کاریگەری هۆکارە دەرەکیەکانی وەک دابەزینی نرخی نەوت و ناکۆکیەکان لەگەڵ بەغدا و شەڕی داعش، وە هۆکارە ناوخۆییەکانی وەک نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنەکان، بەهەمان شێوە لە نێوان هاوڵاتی و حکومەت؛ وە ناتەندروستی مۆدێلی حکومڕانی لە هەرێم بەجۆرێک کە زۆربەی کات بڕیار لەسەر پرسە گرنگە سیاسی و ئابووری و یاساییەکان لە دەرەوەی دامەزراوەکان و حکومەت دەدرێن؛ ئەمانەش بریتین لە دیارترین سەرچاوەکانی قەیرانی سیاسی و دارایی لە هەرێمی کوردستان، کە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناونیشانی “بارودۆخی هەرێم، هۆکارەکانی قەیران، ڕێگاچارەکان و پێشنیازەکان” دەستنیشانیکردووە.
وەک ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو کێشانە و دەرچوون لە بنبەستی سیاسی، ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی مێری چەندین چارەسەر و پێشنیازی وەک بنەما لەخۆگرتووە بەئامانجی ئەنجامدانی چاکسازی دەربارەی مووچە و خەرجی و کۆنتڕۆڵکردنی گەندەڵی، ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە کاراکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان حیزبەکان، وە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا، و مامەڵەکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەو پەڕی هەستی بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە چارەسەری قەیرانەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
هەر یەکێک لەو کێشە و چارەسەریانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، دەکرێت ببنە بابەتی توێژینەوەی سەربەخۆ، تاوەکو بە تێروتەسەلی دیراسەت بکرێن و پێشنیازی گونجاویان بۆ دابڕێژدرێت. بەڵام، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیە کە نیەت و ئیرادە پیشانبدەن، وە دەستپێشخەربن لە هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی ئەو پرسانە. تەنیا لەو حاڵەتەدا، دامەزراوەکانی توێژینەوە و ئەکادیمیستان و پسپۆڕان دەتوانن هاوکاربن و کار لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکەن.
هەرچەندە زۆربەی سەرنج و پێشنیازەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتە درك پێکراون و لە زۆر بۆنەی دیکە ئاماژەیان پێکراوە، بەڵام ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیەیە کە هێشتا هەنگاوە سەرەتایی و بنچینەییەکان بۆ چاککردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە هەرێم بەتەواوی نەنراون.
شایەنی باسە، ئەو ڕاپۆرتە دەرئەنجامی مێزگردێكی تايبهتی ئینستیتیوتی مێریە کە دەربارەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لەشاری سلێمانی سازی کردبوو. ئامادەبووانی مێزگردەکە پێکهاتبوون لە بژاردەیەك له بيرمهندانی ههرێمی کوردستان کە بريتی بوون له كۆمهڵێك ڕۆشنبير و ئەکاديمست و سياسەتمەدارانی خاوهن كاريگهريی لهسهر ڕای گشتی و پرۆسهی بڕياردان. ئهو مێزگرده به ههماههنگی لهگهڵ زانكۆی سلێمانی و به مهبهستی تاوتوێ كردنی بارودۆخی ئێستا و رێگاچارهی دهرچوون له بنبهستی سياسی و حوكمڕانی له ههرێمی كوردستان ئهنجامدرا. ديبهيتی ناو كۆبوونهوهكه زۆر ڕاشكاوانه بوو وە لەژێر ڕێنمايی (چاتەم هاوس) ئهنجام درا.
کلیک بکە بۆ دابەزاندنی ڕاپۆرتەکە بە زمانی کوردی.