Back

مێری مێزگردرێکی پۆلەسی بۆ شاندی ئینیستیتیوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی ئەنجامدا

عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی زۆر گرنگ لە قۆناغی دوای داعش و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕن. کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە دوای ریفراندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەرەوە لە زیادبووندان. بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەش و زەمینەی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا دروست بکرێت، ئاسانکاری و نێوەندگیری ناوەخۆیی و نیشتیمانی و نێودەوڵەتی کارێکی زۆر گرنگە.

ئینیستیتیوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی ساڵانێکی زۆر یارمەتی گرنگی دارایی و تەکنیکی بۆ ئەو دامەزراوە حکومی و ناحکومییانەی عێراق پێشکەشکردووە کە لە بواری ئاشتەوایی و بونیادنانی ئاشتی کار دەکەن. بۆ نموونە، ئەم ئینیستیتیوتە پێشتر پشتگیری دارایی چەندین پڕۆژەی ئینیستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) کردووە، لەوانە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەسەر ڕوانگەی کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکان بۆ ئاشتەوایی و ململانێ لە عێراق. لەو چوارچێوەیە، مێری لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی ئەنجامدا، هەروەها پێنج ڕاپۆرتی پۆلەسی لەسەر ڕوانگەی مەسیحی و یەزیدی و تورکمان و شەبەک و سابیئەی مەنداییەکان بڵاوکردەوە.

لە ١١ی شوباتی ٢٠١٨، مێری مێزگردێکی بۆ شاندی باڵای ئینیستیتیوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی، بە بەشداری کەسانی خاوەن بڕیار و بۆچوون لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەکادیمستان و توێژەرانی مێری، ڕێکخست. مێزگردەکە لە ژێر ڕێسای چاتام هاوس بەڕێوەچوو. لە خوارەوە پووختەی گفتوگۆ و دەرەنجامەکانی چاڵاکییەکە خراوەتە ڕوو:

گەڕان بە دوای گەشبینی لە ئایندەدا

عێراق کەوتۆتە ژێر کاریگەری دەرەنجامی چەندین ڕووداوی یەکلاکەرەوە کە لە پێنج مانگی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناگۆکان لە لایەنە دەسەڵاتی فیدڕالییەوە، هەروەها شکستی سەربازی ڕێکخراوی داعش لە عێراق.

بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە سەرکەوتنە سەربازییەکان بەسەر داعش بوونەتە هەنگاوێکی میحوەری وهۆکارن لە دروستکردنی پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە عێراقدا چونکە ئەم کەشە وایکردوە کە  چاڵاکوانەکانی ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگە داوابکەن  کە حکومەت هەنگاو بنێ بەرەو چاکسازی لە دۆخی حوکمڕانی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.

لەگەڵ ئەوەش، زۆربەی بەشداربووان تاوتۆیی ئەوەیان کرد کە حکومەتی عێراقی تاڕادەیەکی زۆر بێدەنگ بووە لە ئاست داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵک. لەدەرەنجامدا، هاوڵاتییانی عێراق بە باشی لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی ناڕوانن، هەست بە ڕەشبینی دەربارەی ئایندە دەکەن، ترسیان لەوە هەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایندە هەمان جۆری سەرکردایەتی دروست دەکاتەوە کە حیزبە سیاسییەکانی شیعە حکومەتی ئایندە پێکدەهێنن و بەردەوامی بە دۆخی هەنووکەیی دەدەن.

بەشداربووان هەروەها گفتوگۆیان لەسەر ناتوانایی حکومەت لە دروستکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانی حکومەت و هەروەها لە نێوان کۆمەلگە ناوەخۆییەکان کرد، بە تایبەت لە ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێردەستی ڕێکخراوی داعش. هەرچەند چەند ملیۆنێک لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەشێکی زۆریان هەست بە نائارامی دەکەن بە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی بەردەوام و بوونی ئەندامانی داعش کە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە بیانگرن سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان دەسەڵاتیان لە بوونی ئەندامانی داعش ئاگادارکردۆتەوە. زیاد لەمەش، هێشتا چەند ملیۆنێک ئاوارەی دیکە هەیە کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە، بە تایبەت کەمینەکان، هەروەک توێژینەوەیەکی مێری دەریخست کە زۆربەیان یا دەیانەوێ کۆچ بکەن یا لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.

ریفراندۆمی کوردستان و دەرەنجامەکانی

ئێستاش هەرێمی کوردستان لەژێر باری دەرەنجامەکانی ریفراندۆمدا دەرنەچوە، کە بوونەتە هۆی ئەوەی حکومەتی فیدڕالی چەند رێکارێکی سزادان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، لەوانە ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بەکارهێنانی هێزی چەکداری بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدڕالی بەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، لەوانە کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧. ئەوەش بە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەلێر دادەنرێ. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە درێژی و بەردەوامی سزاکانی سەر هەرێمە، کە زیانی ئابووریان بە هەرێمی کوردستان گەیاندوە و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خراپترکردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لێکەوتۆتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی دادێ، کە لە ١٢ی مایس ٢٠١٨ بەڕێوەدەچێ، بووەتە رێگرێک لەبەردەم بەرەوپێشچوونی دانوستەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، چونکە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەدوای گوتاری ناسیۆنالیستی توندەوەن. هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان هیوایان لەدەستداوە بەر لە هەڵبژاردن دانوستانێکی جددی بێتە ئاراوە، وا دەبینن کە بەغدا گرنگی بە دانوستان لەسەر کێشە سەرەکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر نادات کە لە بنەڕەتدا بوونەتە هۆکاری خراپبوونی پەیوەندی نێوانیان. لاوازی حکومەتی هەرێم و لێکترازانی نێوان پارتە سیاسییە کوردستانییەکان هۆکارێکی دیکەن لەسەر شێوازی ڕەفتاری بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

هەستێکی گشتی لە نێو خەڵکێکی زۆری هەرێمدا هەیە کە حکومەتی عەبادی سزای خەڵکی کوردستان دەدات، نەوەک سیاسییەکان. سزاکان، کە هەندێکیان دەبنە هۆی کۆنترۆڵی زیاتری بەغدا بەسەر هەولێر، جێگەی نیگەرانی کوردستانییەکانە چونکە پێیان وایە ئەوە دەبێت هۆی لاوازبوونی ئۆتۆنۆمی کوردستان، کە لە دەستوری عێراقدا دیاریکراوە.

ئەوەی بەدی دەکرێت ئەوەیە کە جۆرێک لە بێئومێدی بەرامبەر بە هەڵوێست و پشتگیری ئەمریکا بۆ حەیدەر عەبادی بەدیدەکرێت، ئەمە لەگەڵ پشتگیری ئێران ، عەبادی پاڵپشتیەکی ئەوتۆی بوو دروستبووە لە گرتنەبەری ئەو ڕێکاری سزادانە و گرتنی ناوچە جێناکۆکەکان. بەڵام، ئەو پشتگیرییەی ئەمریکا دەکرێت لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەو وڵاتە هەژمار بکرێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پارێزراوی و خۆشگوزەرانی بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لەگەڵ ئەوەش، ئەو ڕێگەیە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووخانی تەواوی پڕۆسەکە چونکە دەبێتە هۆی لێک دوورکەوتنەوەی زیاتری عەبادی و کوردەکان لە یەکدیدا.

ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان

کۆماری ئیسلامی ئێران وادەردەکەوێ کە کاریگەرییەکی بێشوماری بەسەر عێراقدا هەبێت. کاریگەری لەوشێوەیەش بە پارێزراوی دەمێنێتەوە چونکە ئێران سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی سیستەمی دەوڵەت و دامەزراوەکانی. هەروەکو حیبزوڵای لوبنانی، باڵە ئێرانییەکانی نێو حەشدی شەعبی و هاوپەیمانێتی ”سەرکەوتن” پێشبینی دەکرێ ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی دادێ بباتەوە. بەمشێوەیەش، ئێران کەمتر نیگەرانە لەسەر ئەوەی کێ پۆستی سەرۆک وەزیران دەباتەوە، بەڵکو زیاتر گرنگی بەوەدەدات عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە و تیایدا تەهڕان پارێزگاری لە نفوز و کاریگەری بەسەر دامەزراوەکان و کۆمەڵگادا بکات.

زۆرێک لە بەشداربووان باوەڕیان وابوو کە هەژموونی ئێران بەسەر پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لە عێراق لە بۆشایی سەرکردایەتی سەرچاوەی گرتووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ٢٠١١، کە تێیدا ئێران هەوڵیدا ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. سەرکردایەتی و بەشدارییەکی کارا و بونیادنەری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە عێراق پێویستە. نە ئەوڕوپا و نە ڕوسیا دەتوانن، یا دەیانەوێ ئەو سەرکردایەتییە بگرنە ئەستۆ. شکستی ئەوەش دەبێتە هۆی نفوز و کاریگەری زیاتری ئێران لە عێراق

کێشەکانی عێراق فرە ڕەهەندن، بۆیە ناکرێ کوورت بکرێنەوە بۆ شکستپێهانی سەربازی عێراق، یا بنبڕکردنی گەندەڵی. بۆیە دەبێ هەوڵێکی فرە ڕەهەند لە ئارادابێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ئاڵۆزەکانی عێراق. ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی وەکو ریفۆرمکردنی سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردنی عێراق کارێکی یەکلاکەرەوەی گرنگە. ئەو گۆڕانکارییانە ڕوونادەن ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە جێگەی جەختکردنە سەر دامەزراوەکان جەخت بکاتە سەر بەهێزکردنی کەسایەتییەکان وەکو عەبادی. ئەکتەرەکان لە ئاستی ناوەخۆیی دەبێت بەهێزبکرێن و تواناکانیان زیاد بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن و بە دەنگی چاڵاکییە نێودەوڵەتییەکانەوە بێن.

شاندی ئینیستیتیوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی پێکهاتبوو لە سەرۆکی ئینیستیتیوت خاتوو نانسی لیندبۆرگ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بەڕیز ستیڤان هەیدلی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێز سەرهەنگ هەمە سەعید، بەڕێوەبەرەکانی پڕۆژەکانی عێراق بەڕێزان ئوسامە ئەل غەریزی و ژود خەلەف.

Comments are closed.