزگاکان ڕووخان و هەڵوەشانەوە، هیچ دیدگایەک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نەبوو، تەنانەت لە نێو ئەو ئەکتەرە نێودەوڵەتی و ناوچەییانەی کە بەشدارییان لە ڕووخانی ئەم دەسەڵاتەدا هەبوو. هەر بۆیە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی پیشەیی لەسەر بنەمای هەبوونی عەقیدەی سەربازی و ئەمنی بونیاد نەنرانەوە بۆ ئەوەی بزاندرێ کێ دوژمنە و کێ دۆستە؟ كەموكوڕیەكی گەورە لە شێوازی ڕاهێنانی ئەفسەرەکان لە سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکاندا هەیە. گوتاری چاکسازی دەبێت لەسەر بنەمای دەوڵەت بێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتی هەست بکات دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، بۆ هەمووانە و بەمجۆرە ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستداین.
جەعفەر ئەمینیکی، سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وابوو كە هەنگاوی سەرەکی کە نوخبە سیاسییەکانی عێراق تێیدا سەرکەوتوو بوون، ڕێککەوتن بوو لەسەر دەستوور و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەری. لە ڕوانگەی ئەوەوە پرۆسەکە لە ڕووی تیۆریەوە سەرکەوتوو بوو، بەڵام نوخبە لە جێبەجێکردنی پراکتیکی دەستووردا شکستی هێنا. هێزە سیاسییەکانی عێراق لە ئۆپۆزسیۆندا لەسەر دیدگاکان سەبارەت بە بنیاتنانی دەوڵەت جارێکی دیکە ڕێکنەکەوتن. بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ لە گرتنەبەری سیستەمێکی سیاسی نوێوە دەست پێدەکات، بەڵام ئێستا سیستەمێکی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای دامەزراوە سەروەرییەکان نییە. بناغەی دامەزراوەكان ناسکن، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی و ناسکی دەوڵەت. هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناو پرۆسەی سیاسی لەسەر حیسابی پرۆسەی دیموکراسی لەگەڵ یەکتردا کارلێک دەکەن. دەستوور تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی دیموکراسی. بڕیارە پڕۆسەی سیاسی پشتیوانی پرۆسەی دیموکراسی بکات، نەک جێگرەوەی بێت. هەر بۆیە دەوڵەت بەدەست کێشەی فرە جوگەییەوە دەناڵێنێت و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بەهێزتر بووە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، لەوانەش دامەزراوەی ئەمنی. بەڵگەش ئەوەیە، کاتێک بەر داعش کەوتین، نەمانتوانی بەرگری لە خۆمان بکەین؟ بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە لایەن زیاتر لە ٦٤ وڵاتەوە پاڵپشتیمان وەرگرتووە. ئێمە سەرکەوتوو نەبووین، چ لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوە. بنیاتنانی دەوڵەت پرسێکی تەکنیکی و میتۆدۆلۆژی ڕوونە.
سەبارەت بە نیشتیمانسازی، ئێمە لە عێراق کێشەی نیشتمانی و نەتەوەییمان نییە. یەکێک لە ئێمە شانازی بە نەتەوەی کوردی خۆیەوە دەکات، یەکێکی تر شانازی بە ئەنبارەوە دەکات، یەکێکی تریش شانازی بە بەسرە دەکات. بەڵکو کێشەکە لە سیستەمی سیاسیدایە و بڕیارە ڕێککەوتنەکان لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە سیاسییە و لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا جێگیر بکرێن. سیستەمی هەڵبژاردنمان بنیات ناوە، بەڵام لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا بیر لە دەستکاریکردنی ئەم سیستەمە دەکەینەوە بەپێی بەرژەوەندی هێزە سیاسییەکان. وە سیستەمەکە هەر جارێک خراپتر دەبێت. بۆچی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی جێگیر، بەبێ گۆڕانکاری، ڕێکناکەوین. مامەڵەکانی ئێستامان لەگەڵ دەستوور تا ڕادەیەکی میزاجی بە بژاردەییە. لە دەستووردا پەنجا و پێنج ماددە هەیە کە پێویستی بە یاسا داڕێژتنهەیە بۆ ئەوەی سیستەم یەکبخرێت. یەکگرتنی یاسایی لە عێراقدا بوونی نییە. یەکگرتنی جوگرافی بوونی نییە. عێراق تاکە وڵاتە کە ناوچە جێناکۆکی تێدایە بەبێ ئەوەی چارەسەر بکرێن. مۆدێلێکی لەو جۆرە لە هەموو جیهاندا نییە. تاوانی ئەم هاوڵاتیە چییە کە لەو ناوچانە دەژی؟ دەستوور لە ڕێگەی دەرکردنی یاساوە بڕیاری لەسەر دەدات و لە دەستی ئێمەدایە و لە دەستی کەسی تردا نییە.
عەدنان ئەلزورفی ئاماژەی بەوەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشێکی ئەرێنی بۆ هێزە سیاسییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دروستکرد بۆ ئەوەی دەستورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە دروست بکەن یان بنیات بنێن. هەموو لایەنە سیاسییەکان لەو پرۆسەیەدا بەشدار بوون و دەستوور بنیادنرا و لەسەر زاراوەكانی وەک پێکهاتەکان و فیدراڵیزم ڕێککەوتن کە ئێستا دانوستانیان لەسەر دەکەن. وە دواتر سیستەمی سیاسی دەستی کرد بە بنیاتنانی خۆی. بەرژەوەندی و ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر کاریگەریی لەسەر واقیعی سیاسی عێراق داناوە و هێزە سیاسییەکانی شەرمەزار کردووە و سیستمی سیاسی نوێی خستۆتە بەردەم تەحەددیاتی دەرەوەی توانای خۆی. بە واتایەکی تر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی ململانێیەکی ناوخۆیی و ناوچەییەوە عێراقی بەجێهێشت. وە ئەو تەحەدایە سیاسییە گەورانەی کە ڕووبەڕووی سیستەمی سیاسی بوونەوە هەوڵیان دا ئەم ئەزموونە بخەنە خوارەوە. ئەوەی ئێستا لە عێراق ڕوودەدات لە ڕووی تەحەدا و بارودۆخەوە بۆ هیچ وڵاتێکی جیهان نامۆ نییە.
- عێراق بە شێوازێکی سیاسی باش دەجوڵێت، پێویستی بە پاڵپشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی هەیە، هەوڵی دەستکەوتی زیاتریش دەدات. دەکرێت سوود لە ئێران و سعودیە و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان لێکردوە، وەک یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەم شێوەیە دەتوانین دەوڵەت بونیاد بنێین.
- لە عێراقی ئەمڕۆدا سەروەری و سیستەم و ئاسایش و فڕۆکەخانە و زانکۆ و قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵاتدا هەیە. کەرتی تایبەت و پیشەسازییەکان دەستیان بە گەشەکردن کردووە. سیستەمی سیاسی کێشەیەکی گەورەی هەیە، کە لە بەڕێوەبردنی سیستەمی دارایی و ئابووری و بانکی بە تایبەتی پشتی بە پسپۆڕانی بیانی نەبەستووە. پشتی بە فەرمانبەرە ناوخۆییەکان بەستووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی قوتابخانەی ڕژێمی پێشوون، ئەو قوتابخانە سۆسیالیستییەی کە بە پلەی یەکەم لەسەر پاراستنی سامانی دەوڵەت و کارپێنەکردنی سامانی دەوڵەت دامەزراوە بۆ ئەوەی سامان لەگەڵ خۆیان بهێنن. بۆیە سیستەمی سیاسی بەخێرایی پەرەسەندنی وەستا.
محەمەد سالم ئەلغەببان تێبینی لەسەر قسە گەشبینانەكەی عەدنان ئەلزورفی کرد کە نیوەی پڕەكەی پەرداغەكە دەبینێت، جەختیشی لە کارکردن لەسەر نیوە بەتاڵەکە کردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا بۆ خاتری چاوی عێراقیەكان نەهاتووە. عێراقی گۆڕی، پرۆژەیەکی هێنایە ئاراوە و ناوی لێنا پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، كە لە عێراقەوە دەستی پێکرد، هەروەک کۆندۆلیزا ڕایس عێراقی وەک تونێلێک بۆ گەیشتن بە پرۆژەکە وەسفكرد. ئەم پرۆژەیە لە عێراق شکستی هێناوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی گەلی عێراق و مەرجەعیەت کە ڕێگری لێکرد. ئیمڕۆ عێراق ڕێبازێکی جیاوازی هەیە، تیرۆر و تایفەگەری و دابەشبوونی زیاتری هەیە، هەروەها پشك پشكێنەش. بۆ نموونە:
- ئەنجومەنی حوکمڕانی بە باڵای پێکهاتەکان دروستكر. نیگەرانی هەبوو، هەمووان دەیانویست نوێنەرایەتی تێدا بکەن و بەشداری لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیارداندا بکەن. گومانی تێدا نییە کە ئەمە شتێکی سروشتییە، بەڵام كرایە داب و نەریتی کۆتا و كلایەنتیزم داهێنرا، ئەمەش زیانی بە عێراق گەیاند. لەم سیستەمە سیاسییەدا كەموكوڕی و گرفتێک لە نەریتی سیاسیدا هەیە کە لە پراکتیکەکانی هێزە سیاسییەکان ڕوویدا. دەبێت چارەسەر بکرێت ودەبێ دەستێک بخەینە سەر برینەکە و ئەم بابەتانە بەجێ نەهێڵین.
- سەرکەوتنی سیستەمی سیاسی بە شەقام دەپێورێت. پێوەری ڕاستەقینە و دروست ئەوەیە کە تەنیا 20%ی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە. باسی چ سەرکەوتن و پشتیوانییەک بۆ ئەم سیستەمە سیاسیە دەکەین؟ لە سەردەمێکدا کە پارە هەیە یان بزووتنەوە و چالاکیی ئاوەدانکردنەوە لە هەندێک کەرتدا، هێشتا بێکاریەكی زۆر و ئازارێکی گەورەمان هەیە، ئەگینا ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بۆچی ڕوویاندا؟
- ناتوانین بڵێین عێراق سەروەری لەدەستداوە. بەڵێ، پێشێلکاری هەیە، لە هەندێک کاتدا بەرز دەبێتەوە و لە کاتەکانی دیکەدا کەم دەبێتەوە، بەپێی داتاکان، یان بارودۆخی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی، هەموو ئەمانە لە واقیعی عێراقدا ڕەنگ دەدەنەوە.
- دەبێت یەکڕیزی بیروڕا هەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزە سیاسییەکان، چونکە سیستمی عێراقی پەرلەمانی فرەییە، لەسەر بنەمای بەشداری هێزی سیاسی. ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە ڕوونەدات، عێراق شایەتحاڵی پێشێلکردنی هەمیشەیی سەروەری دەبێت.
جەعفەر ئەمینیکی دواتر گەشبینی خۆی دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستی دەستنیشانکردنی ناهاوسەنگی سیاسی کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دوو هەزار گەنج و ژنی عێراقی کوژران، چونکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بە هیوای گۆڕانکاری. ئەگەر برینەکانی ئێزیدی و مەسیحییەکان بکەینەوە، زۆر قووڵن. هەموو ژیانیان و خاکەکانیان لەدەستداوە. ئافرەت و كچە گەنجەکانیان.. هێشتا سێ هەزار ئافرەت و كچی گەنج لە دەستی داعشی تیرۆریستیدا ماون و نازانین چارەنووسیان چییە. چۆن دەتوانین ئەم واقیعە بگۆڕین و هاوڵاتی متمانە بە سیستمی سیاسی بکەین؟
- هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە عێراق، لە وڵاتی دراوسێمانەوە، لە ئێرانەوە لێی درا و ئێرانییەکان دانیان بەوەدا ناوە و کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکردن. تورکیا بە ئارەزووی خۆی لە سنوورەکانی ئێمە یاری دەکات، زیاتر لە بیست کیلۆمەتر سنوورەکانی بەزاندووە. کەواتە ئەمە باسی کام سەروەرییە؟ پێویستمان بە وڵاتێکی بەهێزە.
- سەبارەت بە عێراقیش زۆر لاوازە. بەغدا پێویستی بە هەولێرە، هەولێریش زۆر زیاتر پێویستی بە بەغدایە. وە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن. بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمی فیدراڵی عێراق تێکەڵە و کەس نازانێت چییە.
- باسی دەستەواژەی فیدراڵی و پێکهاتەکانی کرد، بەڵام پڕۆژەکەی تەواو نەکرد. پێویستە سیستەمی فیدراڵی تەواو بێت. ئەگەر سیستەمی فیدراڵی خواستراو نەبێت، پێویستە بەدوای سیستەمێکی تردا بگەڕێین و سیستەمی دیکەش زۆرن.
عەدنان ئەلزورفی دووپاتی کردەوە کە چەمکی سەروەری ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیای مۆدێرن و تەکنەلۆجیای زانیاری، هیچ بەهایەکی ڕاستەقینەی نییە. ئەمڕۆ ئەو چەمکانەی کە ئێمەی سیاسەتمەدار باسی لێوە دەکەین، بوونەتە بەردەست. هەموو جیهان بووەتە یەک تۆڕ کە هەر وڵاتێک بە ئاسانی دەتوانێت بچێتە ناو وڵاتێکی دیکەوە. لە ئێرانەوە، لە سوریاوە یان تورکیاوە.
- حکومەتی عێراق یان دەوڵەتی عێراق و سیستەمی سیاسی پێویستی بە وریایی هەیە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، و بە وردی لە بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تێبگات. بەڕێوەبردنی وریا لەسەر بنەمای ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ورد و ستراتیژییەکانی عێراق ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت یان ئاراستەکانی دەوڵەت بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەکات.
- عێراق بە فەرمی پێویستە گفتوگۆی جددی لەگەڵ ئێران و تورکیا بکاتەوە سەبارەت بە پرسی ئەمنی و ئاو، و عێراق تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایشیشدا هەنگاوی ناوە دژی ئێران سەبارەت بە ئاو. ئاو گرفتێکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەکات. ئێستا ئاسایشی باشووری عێراق بەهۆی ئاوەوە کەوتۆتە مەترسییەوە. ئاسایشی خۆراک و ژینگە هەموویان لە مەترسیدان. پێویستە حکومەت سیاسەت بۆ ئەمە دابنێت.