Back

دیداری مێری 2018: کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دیداری مێری 2018، پانیلی سێیەم: کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

  • مەلا بەختیار، بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
  • نەزمی گوڕ، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا
  • خالید عەزیزی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان
  • دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری (سەرپەرشتیار)

لە پێشەكیدا، دلاوەر عەلائەدین چوارچێوەی دیبەیتەكانی ئەو پانێلەی دیاریكرد بەوەی كە گەنگەشەی پێگەی کورد لە سیاسەت و ئاسایشی ناوچەکە دەكات و باس لە گرفتەکان و لاوازیەکانی لایەنی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەكات. هەروەها، بۆ باسكردنە لە دەرفەتەکانی کورد بۆ دەست خستنی مافە مەدەنی و سیاسیەکانیان و بوون یا نەبوونی دیدێکی هاوبەشی کوردی.  هاوكات، جەختی کردەوە کە قسەکەرکان وەکوو نوێنەری پارتێك یا وڵاتێك بانگهێشت نەکراون، بەڵکو وەکوو تاکێکی سەرکردەی سیاسی داوەت کراون بۆ پێشکەش کردنی دیدی کەسی خۆیان کە ئەنجامی تەمەنێك لە ئەزمونی سیاسیانە. بانگهێشت کراون بۆ باس کردنی ئەو وانانەی لە رابردوو فـێر بوون و پێشبینی رۆلی کورد بکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ.

مەلا بەختیار وتەکەی بەوە دەست پێ کرد کە کێشەی سەرەکی رۆژهەڵاتی ناڤین بەردەوامی بیروباوەڕ و سیستەمی دواکەوتووی کۆمەلایەتی و ئایدیۆلۆژیە. بە بڕوای ئەو، ڕەوشنگەری لە ئەوروپا  بووە ڕێخۆشکەری دیموکراسیەت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ڕۆشنگەری و ئەو چاکسازیە کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەلسەفی و ئیداریەی بە دوایدا دێن رووی نەدا، وە لە ئەنجامدا سیستەمی حوکم لە ناوچەکە، بە پاشایەتی و کۆماری و چەپ و هتد دژە دیموکراسی بوون. ئەم رژێمە دژە دیموکراتیانە هیچ دوودڵی لە بە کار هێنانی هێز ناكەن هەر کاتێك ڕا و بۆچوونیان دژایەتی کرا. “ئێمە تاوانمان نەکرد وتمان ریفراندۆم” کە چی هێزیان دژمان بە کار هێنا.

سەبارەت بە سیستەمی جیهانیەوە، بەختیار پێی وایە لە سیستەمی دوو جەمسەر و تاک جەمسەر کورد قوربانی رێککەوتنەکان، وەك رێککەوتنی جەزایر، بووە، لە کاتێکدا لەم جیهانە شێواوە کورد دەرفەتی دەست کەوتووە. ئەم دەرفەتانەش بە هۆی ناکۆکی زڵهێزەکان لە ناو خۆیان و لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان و ناکۆکی هێزە ناوچەییەکان بووە لەگەڵ یەکدی و زڵهێزەکان. بۆ نموونە ئەم ناکۆکیانە بوونەتە هۆی دروست بوونی کیانی سیاسی لە رۆژاڤا.  پتر لەمەش بەختیار باسی کێشە سەرەکیەکانی کورد و پارتە کوردیەکانی کرد و ئاماژەی کرد کە نەبوونی “هاورێی ڕاستەقینە” و نەبوونی دیدێکی ستراتیژی بۆ دارشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دوو کێشەی سەرەکی کوردن.

نەزمی گوڕ جەختی لە سەر بارودۆخی کورد لە دوو قۆناخدا کردەوە. لە سەد سالی پێش شەری  ڕووخانی سەدام و لە سالانی پاش ئەم شەرە و شەری ناوخۆی سوریا. لە قۆناخی یەکەم کوردەکان دابەش ببون بە سەر تورکیا و عیراق و ئێران و سوریا، وە لە لایەن ئەو دەوڵەتانە دەچەوسێنرانەوە و ئەگەر خەباتیان بکردایە بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرانەوە. بەڵام لە قۆناخی نوێدا کوردەکان سەرکەوتن لە بە دەستهێنانی كیانی فیدرالی لە عیراق و لە باشتركردنی بارودۆخیان لە سوریا. لە تورکیا و ئێران بارودۆخ جیاوازە و رژێمە سەنترالیەکانی ئەم دوو وڵاتە دژی داخوازیەکانی کوردن. بەڵام خەبات بەردەوامە و گوڕ گەشبینە بە داهاتووی کورد لەم ولاتانە.  هەروەها بڕوای وایە كە بۆ چارەسەركردنی کێشەی پەرتەوازەیی کورد پێویستە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی رێك بخرێت بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەلبژێردرێن، ئەگینا ئەو چوار وڵاتەی کوردیان بەسەر دابەش بووە بەردەوام دەبن لە داپڵۆسینیان بۆ ڕێگرتن لە بە دیهاتنی خواستەکانیان.

خالید عەزیزی لە روانگەی کوردێكی ئێرانیەوە سەیری بابەتەکەی کرد، و گوتی کە خۆی هەموو کاتێك جەختی لە سەر دیالۆگ لەگەڵ تاران کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. “داواکاری دیالۆگی من ٤٠ شەو پێشتر بە مووشەك وەڵام درایەوە” وەکوو ئاماژەیەك کە تاران بڕوای بە دیالۆگ نیە و پشت بە توانای سەربازی خۆی دەبەستێت.

عەزیزی بڕواشی بەوە نیە کە دیموکراسی بتوانێت کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناڤین چارەسەر بکات، چوونکە دیموکراسی بە دامەزراوەیی نەکراوە لەم ناوچەیە. ئەو بڕوای وایە کە رێككەوتنی سیاسی باشتر لە دیموکراسی یارمەتیدەری کورد دەبێت و کورد پێویستە بە دوای هاوبەش بگرێت لە ناوچەکە. لە ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی عەزیزی رەشبینە بەرامبەربە هەلوێست و کراوەیی رژێمی نوێ بەرامبەر کورد، بەڵام هیوادارە سیستەمی فیدرالی لە عیراق سەرکەوتوو بێت و ببێت بە مۆدیلێك بۆ ئەوەی لە وولاتانەی کوردی تیا دابەش بووە بە کار بهێنرێت.

Comments are closed.