ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ١٣/ ١٢ /٢٠١٧ ئینستیتیوتی مێری مێزگردێكی تايبه‌تی سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستا و ئاينده‌ی هه‌رێم بە بەشداری زۆربەی هێزە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
له ئێستادا هه‌رێم دووچاری قه‌يرانێكی ئاڵۆز بووه‌ته‌وه كه كاريگه‌ری نه‌خوازراوی له‌سه‌ر باری سياسی و ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تی هه‌بووه. په‌يوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌روه‌ها كورد و پێكهاته‌كانی ديكه‌ی عيراق، له‌وپه‌ری نزميدانه و پێويستيان به سه‌رله‌نوێ داڕێژتنه‌وه هه‌يه. به‌هه‌مان شێوه، باری لاری هه‌رێم و په‌يوه‌ندی نێوان هێزه سياسيه‌كان پێويستی به پێداچوونه‌وه و پته‌وكردنه‌وه هه‌يه. بێگومان ئه‌وانه ئه‌وله‌ويه‌تی نيشتيمانين و ئه‌نجامدانيان له ئه‌ستۆی هه‌موو لايه‌نه‌كانی هه‌رێمن به حيزبه‌كانی ده‌سه‌لات و ئۆپۆزيسيۆن و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه. ئينستيتوتی مێری به‌پێويستی زانی كه مێزگردێکی تايبه‌ت بۆ سه‌ركرده لوتكه‌یيه‌كانی حيزبه‌كانی هه‌رێم به‌تێكه‌ڵيی له‌گه‌ڵ بژارده‌يه‌ك له كه‌سايه‌تی خاوه‌ن ئه‌زموون رێكبخات.
ئه‌جێندای سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە: (١) چۆنیەتی کارکردن لەسەر یەکڕێزی نێوخۆیی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە؛ (٢) چۆنیەتی ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی لە بەغداو و چارەسەری کێشەکان بە مەبەستی باشتر کردنی گوزەرانی خەڵک.
ديبه‌يته راشكاوه‌كان ده‌ريانخست كه روانگه‌ی سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كان بۆ چاكردنی بارودۆخ هاوئاراسته‌يه و کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌مه‌ودوا گفتووگۆکان زیاتر لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان بن نەک زۆر گەڕانەوە بۆ دواوە. سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی کوردستان بە هەموو ديده جياوازه‌كانه‌وه له‌هه‌مان به‌له‌مدان و ڕووبەڕووی هه‌مان کێشە بوونەتەوە، ئەگەر چی ئاستی به‌پرسيارێتیه‌كان له‌مه‌ڕ رووداوه‌كانی ئه‌ودواييه جياوازيان تێدايه.
لە کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر ئەوه كرايه‌وه كه ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وە یەکێکە لە شیوازەکانی خەباتی مەدەنی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی مافەکان. دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم کە بە گران له‌سەر هەرێمی کوردستان كه‌وتن، زیاتر ده‌ره‌نجامی ئه‌و ديارده و كێشه درێژخايانانه بوون كه كاريان كردبووه‌ته سه‌ر يه‌كڕيزيی و ته‌بايی ناوه‌كی. كێشه‌كان په‌يوه‌ستن به لاوازيی دامه‌زراوه‌يی سيسته‌می حوكمڕانی و كێشه ئابووری و سیاسی و عەسکەریه هه‌ڵواسراو و چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان. هەروەها خوێندنەوه‌ی هه‌رێم بۆ هێزی ناوه‌كی و رۆڵی هێزه ئيقليمی و نێودەوڵەتیەکان وه بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان، له‌جێگه‌ی خۆی نه‌بوو. دياره كه پڕۆسه‌ی بڕياردان له هه‌رێمدا پشتی به دیراسەت و توێژینەوەی ستراتيژی نه‌به‌ستووه، كه ئه‌وه‌ش يه‌كێكه له هۆكاره گرنگه‌كانی دروستنه‌بوونی به‌رچاوڕوونی. هه‌رێمی كوردستان له ناو جه‌رگه‌ی هاوكێشه و ململانێیه ئالۆزه‌كانی نێوان هێزه تێكه‌ڵكێشراوه‌كاندايه، بۆيه پێشخانێكی حه‌تميه كه ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم گرنگی بێ پايان بده‌نه بواری بيركردنه‌وه و پلاندانان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌ی زانستی.
بنەماکانی دروست بوونی یەکڕێزی
یەکڕیزی نێوماڵی هه‌رێم پێويستی به پێناسه‌كردن و داڕێژتنی ميكانيزمی تۆكمه‌يه كه به نوسراو و به ڕوونی هه‌بن و هێزه‌كاندا به فه‌رمی له‌سه‌ريان رێك بكه‌ون. هاوكات نيه‌ت و ئيراده‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ ئه‌نجامدانی چاکسازی لە هەموو بوارەکان به به‌ڵگه‌وه نيشان بدرێت، بە تایبەتی لە بواری كۆنتڕۆڵكردنی گەندەڵی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، به جۆرێك كه لە چوارچێوەی یاسا وە لەلایەن حکومەتەوه ئیدارە بدرێت نەک له لايه‌ن حیزبه‌كانه‌وه. چاوێكی جيددی به شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی سەرچاوە داراییەکان بە تایبەتی سامانه سروشتيه‌كان بخشێندرێته‌وه و زياتر شه‌فاف و به‌دامه‌زراوه‌يی بكرێ.
پێويسته ڕۆڵی حکومەت بە فیعلی کارا بکرێت، چونکە زۆربەی کێشەکان لە قه‌يرانی حوکمڕانیدا سەرچاوەیان گرتووە. پێويسته رێكه‌وتن هه‌بێ له‌سه‌ر خودی پێناسه‌ی سیستەمی حوکمڕانی دروست و پێداچوونه‌وه‌ی مه‌فهومی حکومەتی بنکە فراوان. لە هەمان کاتدا پێناسه‌كردنی ئۆپۆزیسیۆنبوون زۆر گرنگە، بە شیوازێک کە لايه‌نی ئۆپۆزيسيۆن وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له سيسته‌ممی سياسی ڕێزی لێ‌بگیردرێت و ده‌رفه‌تی پێ بدرێت و به به‌شدار له پرۆسه‌ی سياسی هه‌ژمار بكرێت. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئۆپۆزيسيۆنيش به پێی عورفی ديموكراسی دروستكه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی بكات. پێوسيته به هه‌موو لايه‌ك كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی زەمینەی لەبار و پردی متمانە له‌نێوان هێزە سیاسیەکان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكرێت.
پێويسته متمانه‌ی زياتر به پەرلەمان و حكومه‌ت بدرێت به‌جۆرێك كه هيچ جۆره بڕيارێكی حوكمڕانی له دەرەوەی پەرلەمان و حكومه‌ت نەدرێت و هەوڵ بدرێت سه‌ركرده بڕيار به‌ده‌ست و سەرچاوەکانی بڕیاری حيزبی بێنه پەرلەمان وه‌يان حكومه‌ت. له‌كاتی بڕياردان له‌سه‌ر دۆزه چاره‌نوسسازه‌كانيش پێويسته كۆده‌نگی و پاڵپشتيی گشتی له‌گه‌ڵد ابێ.
پێويسته گرنگی بدرێتەوە بە ناوچە دابڕێندراو و ناكوكی له‌سەرەکان و لە کاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدادا له چه‌ندين ته‌وه‌ره‌وه به پاڵپشتی توێژينه‌وه كاری جيديان لەسەر بکرێت، چونکە ئەگەر ئەو ناكۆكيه درێژە بکێشێت ره‌نگه لایەنه نه‌ياره‌كان کار لەسەر گەورەکردنی کێشەکانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بكه‌ن بۆ خاتری لێکترازانی زیاتر.
هەڵوێستی هه‌رێم لەگەڵ بەغدا
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بەگشتی جەخت لەسەر دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی کرايه‌وه، به‌جۆرێك كه ده‌ستوور و بڕیارەکانی مەحکەمەی ئیتیحادی بکرێنه بناخەی گفتوگۆکان. بەڵام پێويسته بە ووریاییەوە مامه‌ڵه لەگەڵ بەغدا بكرێت و ئەوەندە هێزی کوردی بە لاوازیەوە هەڵوێست وەرنەگرێت، چونکە ئەو کێشانەی کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی هه‌ن پێش ڕیفراندۆمیش هەر هەبوونە، بەڵام ڕیفراندۆم ده‌رفه‌تێكی زیاتری دا بەدەستەوە بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکان.
دياره كه هه‌رێم لە بەرامبەر بەغدادا هەندێ شتی گه‌وره‌ی لە دەست داوە بەڵام زۆری ديكه ماوە کە له‌به‌رده‌ستدانه و ده‌بێ کاريان لەسەر بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت هەموو کەناڵەکانی په‌يوه‌نديی نێوخۆێی عێراقی بە تایبەتی له نێوماڵی شیعی و دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتیەکان بەکار بهێندرێن بۆ ئه‌وی فشار بخرێته سەر بەغدا و حکومەتی ئیتیحادی بۆ ئامادەبوون و دانيشتن لەگەڵ هەرێم. دياره كه له ماوه‌ی رابوردوودا هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی بەغدا، بە سوننە و شیعەوە، بەرامبەر بە کوردستان سه‌باره‌ت به ريفراندۆم وەک یەک توند بوو، وە ئێستاش توندكردن و گەورەکردنی کێشەکان لەگەڵ هه‌رێم بووەتە فاکتەرێک وه‌يان سووته‌مه‌نيه‌ك بۆ به‌كارهێنان له هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پێويستی به‌رده‌وامكردنی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی ديد و روانگه‌كان و به‌شداريكردن له مێزگردی ديكه‌ی داهاتوو له ئاستی به‌رزی بڕياردانه‌وه كرايه‌وه. ئينستيتيوتی (مێری)يش هه‌ميشه ئاماده‌يی خۆی ده‌ربڕيوه كه له خزمه‌تی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و لێكنزيكردنه‌وه‌ی روانگه‌كان و به‌رده‌وامكردنی ديالۆگ بێ و زه‌مينه‌سازی بۆ بڕيارده‌ران و دارێژه‌رانی سياسات بكات بۆ خاتری سه‌قامگيركردنی هه‌رێم و هاندانی حوكمڕانی دروست له هه‌رێمدا.
- به‌شداربووانی مێزگرده‌كه، به‌ڕێزان:
- مەحمود عوسمان: کەسایەتی سياسی
- فازيل میرانی: ئەندامی مەکتەبی سياسی پارتی ديموکراتی كوردستان
- سەعدی پیرە: ئەندامی مەکتەبی سياسی یەکێتی نيشتيمانی كوردستان
- جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان
- هادی عەلی: ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان
- محەممد حەكيم: ئەندامی مەکتەبی سياسی کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
- كاوە محمود: سکرتێری حیزبی شیوعی كوردستان
- مەحمود محەممەد: ئەندامی مەکتەبی سياسی پارتی ديموکراتی كوردستان
- یونادم كەنا: سکرتێری گشتی بزوتنەوەی ديموكراتی ئاشوری
- فريد ئەسەسەرد: ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نيشتيمانی كوردستان
- ئایدن مەعروف: ئەندام پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی
- ڕیبوار حەمەد: وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
- ئيسماعيل ناميق: ڕێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان
- عەبدوڵڵا وەرتی: کارگێری مەکتەبی سياسی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان
- سەمير سەليم : کارگێری ئەنجومەنی جیبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان
- دلاوەر عەلائەددین: سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری
- فوئاد سمایل: به‌ڕێوه‌به‌ڕ له ئینستیتیوتی مێری
- خۆگر وريا: توێژه‌ر له ئینستیتیوتی مێری