Back

بۆ ساڵی سێهەم: مێری یەکەمی عێراقە لە ڕیزبەندی جیهانيدا

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٧ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی (Think Tanks and Civil Societies Program) کە ئینستیتیوتی لاودەر لە زانکۆی پینسێلڤانیا دەریدەکات، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) لە پێشەنگی ڕیزبەندی دامەزراوەکانی توێژینەوەدایە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، وە بۆ سێەم ساڵ لەسەر یەک لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکە دێت لە نێو دامەزراوەکانی توێژینەوە‌ لە عێراق.

لە ڕیزبەندییەکەدا، ئینستیتیوتی مێری بە پلەی ٥٧ لە کۆی ٤٧۹ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دێت. ئەو دەستکەوتانە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی سیاسی، ئەمنی و دارایی لە عێراق و زیادبوونی ئاستی ڕکابەری دامەزراوەکانی توێژینەوە و تینک تانکەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، جێگەی بایەخە.

لە ئیندێکسەکەدا، ئینستیتیوتی لاودەر هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی دامەزراوەکانی توێژینەوە لە داڕشتنی پۆڵه‌سی (سياسات) لە حکومەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەرتاسەری جیهان دەکات؛ سیستەمێکی زانیاری فراوانی بۆ بيرتانك (ثینک تانکە)کان، دروستکەرانی بڕیار و گرووپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە گرنگی بە داڕشتنی پۆلەسی دەدەن، دروست کردووە. وە ساڵانە ڕیزبەندی بيرتانکە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر چەند پێوەر و بوارێکی پۆلەسی دەکات.

ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ دەستنیشانکردن و ناساندنی ناوەندە پێشکەوتووەکان لە هەموو بوارە سەرەکییەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی لە هەموو بەشەکانی جیهاندا داڕێژڕاوە. ئەم ساڵ یازدەمین ساڵە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئینستیتیوتی لاودەر بۆ بۆ ناساندن و خستنەڕووی کاریگەری و پێگەی تینک تانکەکان لە ئاستی جیهاندا. وەکو بەشێک لە پڕۆسەکەدا، ٧٨١٥ تینک تانک لە لایەن ٤٠٠٠ ڕۆژنامەنووس، دروستکەرانی بڕیار، دۆنەرە حکومەتی و ناحکومییەکان، هەروەها پسپۆری جێبەجێکاری و بوارە هەرێمایەتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. ئەو کەسانە داواکرابوون بۆ دەستنیشانکردن و پۆلێنکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی بۆ ساڵی ٢٠١٧. شێوازی پۆلێنی ئیندێکسەکە لە لایەن چەند پانێڵێکی تایبەتەوە کە لە سەدەها ئەندام لە بوار و باکگڕاواندی جیاواز پێکهاتبوون، بڕیاری لەسەردرا.

پێوەری پۆلێنکردنەکە چەند بنەمایەکی لە خۆگرتبوو، لەوانە کواڵێتی و پابەندبوونی ستافی دامەزراوەکە، چەندێتی و کواڵێتی و ڕووماڵی بڵاوکراوەکان، وە هەروەها کارامەیی ئەکادیمی و ناوبانگی ئەو دامەزراوەیە و کاریگەری بڵاوکراوەکانی لەسەر داڕێژەرانی سیاسەت.

لە هەمان ڕۆژی دەرچوونی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لە ٣٠ی کانوونی دووەمدا، ١٧٥ تینک تانک و رێکخراوەکانی پەیوەنددار بە پۆلەسی لە ٧٥ وڵاتی جیاوازدا چاڵاکی ئەنجام دەدەن. لەو ڕۆژەدا، ئینستیتیوتی مێری ڕاپۆرتێکی پۆلەسی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (لە ئاوارەییەوە بەرەو پەناهەندەیی: هۆكاره‌كانی كۆچكردنيان)، تیایدا بارودۆخ و ئاراستەکانی کۆچکردن لە نێوان ئاوارە ناوەخۆییەکانی عێراق و ئاوارەی وڵاتانی دیکە خراوەتە ڕوو.

ئینستیتیوتی مێری دڵخۆشە بەو دەرەنجامە و سوپاسی ستافەکانی ئێستا و ڕابردوو و تۆڕی پشتگیریکەرانی لە ئاستی ناوەخۆ و جیهانی دەکات. تەواوی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٧ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لێرەدا دەست دەکەوێت.

Comments are closed.