Back

پێكهێنانی حكومەتی بەغدا و سیاسەتی هەرێمی کوردستان

لەدوای هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەرەوە، گەمە كلاسیكی و ئاڵۆزەكەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ دەستی پێكردووەتەوە و ئێستا لە گەرمەیەتی. ئەو گەمەیە بەردەوام وەك چاڵێك بووە كە زۆربەی جار هەرێمی کوردستان تێیكەوتووە. ئەوجارەیان دەبێ جیاواز بێ، ئەگینا دەرفەتێكی دیكەش بەسەر كوردستاندا تێدەپەڕێت.
دیسانەوە سەرجەم حیزبە عێراقییەكان لە دیدی پشك پشكێنە، بە نەفەسی براوە و دۆڕاو ، پرۆسەكان بەڕێوەدەبەن و چەقی تەركیزیان چووەتەوە سەر پۆستە سیادییەكان، دوای ئەوانەش دەچێتە سەر پۆستە وەزارییەكان. لەوێ بەدوا، هەرێمی کوردستان هەنگاوێك دەكشێتەوە دوا، لەولاشەوە گۆمەكە بۆ حیزبە عێراقیە شیعە و سوننەكان قووڵتر دەبێ و مەلەكردنیان تێیدا خۆشتر دەبێ. ئەوانە دەبنە خاوەن و بڕیاری سەرەكی لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵی. ئەوەش سەرباری خاوەنێتییان بۆ دەسەڵاتی دادوەری و هێزە چەكدارەكان و هتد.
هەرچی حیزبەكانی هەرێمی کوردستان و حكومەتی هەرێمی کوردستانە، هەردەم وا رەفتاریان كردووە وەك بڵێی كارەكانیان لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت لەبەغدا كۆتایی دێت. لەوێوە دەبنە میوانی ناوبەناو، چاودێریی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنێكی بەردەوام. ئەو رەوتە لە هیچ كاتێكدا لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نەبووە و نابێت. پێویستە حیزبە براوەكانی هەرێمی کوردستان لە یەكەم رۆژی گفتوگۆوە بەدوا، بە روانگە و سیاسەتێكی روونەوە بچنە بەغدا و وەك هەر عێراقییەكی دیكە دەست لە خاوندارێتی حكومەتی فیدراڵی هەڵنەگرن. بە موڵكی خۆیانی بزانن، پشتی بگرن، كاری ئاسان بكەن، رەخنەی دروستكەرانەی لێبگرن و كارە ستراتیژییەكانی هەرێمی کوردستانی پێ جێبەجێ بكەن.
شەراكەت لە حوكمڕانی
لە رووخانی رژێمی سەددامەوە هەتا ئەمڕۆ سەركردەكانی هەرێمی کوردستان جەخت لە شەراكەت دەكەنەوە لە بەغدا. ئەوەش باشترین پەیام و ستراتیژە. بەڵام نە عێراقییەكان ئامادەبوونە هەرێمی كوردستان وەك شەریك لە ئامێز بگرن و نە دیوی هەرێمی کوردستان وەك شەریك رەفتاری كردووە. بەڵكو كورد هەمیشە خۆی بە میوان زانیوە لەجیاتی خاوەنماڵ، داوای پشك دەكات لەجیاتی بوون بە خاوەنی هەموو حكومەت.
لە هەرێمدا زۆرجار گوتراوە كە ئەگەر عێراق لاواز ببێ، دەرفەتی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دێنێ. ئەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت راست بوو. هەركاتێك بەغدا زۆر بەهێز بووبێ میللەتی كورد و توركمان و نەتەوەكانی دیكەی داپڵۆسیوە. لەو كاتانەشدا كە بەغدا لاواز بووە، كورد دەرفەتی خودموختاری لە ئاستی ئۆتۆنۆمی و دواتر فیدراڵی دەستكەوتووە. بەڵام لە سایەی دەستووری نوێوە، بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و حكومەتە خۆجێییەكاندا لاواز كراوە. فیدراڵییەت و لامەركەزیەت، ئەگەر بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرێن، كیانی كوردی باشتریش دەپارێزرێ و ناوچە جێناكۆكەكانیش دەگەڕێنەوە. ئەوەش جگە لەوەی كە هەر كاتێك كورد یەكڕیز بووبێ و لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەكانی كۆك بووبێ، رۆڵی مەلیك دروستكەری بینیوە و توانای دانان و لادانی سەرۆكوەزیران و بگرە هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەبووە.
ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ بە زیادەوە لاواز بووە، هەتا ئەو رادەیەی كە توانای بڕیاری ستراتیژیی نەماوە و سیادەشی لەدەستداوە. ئەو لاوازییە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی و سەرهەڵدانی هێزی میلیشایی ئەوتۆ كە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشەی ستراتیژی لەسەر خودی كیانی هەرێمی کوردستان. بەهێزكردنەوەی حكومەتی بەغدا یەكێكە لە كارە هەرە لە پێشەكانی دەوڵەتداران (بە كورد و عەرەبەوە)، تاوەكو عێراق سەقامگیر بێت و مەترسیی لەسەر كۆمەڵانی خەڵك كەمتر بێتەوە و ئابووریی وڵاتەكە ببوژێتەوە. ئەزموون سەلماندی كە عێراق قووڵاییەكی باشترە بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو دراوسێكانی دیكە و دەكرێت سەقامگیربوونی باقی عێراق ببێتە مایەی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، نەك بەپێچەوانەوە.
كارە لەپێشەكان
لایەنە كوردییەكان داوای چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان دەكەن، لەوانە جێبەجێكردنی دەستوور، ماددەی 140، پشكی هەرێمی کوردستان لە بودجە، یاسای نەوت و گاز، یەكسانكردنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان. ئەوانەش بابەتی چارەنووسساز و ئەولەویەتی هەرە بەرزن. بەڵام لە راستیدا، هیچ كام لە حیزبەكان یان حكومەتەكانی هەرێمی کوردستان پلان و رەفتارەكانیان لە بەغدا بەپێی ئەو داوایانەی خۆیان نەبووە. لە هیچ كاتێكدا سەركردە كوردەكانی بەغدا، كە لە سەر پشكی هەرێمەوە دامەزراون، نەیانتوانیوە هیچ كام لەو ئەولەویەتە چارەنووسسازانە بەرەو پێشەوە ببەن. جا یان دەستپێشخەرییان نەكردووە، یان پشتئەستوور نەبوونە بە هەرێمی کوردستان و یان لە بەغدا گوێیان لێ نەگیراوە. لە هەرێمیشەوە، سەركردە سیاسی و سەرکردەکانی حکومەت، دوورەپەرێز بوونە و بە ئەركی سەرشانی خۆیان نەبینیوە كە دەستپێشخەر بن، لۆبی لە بەغدا بكەن و پاڵ بەو فایلانەوە بنێن هەتا دەیانگەیەننە ئاستی جێبەجێكردن. ئەوەش بێجگە لە دووركەوتنەوە لە بەغدا و بەرامبەركێ و سیاسەتی دژبەیەك.
پۆستەكان
لەوكاتەی كێشمەكێشمی سیاسیەكان لەسەر پۆستە سیادییەكانی بەغدا چڕبووەتەوە، كە ئامادەبوونە لەسەر هەریەك لەوانە تا رادەی لێكترازانی هەرێم لەبەرامبەر یەكتردا تووند ببن، كەچی سەدان پۆستی دیكەی گرنگ و كاریگەر كە لەسەر پشكی كورد حیسابكراوە، لەلایەن هەرێمەوە پشتگوێخراوە و بە بەتاڵی هێشتراونەتەوە. لەنێو ئەو پۆستانە، كۆمەڵێك بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و سەرۆكایەتیی كۆمیسیۆنەكان و پۆستی سەربازی و ئەمنی دیكە.
بە دڵنیاییەوە، زەخم و هێزی گشتی ئەو پۆستە هەستیارانەی نێو جومگەكانی جێبەجێكردن لە بەغدا زۆر كاریگەرتر و ستراتیژیترن لە پۆستە سیادیە بەرچاوەكانی نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و بگرە لە سەرۆكایەتیی كۆماریش. هەر یەك لەو پۆستانە لە دامەزراوە تایبەتمەندەكانی حكومەتدا دەسەڵاتی كارتێكردنی بڕیار و خەرجكردن و وەبەرهێنانیان هەیە كە دەتوانن پشكی هەرێم لە ئاستی فیدراڵیدا بپارێزن و پەرەیان پێبدەن. كەس ناتوانێ بە مەزەندەش بەهای ئەو زەرەر و زیانانە بخەمڵێنێت كە هەرێمی كوردستان لە درەنجامی بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە كردوویەتی.
لە كابینەكانی پێشتر پشكی كورد لە چوار وەزیر كەمتر نەدەبوو، كەچی لەوەی دواییدا بووە سێ وەزیر، ئەویش بەهۆی لێكترازانی ناوەكی و گفتوگۆی تاكلایەنانە. پێشتر، هەرێمی کوردستان كۆمەڵێك بریكاری وەزیر و هەندێ سەركردەی سەربازیی فیدراڵی پایەبەرز و سەرۆكی دەستەی هەبوو، كە پۆستەكانیان هەمیشەیی بوون. بەڵام ژمارەی ئەوانە روویان لە كەمبوونە بەهۆی خانەنشینی یان وازهێنانیان. لە راستیدا خەڵكی هەرێمی کوردستان زۆر هەستی بە دامەزرانی ئەوانە نەدەكرد چونكە لە روانگەی حیزبی تەسكەوە دامەزرابوون، خەریكی پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت (حیزبی یان كوتلەی تایبەتی لەناو حیزب) بوون و لە حكومەتی هەرێمیشەوە بە دەگمەن ئاوڕیان لێ دەدرایەوە.
پێویستە لە ئایندەیەكی نزیكدا، پلانێكی تۆكمە لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە كاریگەرەكانی هەرێمەوە (بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی پەرلەمانتارانیان) بۆ ئەو چوار ساڵەی داهاتوو دابنرێت و بەشی هەرە زۆری ئەو سەدان پۆستە سەركردەییە ناوەندیە پڕبكرێنەوە. راستە پرۆفێشنەڵەكانی هەرێمی کوردستان حەز بە كاركردن لەكەشی بەغدادا ناكەن، بەڵام حكومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاندەر بێت و زەمینەسازییان بۆ بكات و كەشی سەلامەت و گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت.
میكانیزمەكان
ئەمڕۆ، زیاتر لە هەموو كاتێكی پێشتر، حكومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەماهەنگیكردن هەیە لەگەڵ حكومەتی بەغدا. ئێستا كاتێكی گونجاوە بیر لە میكانیزمی گونجاو بكرێتەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوانیان و كاری لۆبی هەرێمی کوردستان لە پایتەختدا.
حكومەتی هەرێمی کوردستان ئۆفیس و نوێنەرایەتییەكی چالاكی لە بەغدا هەبوو، كە لەكاتی جیاوازدا كاری هەماهەنگیی و خانەخوێیەتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هێنان و بردنی پۆستەی دەكرد. ئەو ئۆفیسە لە ئێستادا پشتگوێخراوە و مەودای چالاكییەكانی تەسك بووەتەوە. پێویستە نوێنەرایەتییەكە بە پێناسەیەكی نوێوە چالاك بكرێتەوە و ئاستەكەشی بۆ ئاستی هەردوو كابینە بەرز بكرێتەوە. دەكرێت وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەندام بێت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی وەك چاودێر ئامادە بێت. لەوەش زیاتر، هەر وەزارەتێكی هەرێم لە هەر وەزارەتێكی بەغدا نوێنەری باڵای هەبێ لە ئاستی راوێژكار یان بەڕێوەبەری گشتی. ئەوانە بەرپرسیار بن لە هەماهەنگی و كارتێكردن بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
ئەوجا یەكڕیزی
حیزبە سیاسییە ركابەرەكانی هەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەنی كولتوورێكی زۆر تایبەت لە ململانێی دەسەڵات، تا رادەیەك پێویستیان بە دووژمنی دەرەكی نەماوە. لەو كاتەی كە هەڕەشەی دەرەكی لەوپەڕیدایە و دەزانن دەبێ تەبا بن، كەچی لە كۆتاییدا كار دەگاتە لێكترازانی ناوەكی. لەوكاتەی كە پەیام دەبەخشن بەوەی پێویستە لەسەر مەسەلە بنەڕەتی و ستراتیژییەكان كۆك بن، كەچی گفتوگۆیەكان زیاتر لەسەر پۆستە باڵاكان چڕ دەبنەوە.
ئەزموونی حیزبەكان سەلماندوویەتی ئەگەر بەیەك تیم گفتوگۆیەكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پێكهاتەی شیعە و سوننە ئەنجام بدەن، دەستكەوتیان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، كەچی بە چەندین تیم ئەو كارە دەكەن. بێگومان ئاساییە كە بە شاندی جیاواز سەردانی بەغدا بكەن و بۆچوون و بەرژەوەندیە حیزبییە جیاوازەكانیشیان دەرببڕن. بەڵام باشتریشە ئەگەر لەنێو هەرێمدا پێشوەختە لەسەر ستراتیژە لووتكەییەكان رێك بكەون. پێویستە ئەجێندا و ئاراستەی گفتوگۆكانی هەر شاندێك لەوانە، هەردەم لە چوارچێوەی ستراتیژە گشتگیرەكانی هەرێمی کوردستان بێت.

Comments are closed.