Back

هەرێمی كوردستان: بەرەو ئایندە

لە رۆژی چوارشەممەی ١/٧/٢٠١٩، ئینستیتیوتی مێری مێزگردێكی تایبەتی بۆ بەڕێز مارتین وۆر، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، رێكخست. بە ئامادەبوونی بژاردەیەك لە داڕێژەرانی پۆڵەسی و ئەندامانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومیەكان و خەڵكی ئەكادیمی، ئاوڕێك لە رابوردوو درایەوە و بژاردەكانی ئایندەی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران. مێزگردەكە داخراو بوو و لەژێر رێنماییەكانی چاتام هاوس ئەنجام درا، بەو واتایەی كە ئەو پوختەیەی لێرەدا بۆ سوودی گشتی خراونەتەڕوو پوختەی گفتوگۆیەكانە نەك گوتەی هیچ كام لە ئامادەبووان.

دووساڵ لەمەوبەر، بەڕێز مارتین وۆر لە كارەكەیدا لە هەولێر دەستبەكار بوو. دیپلۆماتكارێكی چالاك و زیرەك بوو كە لە نزیكەوە شایەدحاڵی رووداوەكانی ئەو ماوەیە بوو لە سەرتاپای هەرێم و عێراقدا. لەوكاتەی كە نوێنەرایەتی وڵاتەكەی دەكرد لە هەرێم، بە شێوازێكی بونیادنەرانەش پەیوەندی بە داڕێژەرانی پۆڵەسی و بڕیاردەران و كۆمەڵگای مەدەنی هەرێمەوە دەكرد.

لە كوردستاندا، مێژوو هەمیشە زیندووە، بەتایبەتی لەوكاتانەدا بیر دەخرێتەوە كە خەڵك رووبەڕووی دیپلۆماتێكی بیانی سەر بە هێزێكی جیهان دەبێتەوە. بۆیس سەرسوڕمێن نیە كە زۆر جار كوردان رەخنە ئاراستەی حكومەتی ئێستای بەریتانیا دەكەن سەبارەت بەوەی كە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی نەیتوانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەوڵەتێك لە كوردستان دابمەزرێنێ، كە ئەوەش دەبووە مایەك گۆڕینی چارەنووسی خەڵكەكە و رێچكەی پەرەسەندنی رووداوەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕی. ئێستاش زۆران لە سیاسەتمەدارانی كورد و خەڵكی كوردستان رەخنە لە بەریتانیا دەگرن بەهۆ ئەوەی كە سیاسەتی ‘عێراقێكی یەكپارچە’ یان لەخۆ گرتووە، وە بە هۆی ئەوەی كە بێدەنگیان هەڵبژارد بەرامبەر رووداوەكانی ئۆكتۆبەری دوای ریفراندۆمێ سەربەخۆیی لە ٢٠١٧.

بە دیوەكەی دیكەشەوە، كوردان سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆیان بۆ بەریتانیا دەردەبڕن لەمەڕ رۆڵە گرنگەكەیان، لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتەكانی دیكەی ئەوروپا، بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ساڵی ١٩٩١.  ئەو دەسپێشخەریە بەریتانیە كاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر رووداوەكانی مێژووی هەرێم هەبوو. لە كاتی گفتوگۆیەكانی نێو ئەو مێزگردە، هەندی لە ئامادەبووان ئاماژەیان دا بەوەی ئەگەر توركیا رێگەی لەشكری هاوپەیمانەكانی دابوایە، رەنگە بەریتانیەكان دەهاتنە هەرێم نەك خوارووی عێراق – كە دواتر مەجبوور كران بەجێی بهێلن. خەڵكی كوردستان زانیاری و ئەزموونی قووڵی بەریتانیا سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن، كە بەراورد ناكرێ لەگەڵ هی وڵاتەكانی دیكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.  ئەوەش وای كردووە كە هاوبەشایەتی و هاوكاری لە نێوان هەرێم و بەریتانیا ئاسانتر بێ.

لە میانی گفتوگۆیەكانی ئەو مێزگردەدا، ئاماژە بە بەربەست و ئالینگاریەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان و دەرفەتەكان كران. ئاماژە كرا كە زۆرینەی خەڵكی هەرێم لاون و لە ژێر تەمەنی 30 ساڵیدانە. بۆیە پەروەردە و فێركردن لە سەرووی ئالینگاریەكاندایە و پێویستە ببێتە پێشینە (ئەولەویەت)ی هەرە بەرزی حكومەتی هەرێم. هەروەها، هەرێمی كوردستان زۆری ماوە كە تواناكانی لە بوارەكانی حوكمڕانی و ئابووری و ئەمنی و خزمەتگوزاریە كۆمەڵایەتیەكان بەرز بكاتەوە. لە پرۆژەكانی بەرزكردنەوەی تواناكان لەو بوارانەدا، بەریتانیا رۆڵێكی بەرچاوی بینیوە و دەرفەتی هاریكاری لە بواری پەروەردە و فێركردنی رەخساندووە.

بابەتی ریفۆرم یەكێك بوو لە مژارەكانی مێزگردەكە و بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستی ریفۆرمی ریشەیی لە سیستەمی سیاسی هەرێم كردەوە، تاوەكو حكومەت و دامەزراوەكانی بەهێز بن. پێویستە هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتەوە و لەناوەوەی دامەزراوەكانیەوە حوكمڕانی بكرێ، نەك لە دیوی دەرەوە لەلایەن حیزبە سیاسیەكانەوە. پێویستە حوكمی دروست و سەروەریی یاسا ببنە ئەولەویەت، كە بە هاوتەریبی ئەویشەوە دیموكراسیەت گەشە دەكات. پێویستە حیزبە سیاسیەكان بە دوورەپەرێزیەوە مامەلە لەگەڵ حكومەت بكەن و دەستی لێ هەڵبگرن، وە سیستەمی مەحسوبیەتیش كاڵ بكەنەوە. ئەو هەنگاوانە ئەرێنین بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها، پێویستە وەزارەتەكانی حكومەت بەپێی پۆڵەسی (سیاسات) ئاراستە و رێنماییە بكرێن، كە ئەوانەش لە ئێستادا لە زۆربەی وەزارەتەكاندا بەدی ناكرێن.  لەوانەش گرنگتر، پێویستە سەروەریی یاسا تۆكمەتەر بكرێت، بە تێایبەتی لەناوەوی دامەزراوەكانی هەرێمدا.

هەرێمی كوردستان پێویست بە ریفۆرمێكی رادیكالی لە سێكتەری ئابووری و دارایی هەیە، بەتایبەتی لە بواری بانكی. پێویستە هەرێم هەوڵبدات كە خۆی بخزێنێتە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی. كەرتی تایبەت پێویستی بە وەبەرهێنان و گەشەی زیاتر و رێسای زیاتر هەیە بۆ خاتری پاراستنی كڕیاران. پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە بكرێتە ئەولەویەتی لوتكەیی لە پرۆسەی ریڤۆرمدا چونكە دەبێ لە بەرامبەر حكومەتدا بەرپرسیار بێ نەك حیزبە سیاسیەكان، وە پێویستە حكومەتی هەرێم وەبەرهێنان لە بەرزكردنەوەی تواناكانی پێشمەرگە بكات هەتا ببێتە لەشكرێكی مۆدێرن و پرۆفێشناڵ.

لە كۆتاییدا، ئامادەبووان هاوڕابوون كە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بەشێكە لە عێراق، وە دەبێ حكومەتەكەی پۆڵەسیەكانی لەو روانگە و چوارچێوەیەدا وێنا بكات و كارێكی وا بكات كە عێراق كارا بێ بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی. دەبێ ئەو زیانەی كە داگیركاریی داعش و پێكدادانەكانی دواێ ریفراندۆم و كرژیە ئەمنیە بەردەوامەكانی ناو ناوچە جێناكۆكەكان ئاوەژوو بكرێنەوە و كاریگەریەكانی نەمێنن. پێویستە هەولێر و بەغدا روو لە ئایندە بكەن و بڕوا بە یەكتری بهێنن كە هیچ كامیان سەرچاوەی هەڕەشە نیە بۆ ئەوی دیكە وەیان بۆ دەورو دراوسێكان. لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە، باشتر وایە كە هەرێمی كوردستان بە بێلایەنی خۆی ڕابگرێ و لە ناكۆكیە ئیقلیمیەكاندا لە هەموو جۆرە تەرەفگیریەك دووركەوێتەوە.

بەشداربووان

  • ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
  • ئەنوەر ئەنید، زانكۆی كوردستان، هەولێر
  • ئاری مامشەیی، راوێژكاری جێگری سەرۆكی پەرلەمان
  • جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
  • دارا خەیلانی، راوێژكار لە ئۆفیسی جێگری سەرۆكی حكومەت.
  • داود ئەتروشی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
  • هەژار ئیسماعیل، هەماهەنگی و پەیوەندیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە
  • هۆشەنگ محمد، سەرۆكی JCCC، وەزارەتی ناوخۆ
  • كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتار
  • فەلاح مستەفا، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە
  • گاری كێنت، پەرلەمانی بەریتانیا
  • ستیڤن ڤاگین، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا، هەولێر
  • شۆخان قادر، زانكۆی سۆران
  • مارتین وۆر، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر
  • نەهرۆ زاگرۆس، جێگری سەرۆكی زانكۆی سۆران

ئینستیتیوتی مێری

  • دلاوەر عەلائەددین، سەرۆكی ئینستیتیوت
  • فوئاد سمایل، بەڕێوەبەر
  • كامەران پەلانی، توێژەر
  • ئامێز سمایل، هاریكاری توێژەر

Comments are closed.