Back

دابینكردنی مافی پێكهاتەی رۆماكان و ئاوێتەكردنیان لە عێراقدا

سەرباری ستەم لێكراوی و بەردەوام ئاوارەبوونی قەرەجەكان (كۆمەڵگای رۆما)ی عێراق لە ساڵی 2003 بەدواوە، كەچی زانیاریەكی كەم سەبارەت بەو كۆمەڵگایە لەبەردەستدایە بە بەراورد لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە. ئەوەش دەرهاویشتەی دەیان ساڵی جیاكاری سیستەمیانە و پشتگوێخستنە لە ئاستی حكومەت و كۆمەڵانی خەڵكەوە، كە بوونەتە هۆی وەلا نان و بێبەشكردنێكی تێكدەرانەی باری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریانەوە. شانبەشانی هەژاریی بەربڵاو، زۆرجار كۆمەڵگای رۆما لە عێراق بێبەش دەكرێن لە ئاستی خزمەتگوزاری پێویست، وەك ئاوی خاوێن و كارەبا و پەروەردە و تەندروستی. ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵگای رۆما لە كۆمەڵگاكانی دیكە لاوازتر بن و بەكەم سەیر بكرێن و دووچاری مەترسی ببنەوە.

ئەو راپۆرتە پۆڵەسیە دیراسەتی بار و دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری كۆمەڵگای رۆمای عێراق دەكات و نیشانی دەدات كە دەیان ساڵی (وەیان چەندین سەدەی) جیاكاری و پشتگوێخستن و بەكەمزانین بوونەتە هۆی ئەو هەژاریە قوڕسەی كە كۆمەڵگاكە دووچاری بووەتەوە. ئەو راپۆرتە پێشنیاز دەكات كە هەردوو حكومەتی فیدرالی و هەرێمی كوردستانی عێراق چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵگای رۆما بكەنە پێشینە، وە هۆشداری دەدات كە پێویستە پۆڵەسی و ستراتیژەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دوورمەودا بن و بە راوێژكردن و رەچاوكردنی بارودۆخ ئەنجام بدرێن.

پێشنیازە سەرەكیەكان:

پەروەردە

  • هەردوو حكومەتی فیدرال و هەرێمی كوردستان كار بەیەكەوە بكەن بۆ لابردنی بەربەستەكانی بەردەم پەروەردەی منداڵانی كۆمەڵگای رۆما، ئەویش بە بەردەستكردنی قوتابخانەی سەرەتایی بۆ منداڵانی رۆما و پەیداكردنی هاتوچۆی بێبەرامبەر بۆ نزیكترین قوتابخانەی ئامادەیی.
  • بە دانپێدانان بە ئاستی هەژاریە رادەبەدەرەكەی خێزانانی رۆما، كە هۆكارێكە بۆ ئەوەی منداڵەكانیان لە قوتابخانە بێنە دەرەوە و بۆ دەرۆزەكردن بەكاریان بێنن، پێویستە هاوكاری دارایی پێشكەش بە خێزانەكان بكرێت تاوەكو منداڵەكانیان بنێردرێنە قوتابخانە و هانی ئامادەبوونیان بدرێت.
  • گرانتی زانكۆ پێشكەش بە قوتابیانی كۆمەڵگای رۆما بكرێ، بە تایبەتی ئەوانەی كە دەیانەوێ بچنە سێكتەری تەندروستی و پەروەردە، هەتا بتوانن دوای دەرچوونیان لە گەشەپێدانی كۆمەڵگاكەیان بەشدار بن.

تەندروستی

  • دابینكردنی ئاوی پاك و كلینیكی تەندروستی بۆ سەرجەم كۆمەڵگاكانی رۆما بكرێتە كارێكی پێشینە. لەو شوێنانەی كە كۆمەڵگاكان بچووكن، دەكرێ كلینیكی جولاو دابین بكرێ.

خانو و بەرە

  • بەپێی توانا، خانووی كۆمەڵگاكانی رۆما لەو شوێنانەی داگیریان كردووە بەشێوازێكی یاسایی و لەسەر بنەمای سەلامەتی رێكبخرێتەوە.
  • پێویستە دەربەدەركردنی هەڕەمەكی رۆماكان رابگیردرێ. پێویستە ئەوانەی كە خێزان وەیان كۆمەڵانی رۆماكان بە هەڕەمەكی دەردەكەن بدرێنە دادگا و بەپێی یاسا و بەبێ جیاكاری و بەبێ رەچاوكردنی پۆست و پێگەیان سزا بدرێن.
  • بەپێی توانا، خزمەتگوزاری ئاوی پاك و كارەبا و خانوبەرەی سەلامەت بۆ ژیانی كۆمەڵانی رۆما دابین بكرێت. پێویستە خانوبەرەكان پێداویستی پاك وخاوێنی، بەتایبەتی توالێتی گونجاویان، تێدابێ.

كار و پیشە

  • پێویستە دەرفەتی فێربوون و نەهێشتنی نەخوێندەواری بدرێتە گەورەكان لە نێو كۆمەڵگای رۆما و خێزانەكانیان.
  • پێویستە راهێنانی پیشەیی پێشكەش بە كۆمەڵگای رۆما بكرێت. پێویستە ئەو راهێنانانە بە دروستی لەسەر بنەمای راوێژكردن لەگەڵ كۆمەڵگاكە و دیراسەتكردنی بازاڕی كاری ناوچەكە ئەنجام بدرێت تاوەكو هونەر و ئەزموونەكان بۆ بازاڕ گونجاو بن. بەوەش كۆمەڵگای رۆما خۆیان پێشڕەوێتی لە هەڵبژاردنی رێگاكانی مسۆگەركردنی داهات بكەن.

سیاسی و كۆمەڵایەتی

  • پێویستە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە پەلە هەڵسەنگاندنێكی گشتگیر بكەن بۆ كۆمەڵگای رۆما لەسەرتاپای وڵاتەكە. ئەوەش بە راوێژکردن لەگەڵیان، هەتا رۆماكان بتوانن لەچوارچێوەیەكی بابەتیانەدا بەشداری تێدا بكەن.
  • پێویستە وەك كارێكی پێشینە ناسنامە بۆ رۆماكان دروستبكرێت بەجۆرێك كە هیچ جۆرە ئاماژەیەك بە رەگەز نەكات و ووشەی هەڵاوێردنی تێدا نەبێ.
  • پێویستە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان هانی كۆمەڵگای رۆما بدەن كە نوێنەریان لە ئاستی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمان هەبێ، ئەویش بە تەرخانكردنی چەند كۆتایەك لە پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی دیكە.

درێژەی راپۆرت بە ئینگلیزی.

Comments are closed.