Back

ململانێی ئێران و ئەمەریكا و سیناریۆكانی ئایندە

کرتە بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە شێوەی PDF

هاڕۆڵد ویلسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای پێشووتر، گوتوویەتی: “هەفتەیەك كاتێكی درێژە لە سیاسەت”. بەڵام لە سیاسەتی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەفتەیەك كاتێكی زۆر درێژتریشە، هەروەك هەفتەی رابوردوو. لە ئێستادا كۆمەڵیك بزوێنەر لە ناوچەكەماندا هەن كە لەوانەیە رووداو و قەیرانی وەرچەرخێن لە ساڵی (٢٠٢٠) بێننە كایەوە. بۆ پێشبینیكردن، دەكرێ چاو ببڕینە سێ پایتەختی پەیوەندیدار، بەغدا و تاران و واشینتۆن، كە بیركردنەوە و باری دەروونی بڕیاردەران لە هەرسێكیاندا گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا هاتووە.

عێراق

لە ئیمڕۆوە تا كاتێكی نادیار، ململانێی نێوان خۆپیشاندەران و دەسەڵات لە بەغدا و شارەكانی دیكە بەردەوام دەبێ. دروستكردنەوەی حكومەت پڕ كێشە دەبێ. لە ئێستادا نیەتەكە ئەوەیە كە حكومەتی عادل عبدالمهدی هەتا كاتی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی دواتر بەردەوام بێ، واتە تەواوی ساڵەكە هەر خۆی سەرۆكوەزیران بێ، بە هەمان تیم وەیان كابینەیەكی جیاوازەوە. هەرچەندا ئەوە لە شەقامی عێراقدا قبوڵكراو نابێ بەڵام دەسەڵاتی شیعە زۆر گوێی نەداوەتە رای شەقام بە تایبەتی ئەگەر موقتەدا سەدر و مەرجەعیەتی نەجەف رازی بن وەیان بێدەنگ بن. لە درەنگانی ئیمساڵیشدا هەڵبژاردنێكی وەرچەرخێنەر بە میكانیزمی نوێوە  دەبێ ئەنجام بدرێ و رەنگە گۆڕانكاری گەورە بەدوای خۆیدا بێنێ.

ساڵی (٢٠٢٠) ململانێی ئێران و ئەمەریكا لە گۆرەپانی عێراقدا بەردەوام دەبێ و بە هۆیەوە ئێران بە شێوازێكی راستەوخۆتر هەژموونی بەسەر بڕیاری عێراقی دادەسەپێنێ. لە ئەنجامی ئەو ململانێیە و كێشە ناوخۆییەكان، دەوڵەتی عێراقی لە لاوازبوون بەردەوام دەبێ، تەنیا ئەوەیە شكست ناهێنێ. عێراق لەوە تێپەڕیوە كە جارێ بە ئیرادەی خۆی هەڵسێتەوە، وە تاكە فاكتەرێكی كە عێراقی وەك دەوڵەتێك لە تەپین و شكستخواردن پاراستووە بریتیە لە پاڵپشتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی – بە تایبەتی ئێران و ئەمەریكا. ئەگینا عێراق لە ٢٠١٤ خەریك بوو بتەپێ، وە ئێستاش ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستی لێ هەڵگرێ شكست دێنێ.

ئەمەریكا

دۆناڵد ترەمپی ئیمساڵ زۆر جیاوازە لە هی پارساڵ وەیان هی ئەوكاتەی هاتە سەر حوكم. ئێستا متمانەی زیاتر بەخۆی و لەشكرەكەیەتی و ئامادەی شەڕیشە. توانای تەحەمولكردنی رەفتارەكانی ئێران و هێزە هاوپەیمانە عێراقیەكانی دابەزیوە. تادێ فشارەكان و ئابلۆقەكان لەسەر ئێران زیاتر و توندتر دەكات. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە كە ترەمپ شەڕخوازە. بە پێچەوانەوە، هێشتا وەك بیزنیسمانێكی تەموح بیر دەكاتەوە و مەبەستیەتی ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ. دەزانێ جەنگ براوەی تێدا نابێ و رەنگە بەهۆیەوە تێرمی دووەمی سەرۆكایەتیشی لەدەست بدات. خۆ ئەگەر چارەسەریشی نەما ئەوا پێی باشترە جەنگ لەو چەند هەفتەیەی ئایندە (هەتا كۆتایی مانگی ئادار) رووبدات چونكە دواتر دەكەوێتە ناو جەرگەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەوكاتدا جەنگ لەبەرژەوەندی ئەودا نابێت.

ئێران

دەمێكە ئێران پەیڕەوی ستراتیژێكی گشتگیر و درێژمەودای لەخۆ گرتووە و هەنگاو بە هەنگاو دەیباتە پێشەوە. لەو نێوەشدا هەر قەیرانێكی كە لە عێراقدا سەری هەڵداوە، ئێران وەك دەرفەتێك قۆستویەتەوە و بازی گەورەتری بە جێبەجێكردنی ستاتیژەكەی داوە.  كە داعش سەری هەڵدا، ئێران لە رێگەی پەرلەمان و حكومەتی حیدر عیبادی و دەرفەتی فەتوای مەرجەعیەت گەشەی بە هێزە هاوپەیمانەكانی دا، توانای لە هێزەكانی دەوڵەت بەرزتركردنەوە و شەرعیەتی یاسایی بۆ مسۆگەر كردن و وایكرد كە بودجەی زەبەلاحیان بۆ مسۆگەر بكرێ. دواتر هەڵمەتی رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی قۆستەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە عەرەبیە سوننەكان كە پێشتر نفوزی ئێرانیان تێدا نەبوو. گرژیەكانی دوای ریفراندۆمیشی قۆستەوە بۆ ئەوەی زۆربەی ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان كۆنتڕۆل بكات كە نزیكەی نیوەی خەڵك و خاك و سامانی كوردستانی عێراق لەخۆ دەگرن. بەوە پێگەی حكومەت و هێزە سیاسیەكانی هەرێم، كە پێشتر زیاتر بە پرۆ ئەمەریكی نەك پرۆ ئێرانی خۆیان دەنواند، لاوازتر كرد. ئەوجا نۆرە هاتە سەر كۆنتڕۆڵكردنی راستەوخۆی تەواوی سیستەمی حوكمڕانی عێراقی، ئەوەشی لە پەنای قەیرانەكانی ئۆكتۆبەر ئەنجام دا. راستە هیچ لەوانە بێ سەرئیشە نەبوونە بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی، بەڵام دەرەنجام گرنگە. كۆنتڕۆڵ و پێگەی ئێران لە ٢٠٢٠ لە هی هەموو ساڵێكی پێشتر بەهێزترە.

جیاوازی نێوان سیاسەتی ئەمەریكا و ئێران  

بە پێچەوانەی ئەمەریكا، ئێران زلهێز نیە، وە هێزێكی ئابووری یان پیشەسازیی بازاڕخوازیش نیە، بەڵكو هێزێكی ئەمنی ئیقلیمیە و توانا ئابووریەكانی سنووردارە. كە هەژموون دەخاتە سەر ولاتێك، مەبەستی بازاڕەكەی نیە، بەڵكو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكە و مانەوەی خودی رژێمەكەیەتی. لە وڵاتێكی وەك عێراقدا، ئێران پێویستی بە سەپاندنی هەژموون و بەكارهێنانی داەمەزراوەكانی دەوڵەتەكەیە بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە دارایی و مرۆییەكانی، وە گوڕدانە بە توانای پەرەسەندن و بڵاوكردنەوەی هەژموونیان ئەویش لە رێگەی كۆمەڵانی هاوتایەفەیان (شیعە مەزهەبەكان)، كە ئەویش سنووردارە. ئێران لە ژێر مۆتۆی هاوسێیەتی و هاومەزهەبیدا پاساو بۆ دەستێوەردان و هەژموونەكەی بەكار دێنێ، بەڵام لەوە ناچێ كە ئەولەویەتی ئێران چاكردنی سیستەمی حوكمڕانی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵگاكانی ژێر هەژموونیان بووبێ، زیاتر لەوەی ئەمەریكا پێی بكرێ، ئەگینا دەبوایە بەسرە و كەربەلا و ناسڕیە نموونەی پڕشەنگدار بن و لە هەولێر و سلێمانی ئاوەدانتر بونایە. بەڵكو ئەولەویەتی ئێران بریتیە لە مسۆگەركردنی لایەنە ئەمنیەكە لە رێگەی ئاكتەرە ناحكومیە هاوپەیمانەكانیان.

بە پێچەوانەی ئەمەریكا، ئێران سیاسەتێكی روونی هەیە لە عێراق، دەزانی چی دەوێ، بە چی ئامراز و رێگایەك پەیدای بكات و هەمیشە دەستیشی كەوتووە. لە عێراقدا، ئێران كۆمەڵێك ئامرازی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاینی جیاوازی لەبەردەستدایە. بەرپرسە باڵاكانیان پەیوەندی شەخسی و راستەوخۆی زۆر باشیان لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسی و ئەمنی و حوكمڕانەكانی عێراق پەیدا كردووە. ئێرانیەكان پێویستیان بەوە نەبووە كە بە رێگەی فەرمی و بەپێی پرۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە حكومەت و دامەزراوە سیاسیەكانی عێراقەوە بكەن. لەجیاتیان، لە گەڵ كەسایەتی و باڵە جیاوازەكان مامەڵە دەكەن، هەریەكەیان بە تەنیا و بە جیا و بە خوردكراوەیی. سەردار قاسم سولەیمانی بلیمەت لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە مامەڵەكردنە.

جا لە بەرامبەر هەڵكشانی هەژموونی ئێران، نفوزی ئەمەریكا لە عێراق هەمیشە روو لە كزی بووە و ئێستا كەمترین كاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی هەیە. ئامرازەكانی بەردەستیشی تەنیا بریتین لە هەڕەشەی عەسكەری و دارایی. خۆ لە بیركردنەوەیدا ترەمپ كەمترین حیساب بۆ دەوڵەتی عێراقی و سەركردەكانی بەغدا دەكات، وە تا ئێستاش لە چوارچێوەی سیاستەكەیان بەرامبەر ئێران مامەلە لەگەڵ عێراق دەكات و بگرە زۆر جار بە یەكچاو سەیریان دەكات.

سیناریۆكانی ئیمسال لە ململانێی ئێران و ئەمەریكا

لە ساڵی ٢٠٢٠، چوار جۆرە سیناریۆ دەكرێ روو بدەن، بەڵام ئەگەری روودانیان جیاوازە.

١)  هەروەك پێشتر، نە شەڕ و نە ئاشتی، وەیان شەڕی بە وەكالەت و یەكتر ماندوو كردن.

ئەو سیناریۆیە زۆرترین چانسی پەیڕەوكردنی هەیە، ئەگەرچی مەترسی زۆریشی پێوەیە. ئیمساڵ ئەمەریكا ئابلۆقە و فشارەكان لەسەر ئێران توندتر دەكات تاوەكو باری ناو وڵاتەكە و نێوماڵی شیعەی عێراق ناسەقامگیرتر بكات، بە جۆرێك كە ئەو یەكریزیەی پێشوویان نەمێنی. هاوكات ئاستی ئامادەباشیی هێزەكانی بە بەرزیی دەهێلێتەوە. وە سوودیش لە هەڵەكانی ئێران دەبینێ، هەروەك ئەو كەنارگیریە نێودەوڵەتیەی لە ئەنجامی خستنە خوارەوەی فرۆكە ئۆكراینیەكە دووچاری بوو.

لە بەرامبەردا، ئێران لە هەوڵەكانی بۆ وەدەرنانی لەشكری ئەمەریكی لە عێراق بەردەوام دەبێ، جا لە رێگەی شەڕپێفرۆشتن بێ بە هۆی هاوپەیمانەكانی وەیان لەرێگەی پەرلەمان و حكومەتی عێراقی بێ. رەنگە دواجار ترەمپ تووشی جۆرە ئیرهاق و بێزاریەك بكەن كە دیسانەوە ترەمپ بەرپەچی ئێران بداتەوە و گرژیەكان بگەیەنێتە ئاستێكی نوێ، وەیان بە پێچەوانەوە هەر خۆی بڕیار بدات عێراق بەجێ بهێلێ. لەوەدا دوور نیە سزاش بەسەر عێراقدا بسەپێنێ، كە رەنگە ببێتە مایەی تەپین و شكسخواردنی دەوڵەتی عێراقی. ئەوەش بۆ ئێران كێشە نیە، هەروەك سوریا.

٢) جەنگ.

چانسی ئەو سیناریۆیە هەمیشە زیندووە ئەگەرچی جارێ لاوازە. هەندێ چاودێر پێیان وایە كە ئێران بە دوای شەڕی رووبەڕووی پێشوەختەدا دەگەڕێ، ئەوەش وەك رێگایەك بۆ پاراستنی خودی رژێم لە راپەڕینی ناوەكی. بەڵام لە هەفتەی رابوردوو ئێران ئەو دەرفەتەی هاتە پێش و نەیقۆستەوە. ئەوكات كەشێكی یەكڕیزی ناوەكی و نێو شیعەی عێراقی هاتە كایەوە و ئەمەریكیەكانیش هێشتا بەوە رانەگەیشتبوون جوولە بە هەموو هێزەكانیان بكەن و خۆیان بۆ شەڕی سەرتاسەری ئامادە بكەن. بەڵام دوور نیە ئێرانیەكان دوودڵ بووبن و پێیان باشتر بووبێ چەند مانگێك هەتا گەرمبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمەریكی (لە بەهار تا پایزدا) چاوەڕێ بكەن. لەو نێوەشدا خۆشیان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (لە شوبات) ئەنجام دەدەن. ئەوكات دوورنیە دۆناڵد ترەمپ ئامادەی سازشی زیاتر بێ.

مایەی سەرنجە كە چل ساڵە دەوڵەتی ئێران لە ململانێدایە لەگەڵ هێزە جیهانی و ئیقلیمیەكان، كەچی شەڕەكانی هەمیشە بە وەكالەت لەسەر خاكی وڵاتانی دیكە بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە. واتە راستەوخۆ رووبەڕوو لەگەڵ هیچ كامیان نەجەنگیوە. خۆ لەگەڵ توركیا هەمیشە لە سوریا و عێراق لە ململانێی خوێناویدا بوو كەچی پێنج سەد ساڵ زیاترە هیچ شەڕێكی راستەوخۆ لەنێوان ئەو دوانە رووی نەداوە. بۆیە مەسەلەی جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا حیساباتی زۆری دەوێ.

٣) زیاد نەكردنی گرژیەكان و تۆزێك خاوكردنەوە.

واتە هەردوو لایەنی ئەمەریكی و ئێرانی هەوڵدەن ساڵی (٢٠٢٠) بە سەلامەتی تێپەڕێنن هەتا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەردوو وڵاتدا یەكلا دەبێتەوە. ئەگەر دیموكراتێكی وەك جۆو بایدن بووە سەرۆك كۆمار، ئەوا دوور نیە رێكەوتنە ئەتۆمیە كۆنەكە زیندوو بكاتەوە لەگەڵ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی هاوتەریب سەبارەت بە نیزامی ئایندەی رۆ‌ژهەڵاتی ناوەڕاست. خۆ ئەگەر ترەمپ دیسان هەڵبژێردرایەوە، ئەوا ئێرانیەكان دووچاری دوو ئەگەر دەبن، یان بەردەوامبوونی یاریەكە وەك ئێستا هەتا رادەی جەنگ، وەیان ترەمپی بیزنیسمان لە جەستە شەڕانیەكەی دێتەوە دەرەوە و دەستپێشخەریەكی بێ پێشینە دەكات بۆ سازش و رێكەوتن. ئەو سیناریۆیەش چانسی لاوازە.

٤) خاوكردنەوە و دیالۆگ.

سیناریۆ نموونەییەكە بریتیە لە دیالۆگێكی جیددی هەمەلایەنە بۆ گەیشتین بە رێككەوتنێكی ریشەیی لە هەموو ئاستێكی ململانێكاندا. لەم سیناریۆیەدا، رۆڵێكی گەورەتر بە بەریتانیا و ئەوروپاییەكان دەدرێت بۆ نێوەندگیری و هێنانی هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. ئەوانە رەنگە بتوانن ئێران رازی بکەن بە دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمی، وە ئەمریکا رازی بکەن بە هەڵگرتنی بەشێك لە فشار و ئابلۆقە ئابووریەكان. بەڵام پەیڕەوكردنی ئەو سیناریۆیە لە ساڵێ ٢٠٢٠ دا چانسی زۆر كەمە و بگرە لە كەشی بێمتمانەیی ئیمڕۆ و كەمپەینی هەڵبژاردنەكاندا زۆر زەحمەتە – ئەگەرچی لە سیاسەتدا هیچ سیناریۆیەك مەحاڵ نیە.

کرتە بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە شێوەی PDF

Comments are closed.