Back

لەسەر پێشنیازی ئینستیتیوتی مێری و جینیڤە کۆڵ: پاپەندبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بڕیاری بۆ دەردەچێت

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکردووە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پاپەندبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە یاسای نێودەوڵيتی مرۆیی و پاراستنی خەڵکی سیڤیل لە کاتی جەنگ. ئەمەش دوا بەدوای پێشنیازی ئینستیتیوتی مێری و جینیڤە کۆڵ، کە بەیەکەوە زنجیرەیەک وۆرکشۆپیان بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە ئەنجامدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەم بڕیارە نوێیە، کە لە لایەن فەرماندەی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە، مەسعود بارزانی واژۆکراوە، لە لایەن ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر لە بەرواری ٣٠ ئایار ڕاگەیەندرا، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە وۆرکشۆپێک کە سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی پێشـەرگە و هەردوو جێگرەکانی، فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا، ئامادەیبوون.

جەبار یاوەر جەختی کردەوە کە ا) بڕیارەکە داخوازە لە فەرماندەکانی پێشمـەرگە لەسەرجەم بەرەکانی شەڕی داعش بۆ پیادەکردنی نۆرم و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، یاساکانی بەڕەنگاربوونەوە و پاراستنی خەڵکی سیڤیل؛ وە ب) پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە ڕاهێنان و فێرکردنی شیاو دەربارەی ئەو بابەتانە وەربگرن، کە وەزارەتی پێشـەرگە لە لای خۆیەوە پەیوەندی کردووە بە ڕێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارە لە گرنگی پابەندبوون بەو یاسا و بنەمایانە، خاوەن کادیرە لە هەر یەکەیەک کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاهێندراوە – لە نێویاندا خاچی سوور. بەهەمان شێوە، وەزارەت هەڵساوە بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی یاساکانی (١٩، ٣٣، ٣٤) وە داوای پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە بۆ دیراسەتکردنی ئەو یاسایانە بەر لە ئەنجامدانی هەموارکردنەوەکان. بەڵام، پێویستی میکانیزم و ڕێگایەکی پتەو بۆ پەیڕەوکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی وەزارەتی پێشمەرگەی ناچارکردووە کە داوای پاڵپشتی لە دامەزراوەی هاوشێوەی ئینستیتیوتی مێری و جینیڤە کۆڵ بکات.

وۆرکشۆپی هاوبەشی ئینستیتیوتی مێری و جنێڤە کۆڵ ئامادەکراوە بە ئامانجی دەستنیشانکردنی کەلێن و بەربەستەکان لە ڕاهێنان و هەڵسوکەوتی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا. سەرەڕای ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان لە شەڕێکی چڕ بەشدارن، بەڵام پێویستە لەسەریان کە بڕیاری مۆراڵی دروست بدەن.

پێویستە پێشمەرگە پابەندی یاسای نێودەوڵەتی و ستانداردەکان بێت بە دانانی ڕێسای ورد بۆ بەڕەنگاربوونەوە و بنیاتنانی متمانە لە نێوان خەڵکی ناوچەکانی جەنگ و دروستکردنی میکانیزمی ئەوتۆ بۆ بە سزا گەیاندنی سەرپێچیکاران.

هەروەها، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەهەمان شێوە داوایان لە ئینستیتیوتی مێری، بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان لەنێویاندا جینیڤە کۆڵ کرد، کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەت واژۆبکەن و یارمەتیان بدەن بۆ ئامادەکردنی پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە؛ دەستنیشانکردنی ڕێساکانی بەڕەنگاربوونەوە بەپیادەکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی؛ ئامادەکردنی خوێندنەوەی پێویست بە زمانی کوردی و دابەشکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا جەخت کرایەوە کە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لێژنەی تایبەتی بۆ سەرپەرشتی کردنی بەرەکانی جەنگ و بەدواداچوونی پێشێلکاریەکان پێکهێناوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە چاودێری و هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی پۆڵەسی و پێشنیازەکان، وە بەدەنگەوە هاتنی هەر سکاڵایەک کە لە دەرئەنجامی جەنگ دێتە ئاراوە.

Comments are closed.