Back

لێکترازانی سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

  • ئێریک براون، توێژەری پێشکەوتوو، ئینستیتیوتی هودسن
  • ساموێل تادرۆس، توێژەری پێشکەوتوو، ئینستیتیوتی هودسن

دیبەیتی ئینستیتیوتی مێری – دووشەممە، ١٣ حوزەیران ٢٠١٦

“خەڵکی ڕۆژئاوا گفتوگۆیەکی بەرتەسکیان هەیە بۆ هەڕەشەی ئەمنی؛ ئەوان دەڵێن داعش [دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا] گەورەترین هەڕەشەی ئەمنییە، یاخود فراوان بوونی هەژموونی ئێران مەترسیەکی گەورەیە، بەڵام لەبری ئەوە [ئێمە] تەرکیز دەکەینەسەر ناسەقامگیری وڵاتان. ناسەقامگیریی سیاسی هەڕەشەیەکی گەورەترە، بەگوێرەی بۆچوونەکانی ئێریک براون.

سەرەتای گفتوگۆکە بە لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەی ئێریک براون دەستیپێکرد لە ژێر ناونیشانی “قەیران و لێکترازانی سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، وە دواتر بە بەشداری ساموێل تادرۆس دەربارەی “سیاسەتی عەرەبی و پێکهاتە ئێتنی و ئاینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بەهەمان شێوە، دیبەیتەکە تیشکی خستەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستانی عێراق، وە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانن چی بکەن بۆ پاڵپشتی کردنی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پەرەپێدانی دامەزراوەکانی فەرمانڕەوایەتی.



هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە گۆڕانکاری گەورە تێپەڕدەبێت، وە سنوورە ئێتنی و ئاینی و نیشتیمانییەکان مانایەکی ئەوتۆیان نەماوە. لە دەرئەنجامی لێکترازانی سیاسی، پرۆسەیەکی گۆڕانکاری بەرچاو لە ئارادایە. لەوکاتەی حکومەتەکان هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیانن بە بەکارهێنانی هێز، لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە زیاتر مایەپووچ دەبن. سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ نموونەیەکی بەرچاوە بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە.

ئەو نەوە لاوەی کە ئێستا لەم ناوچەیە دەژین ئەزموونی دروستبوونی وڵاتەکانیان نەکردووە. ئەزموونی نەوەی پێشوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداری لە لایەن دەسەڵاتە سیاسیەکانەوە، ناچاری کردوون کە بەدوای سیستەمێکی سیاسی دوور لە ناسنامەی نیشتیمانی، ئیتنی و کەلتووری بگەڕێن. ئەمەش وای لەو دانیشتووانە کردوە کە ببن بە قوربانی کاراکتەر و بزوتنەوە باڵادەستەکانی وەک داعش، کە ناسەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە و بۆ جیهان دەهێنێت. ئەم دۆخە لاوازە بەسەر وڵاتە کۆماریەکان جێبەجێ نابێت، بەڵام شانشینەکانی کەنداو دەگرێتەوە، ناتوانن بەرگەی فشاری سیاسی بگرن. ژێرخانی لاوازیان ئەگەری لێکترازانی زیاتر کردوون. بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتانە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە پرۆژەیەکی ٢٠-٣٠ ساڵ دەخایەنێت، وە بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیریی ئەمنی ئێستا، دەبنە ئامانجی گرووپی هاوشێوەی داعش لە ژێر کاریگەری هێزەکانی ناوچەکە بەمەبەستی فراوانکردنی هەژموونیان لە ناوچەکە.

لە لایەکی تر، بارودۆخی سوریا و عێراق بەخێرایی لە گۆڕاندایە و بۆتە جێگەی سەرسورمان بۆ خەڵک لە دەرەوە. هێزە جیهانییەکان بەدوای سەرچاوەکانی سیاسەت دەگەڕێن بۆ سەقامگیرکردنەوەی ناوچەکە. دەکرێت  حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەک بێت بۆ تەواوی ناوچەکە. پێویستە ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی برەو بە پێکهاتەی سیاسی و دامەزراوەیی و ئابووری وەک مۆدێلێک بۆ بنیاتنانی عێراق و شام چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگەی چەندین ئاستەنگ و تاقیکردنەوەی گرتووە.

بۆیە، کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت. بەدرێژایی چەندین سەدە، پێکهاتە ئێتنی و ئاینیەکان بوونەتە بەشێک لە نەتەوەی عەرەبی و ناسنامەی خۆیان لەدەستداوە وەک ئاڵوگۆڕێک بۆ پاراستنی ناسنامەی ئاینی یاخود ئێتنیان لە چوارچێوەی سنووری نیشتیمانێکی عەرەبی. “فتوحاتی ئیسلامی نەک تەنیا خەڵکی ئەو ناوچانەی کردۆتە ئیسلام، بەڵکو هەوڵی ئاوێتەکردنی ئەو کەلتوور و ئێتنیانەی کردووە بۆ کەلتووری عەرەبی. تاڕادەیەکیش سەرکەتوو بوونە تێیدا” بەگوێرەی بۆچوونەکانی ساموێل تادرۆس. هەندێک گرووپ لەنێویاندا، فارس و تورکەکان میتۆدی تریان بەکارهێنا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی شەپۆڵی بەعەرەب کردن، بەڵام ئەوەی کە کەمتر ڕوونە ئەوەیە کە کوردەکان چۆن توانیویانە ناسنامە و کەلتووری خۆیان بپارێزن و بیگوازنەوە بۆ ئەم سەردەمە.

بەتێپەڕبوونی کات، ڕۆڵی کورد لە عێراق و سوریا پتەوتر دەبێت. ئێستا کورد یاریکەرێکی گەورەیە لە وێناکردنەوەی پێکهاتەی مۆزایکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست. لەوکاتەی ڕێژەی وەچە نانەوە لە نێو کورد بەرزترینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئایندەدا ڕۆڵێکی سیاسی بەرچاویان دەبێت لە ناوچەکە. هەردوو توێژەر پێیان وایە کە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ کورد، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ سوود وەرگرتن لەو دەرفەتە دەگمەنە مێژووییە – کە لەوانەیە دووبارە نەیەتەوە ئاراوە – بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆیان لەڕێگەی بەدامەزراوەییکردنی حکومەتەکەیان، گەڕاندندنەوەی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئەوەی ببنە فاکتەرێکی گەورەی سەقامگیریی لە ناوچەکە نەوەک لاوازکردنی.

Comments are closed.