Back

گروپی پەرلەمانی بەریتانی بە نوێنەرایەتی گشت حیزبە بەریتانیەکان سەردانی ئینستیتیوتی مێری دەکەن

“حەز دەکەین تێبگەین لەو پلانانەی کە ئێستا لە ئارادایە بۆ سیستەمی دەسەڵات تایبەت بە قۆناغی پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە نەینەوا، هەروەها ئایا سیستەمێک کە لەسەر بناغەیەکی فرە سیاسی دانراوبێت سوودمەنترە بۆ ناوچەکە یاخود جۆری حوکمی لامەرکەزی وەک پیشنیاردەکرێت لە لایەن ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ توێژینەوە؟”، ئەمە ووتەی بەرێز جاک لۆبرستی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانی و سەرۆکی شاندی گروپی پەرلەمانی بە نوێنەرایەتی گشت حیزبە بەریتانیەکان تایبەت بە کوردستان بوو لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئینستیتیوتی مێری لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی تشرینی دووەم ٢٠١٦.

شاندەکەی بەریتانیا هەر یەک لەم ئەندام پەرلەمانانە پێک هاتبوو: بەرێز هۆن دەیم رۆسی ونترتۆن و بەرێز گراهام جۆنس و بەرێز ترەیسی باربن. هەروەها بەرێز جۆناثان فۆرمان (ڕۆژنامەنووس) و گاری کەنت (بەرێوەبەری گروپی پەرلەمانتارەکان) ئامادەبوون.

توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری دێڤ ڤان زوونەن و دیلەن ئۆدریسکۆل بیروبۆچوونی خۆیان دەربری سەبارەت بە گرنگی پەیڕەوکردنی دیدێکی سیاسی یەکگرتوو لە نێوان لایەنەکانی پەیوەندیدار سەبارەت بە ئایندەی شێوازی دەسەڵات لە نەینەوا. بە بۆچوونی توێژەرەکان ئەم دۆخە زۆر گرنگ و ئەولەویەتە و ناکرێت دوابخرێت تاکو پاش ڕزگارکردنی موسل. جێگای باسە توێژەران ڤان زوونەن و ئۆدریسکۆل لەم دواییەدا چەند دیراسەتێکیان ئەنجامدا سەبارەت بە ئایندەی نەینەوا و پرۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان پێکهاتەکانی ئێتنی وئاینیدا.

باشترین نموونەی حوکمرانی بۆ دەشتی نەینەوا پاش قۆناغی داعش بە بۆچوونی توێژەرانی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ توێژینەوە بریتیە لە درووستکردنی هەرێمی نەینەوا کە پێکبێت لە شاری جۆراوجۆر و لامەرکەزیەت بێت و دەسەڵات ببێت بە ڕێگایەک بۆ زامنکردنی مافی گشت کەمینەکانی کە لە ناوچەکەدا دەژین.

هەروەها هەردوو لایەنەکان جەختیانکردەوە لەسەر ڕۆڵی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپی لە شەری دژی داعش و دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بەشداریکردنی سەرکردە لۆکاڵەکان لە پرۆسکە بە شێوەیەکی بنیاتنەر.

Comments are closed.