Back

پابەندبوونی هێزە چەکدارەکان بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی

“تەنانەت لە کاتی جەنگیش، پێویستە ڕێز لە ياساى نێودەوڵەتى مرۆیی بگیردرێت، چونكە بەم چەشنە وڵاتان و گەلان دەتوانن بنەمای ئایندەیەکی ئاشتيى و دیموکراسی بۆ خۆیان بنیات بنێن“ بەگوێرەی وتەکانی خاتوو ئێلیزابێس دێکری وارنەر سەرۆکی جێبەجێکار و ئەندامی دامەزرێنەری جینیڤا کۆڵن (بانگەوازی ژنێف)، لە ئینستیتیوتی مێری لە بەرواری ٢٩ شوباتی ٢٠١٦. وتەکانی خاتوو ئێلیزابێس لە چوارچێوەی سیمینارێکی ئینستیتیوتی مێری بوو لە ژێر ناوی ” پابەندبوونی هێزە چەکدارەکان بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی”. لە هەمان رۆژ و پێش دەستپێکردنی سیمینارەکە، وۆرکشۆپێک تایبەت وەک دەستپێکی هاریکاری نێوان ئینستیتیوتی مێری و جینیڤا کۆڵ و وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدارا.

بانگەوازی جنێڤ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتى ناحکومیە و تایبەتمەندە بە بەرەوپێشبردنى ڕێزگرتن و پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە کاتی جەنگ و بارودۆخەکانی تری توندوتيژى، لەلايەن گروپە چەکدارە حکومی يان ناحکومیەکان. جینیڤا کۆڵ، بایەخی تایبەت دەدات بە پاراستنى خەڵکی سڤیل لە ڕێگەی كاركردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە چەكدارەکان و حکومەت و سەركردە ئايينى و مەدەنیەکان بۆ مسۆگەركردنی تێگەيشتنێکی نێودەوڵەتی بۆ یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافی مرۆڤ.

بەگوێرەی خاتوو ئێلیزابێس دێکری وارنەر، جینیڤا کۆڵ – بەپێچەوانەی دامەزراوەکانی تر – بەچاکی دەزانێت کە بەشداربێت لەگەڵ گروپە چەکدارە ناحکومیەکان لە بەرژەوەندی پاراستنی خەڵکی سیڤیل. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێک جار رێکخراوەکەیان بە سەرسووڕمانەوە لە بواری مرۆیی سەیر دەکرێت چونکە بنەمای دامەزراندنیان لەسەر ئامانجێکی ئەستەمە کە ئەویش بریتیە لە هاندانی گروپە چەکدارە ناحکومیەکان کە پابەندبن بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی. خاتوو ئێلیزابێس ئاماژەی بەوەکرد کە “زۆر گرنگە دەرفەت بدرێت بەو گروپە چەکدارانە کە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی واژۆ بکەن، چونکە ئەوان پەیماننامەی نێودەوڵەتی واژۆ ناکەن”. جنیڤا کۆڵ لە ساڵی ٢٠٠١ لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بەکارکردووە، کە توانی بەسەرکەوتوویی هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕەزامەند بکات بە واژۆکردنی ڕێکەوتنێک بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی مینی زەمینی دژە بە مرۆڤ. خاتوو ئان کریستین سۆبێرگ، بەڕێوەبەری پرۆگرامی هەرێمی کوردستان و عێراق لە جینیڤا کۆڵ، بایەخدانی ڕێکخراوەکەیانی بە برەودان بە پابەندبوون بە پرەنسیپە نێودەوڵەتیە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی تاوان و توندوتیژیەکان، دووپات کردەوە.

IMG_9280 (2)

جەبار یاوەر، سکرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەستن بە هاریکاریکردن لەگەڵ جینیڤا کۆڵ و ئینستیتیوتی مێری بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و باشتر ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکان. بەهەمان شێوە ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە وۆرکشۆپەکەی جینیڤا کۆڵ و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە وەک کاردانەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕیان لە دژی داعش نەبووە، بەڵکو بەردەوامی دانە بە پەیوەندی نێوانیان کە ماوەی ١٥ ساڵە بەردەوامە. بەپێچەوانەوە، بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە تیشکیان خستەسەر کەموکوڕیەکان لە تواناکانی پێشمەرگە لە جێبەجێکردنی سیستەمی بەرپرسیارێتی، بەهەمان شێوە تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە. جەبار یاوەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ ڕێگەگرتن لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، پێویستە لە فەرماندە باڵاکانەوە تاوەکو ئاستی پێشمەرگەکان دەربارەی سیاسەتەکان و چۆنیەتی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە کاتی جەنگ، ئاگادار بکرێنەوە.

پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری جەختی کردەوە کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگدا ڕوو دەدەن، “بەڵام ئەوەی پێویستە متمانە بەسیستەمەکە بدات، هەبوونی میکانیزمی ئەوتۆیە بۆ ڕێگریکردن و چاودێریکردن و کارکردن لەسەر پێشێلکاریەکانە”. هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا وتی “ئەوەندە بەس نیە کە نکۆڵی و بەرپەچی ئەو تۆمەتانە بدرێنەوە، کە لە وانەیە بەڵگەی ڕوودانیان هەبێت، ئەوکاتە تۆمەتەکان نامێنن دوای ئەوەی کە کاریان لەسەر بکرێت”.

جەبار یاوەر ئاماژەی بەو میکانیزمانە کرد کە وەزارەتی پێشمەرگە خوازیارە جێبەجێیان بکات بۆ برەودان بە پابەندبوونیان بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی. لەنێویاندا، پشت بەستن بە دامەزراوەکانی توێژینەوە وەک ئینستیتیوتی مێری و ڕێکخراوە پسپۆرەکانی وەک جینیڤا کۆڵ بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕیەکانی پابەندبوون و بەرپرسیارێتی بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی. بەهەمان شێوە، داوای لە ئینستیتیوتی مێری و جینیڤا کۆڵ کرد کە ئەم دەستپێشخەریە بخەنە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی هەماهەنگی فەرمی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان. وە ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی کەلێنەکان لە یاسا بۆ جێبەجێکردن پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی کرد. پێویستە و دەکرێت ڕەشنووسی یاسا پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکرێت؛ وە پێویستە جینیڤا کۆڵ و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی تر بانگهێشت بکرێن بۆ داڕشتنی پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی بڵاوکراوە و ڕێبەر و نامیلکە؛ کە چوارچێوەی ماف و بەرپرسیارێتی گشت هێزە چەکدارەکان ڕوونبکاتەوە.

IMG_9295 (2)

بێگومان، جینیڤا کۆڵ لە سەروبەندی پرۆسەی ڕاگەیاندنی کەمپەینێکە لە ژێرناوی “شەڕڤان نەک بکوژ” کە بەزمانی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی پرەنسیپە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی خەڵکی سیڤیل.

بەهەمان شێوە، ئینستیتیوتی مێری و دامەزراوەی کارنیگی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و وەزارەتی پێشمەرگە بەهەماهەنگی لەسەر بەدامەزراوەییکردنی پێشمەرگە و پەیوەندی سەربازی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، کاردەکەن.

Comments are closed.