Back

ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پیادەکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی

ئینستیتیوتی مێری و جینیڤا کۆڵ (بانگەوازی ژنێف) پرۆگرامێکی ڕاهێنانیان بۆ فەرماندە و سەرکردە پلە باڵاکانی پێشمەرگە، کە چالاکانە شەڕ لە دژی داعش دەکەن، بۆ پیادەکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی دەستپێکردووە. بە هاریکاری لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم زنجیرە وۆرکشۆپە، بە بەشداری چالاکانەی ڕاوێژکارە سەربازیەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری باڵای ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان (وەک ICRC, OCHA and ECHO) لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ شوبات لە ئۆفیسی ئینستیتیوتی مێری بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک سیاسەتێکی (پۆڵەسی) بنەڕەتی بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرپێچیەکانی بنەماکانی یاسایی نێودەوڵەتی مرۆیی لەخۆ نەگرتووە. بەهەمان شێوە، ئەوە دووپات کرایەوە کە ڕوودانی سەرپێچیەکان دەرئەنجامی هەڵەی تاکە کەسین و بەهیچ جۆرێک دەرئەنجامی سیاسەتی حکومەت نین. لە کۆبوونەوەکەدا، پێشنیارکرا کە وەزارەتی پێشمەرگە یاداشتنامەی لێکتێگەیشن لەگەڵ ئینستیتیوتی مێری و جینیڤا کۆڵ واژوو بکات، هەرسێ دامەزراوەکە ڕابەری ئەو دەستپێشخەریە بکەن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەمەڕ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەسەر گشت ئاستەکانی هێزەکانی پێشمەرگە؛ پەرەپێدانی میکانیزمی گشتگیر و پێشنیازی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی پیادەکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی؛ وە پیشاندانی پابەندبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگ دا.

لە ئێستادا، حەوت وڵات ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، هەندێک لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە خۆدەگرێت. هەر هەوڵێک بۆ باشترکردنی پیادەکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ کاراکتەر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێت. جینیڤا کۆڵ هەڵدەستێت بە فراوانکردنی هەوڵەکانی ئێستای بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی بەرزکردنەوەی هۆشیاری لە ژێر ناوی “شەڕڤان نەک بکوژ” کە چەندین سپۆتی ڤیدیۆیی و رادیۆیی و پرۆگرامی فێرکاری مۆبایل و ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی و دابەشکردنی چەندین بڵاوکراوە و نامیلکە لە خۆدەگرێت. هەروەها بەردەوام بوون لە دابەشکردنی بڵاوکراوەکان لە نێو فەرماندە و پێشمەرگەکان لەسەر گشت ئاستەکان. لە کۆبوونەوەکدا، پێشنیاری ئەوەکرا، کە ئەو پرۆگرامی ڕاهێنانە نەک تەنیا پێشمەرگە، بەڵکو گروپە ئەمنی و چەکدارەکانی تریش بگرێتەوە.

4

ژمارەیەک لە ئامادەبووانی بیانی کۆبوونەوەکە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەرچەندە کارێکی زەحمەتە بۆ فەرماندەکان کە سەرپێچی سەربازەکانیان قبووڵ بکەن، دانپێنانی سەرپێچیەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی ئەو سەرپێچیانە لە ئایندەدا. دڵنیابوون لە هەبوونی میکانیزمی پێویست بۆ ڕێگەگرتن لەو سەرپێچیانە و سزادانی سەرپێچیکاران لە کاتی سنوور بەزاندن، ڕێگایەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پیشاندانی پابەندبوونی بەردەوامی بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.

هەروەک لە پێشدا ئاماژەی پێدرا، ئەم کۆبوونەوەیە، یەکەمین کۆبوونەوەی زنجیرەیەک وۆرکشۆپە، کە لە نێوان ئینستیتیوتی مێری و جینیڤا کۆڵ و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری وەک رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بریتیە لە تیشک خستنەسەر کەم و کوڕی و کەلێنە سیاسی و یاساییەکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی گرنگی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگ. هەروەک چۆن هەندێک لە ئامادەبووان ئاماژەیان پێدا، “پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی دەبێتەهۆی زیادکردنی ئازار و نەهامەتیەکان لەنێو دانیشتووان و بەم چەشنەش هاندانی نەوەکانی داهاتوو لەسەر جەنگ”. بەمانایەکی تر، ئەگەر جیدی بین لە ڕاگرتنی زنجیرە جەنگ و قەیرانەکان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، پێویستە پابەندبین بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە

فەرماندە پێشمەرگەکانی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە شێخ جەعفەر شێخ موستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگە و وەزیری پێشووی پێشمەرگە؛ محەمەد حاجی مەحمود، پێشمەرگەی دێرین، فەرماندە سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ و مەخموور؛ عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی میدیا و کەلتوور و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە؛ دکتۆر کەمال کەرکوکی، فەرماندەی باشووری کەرکوک و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، عەمید روکن هەژار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکانی دەرەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، موستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عەمید ڕوکن مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە جەلەولا؛ وەستا ڕەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

3

نوێنەری دیپلۆماتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان بریتی بوون لە ئەنگەس مەککی، کونسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتوو؛ مارک ئیکۆرن، کونسوڵی گشتی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا، ئەلیکساندەر پیکی، جێگری کۆنسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا؛ خافێیر ڕیۆ ناڤاڕۆ، بەرپرسی ئۆفیسی عێراق – کۆمیسۆنی ئەوروپی بۆ هاریکاری مرۆیی و پاراستنی مەدەنی؛ لوکا بیگەر، بەرپرسی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور؛ ئەندرێیا ڕێکا، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆلۆنێڵ تۆماس فێڵتی و کۆڵۆنێڵ فیڵ مەسینجەر.

شاندی جینیڤا کۆڵ پێکهاتبوون لە ئێلیزابێس دیکری وارنەر سەرۆکی جێبەجێکار و ئەندامی دامەزرێنەری جینیڤا کۆڵ، ئان کریستین سۆبێرگ، بەڕێوەبەری پرۆگرامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەیتول گۆرکەم، بەڕێوەبەری پرۆگرام.

 

Comments are closed.