Back

تیمی ئینستیتیوتی مێری تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە دەکات لەگەڵ بەرپرسان و دامەزراوەکانی توێژینەوە لە ئەمریکا

لە سەردانێکی بەم دواییە بۆ واشینگتن دی سی شاندێکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە  دامەزراوەی توێژینەوە بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیبەیت میوانداریکران. شاندی ئینستیتیوتی مێری بەهەمان شێوە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی ئەنجام دا. ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتیان ڕەخساند بۆ ئاماژەدان بە پڕۆژەکانی ئینستیتیوتی مێری بە ئامانجی ئاشتی، سەقامگیری، بنیاتنانی نیشتیمان (نیشتیمانسازی)، مافەکانی مرۆڤ و بەدیموکراسیکردن لە ناوچەکە و تاوتوێکردنی پەرەسەندنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.  کلیک بکە بۆ بینینی وێنەکان.

. پێویستە ئەمریکا دڵنیایی بکات کە ئاشتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرقەراربێت و کوردستان ببێتە باشترین هاوپەیمان لە ناوچەکە و پەیوەستبێت بە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی

سەرەتا، شاندی ئینستیتیوتی مێری لە لایەن ئینستیتیوتی بروکینگز میوانداریکران بۆ کۆبوونەوەیەک لەژێرناونیشانی “ئایندەی کوردستان” کە تێیدا توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری تاوتوێی پڕۆژەکانی ئینستیتیوتیان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیستان و پسپۆران کرد، بەتایبەتی هەردوو ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئینستیتیوت دەربارەی کەرکووک و پاراستنی مافی پێکهاتەکان. دواتر گفتوگۆکان هاتنەسەر ئەو ڕێگایانەی کە تێیدا ئەمریکا دەتوانێت بەشێوەیەکی بنیاتنەر و داهێنەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاربکات، لەوکاتەی کە ناوچەکە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بۆتەوە. توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری ژمارەیەک بژاردەیان دەستنیشانکرد کە ئەمریکا دەتوانێت بیانگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی بەئامانجی سەقامگیری و وێناکردنی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت. هەرەوەها بایەخی تایبەت درا بە چۆنیەتی بەشداریپێکردنی بڕیاردەران بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە، بەمەبەستی پەرەپێدانی فەرمانڕەوایەتی دروست و سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان. جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ئەمریکا دڵنیایی بکات کە ئاشتی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەرقەراربێت و ببێتە باشترین هاوپەیمان لە ناوچەکە و پەیوەستبێت بە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی.

تیمی ئینستیتیوتی مێری لە زۆربەی دیدار و کۆبوونەوەکانیان بەتایبەت لەگەڵ بەرپرسان لە دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەیاندا بەوەی کە لەوەتەی دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێستای عێراق، چاوەڕوانی خەڵک بۆ چاکسازی ڕیشەیی لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی، بنیاتنانی نیشتیمان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەرکەوتن لەشەڕی دژ بە داعش زیاتر بووە. لە ئێستا، عێراق گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیار کە گەڕانەوەی تێیدا نیە. بەدەستهێنانی گۆڕانکاری زۆر دژوار بووە ئەگەر ئەستەم نەبێت. عێراق ئێستا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی نەبڕاوەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی بۆتەوە. ئەم قەیرانانە کە بەیەکەوە گرێدراوان، ئاستەنگێکی دژواری بۆ دەسەڵاتەکان لە عێراق دروستکردووە. لە لایەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان، لەژێر کاریگەری هەمان ئەو قەیرانانە گرفتار نیە وەک بەغدا. هەرچەندە بەرەوپێشچوون لە ڕووی سەقامگیری و دیموکراسی و سەروەری یاسا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو گەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بەرەوپێشچوون و ڕوونی بەرچاویان بەخۆیانەوە دیووە. کوردستان وەک باشترین هاوپەیمانی ڕۆژئاوا دادەنرێت لە شەڕی دژ بە توندڕەویی و تەنیا هێزی شەڕکەری زەمینی کە توانیوویەتی بەرەوپێشچوونەکانی داعش ڕابگرێت و ڕووبەرێکی بەرچاو لە چەندین شارۆچکە و گوند ئازاد بکات.

قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەو ئەگەرەی هەیە کە هاوپەیمانی دژ بە داعش لاوازبکات

شاندی ئینستیتیوتی مێری بەهەمان شێوە لە لایەن ئینستیتیوتی ئاشتی وڵاتە یەکگرتووەکان میوانداریکرا بۆ کۆبوونەوەیەک لە ژێرناوی “قەیرانەکانی عێراق: ڕەهەند و بۆچوونەکان” کە زۆربەی گفتوگۆکان پڕژانەسەر کێشە سیاسیە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان. قەیرانی ئەم دواییەی دارایی و ئەمنی و ناکۆکییەکان لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆشایی نێوان پارتە سیاسیە ڕکابەرەکانی زیادکردووە کە لەهەمان کاتدا هاوپەیمانن لە حکومەتی نیشتیمانی بنکەفراوان. توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری ئاماژەیان بە دەرئەنجامی خراپی چارەسەرنەکردنی ئەم کێشە سیاسیانە کرد. بەهەمان شێوە، داواکرا لە ئەمریکا کە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان باشتربکات و بەهەمان شێوە ئەمریکا پێویستی بە سیاسەتێکی دەرەوەی وردتری بۆسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

چالاکییەکی تری شاندی ئینستیتیوتی مێری لە ئینستیتیوتی واشینگتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بوو کە تێیدا زۆربەی گفتوگۆکان پڕژانەسەر شەڕی دژ بە داعش و ڕۆڵی کورد لەم شەڕەدا. لەوکاتەی کە کوردەکان سەلماندوویانە کە هاوپەیمانێکی مەیدانی بەوەفا و جێگەی متمانەن بۆ ئەمریکا، بەڵام قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەو ئەگەرەی هەیە کە هاوپەیمانی دژ بە داعش لاوازبکات. ڕۆڵی ئێران، ڕووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان سوریا بەهەمان شێوە تاوتوێکرا. ئەو پرسە ئاڵۆزە جیۆپۆلەتیکیانە جێگەی بایەخ و سەرنجی ئامادەبووان بوو کە پێک هاتبوون لە ئەکادیمیستان و داڕێژەرانی سیاسەت. توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری بەوردی باسیان لەو کاریگەریانە کرد کە کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانبێت.

ئاژاوە و توندوتیژی خزمەت بەهیچ مەبەستێک ناگەیەنێت، پێویستە پارتە سیاسیەکان تەرکیزیان لەسەر شەڕی داعش بێت و کاتی غافڵەتی نیە

شاندی ئینستیتیوتی مێری بەمان شێوە لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و دواتر دیدارێکیان بۆ سەرۆکی ئینستیتیوتی لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە واشنگتن ڕێکخست. ڕەوەندی کوردی کە نیگەرانبوون لە کاریگەریە خراپەکانی قەیرانی سیاسی ناوخۆی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم نیگەرانیانە پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە شکستەکانی ئێستا بەهاوبەشی دەکەوێتە ئەستۆی هەر پێنج پارتی سیاسی سەرەکی هەرێمی کوردستان و وتی “ئاژاوە و توندوتیژی خزمەت بەهیچ مەبەستێک ناگەیەنێت، پێویستە پارتە سیاسیەکان تەرکیزیان لەسەر شەڕی داعش بێت و کاتی غافڵەتی نیە”. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسیارێتی هەموومانە کە ڕێگە لە قوڵبوونەوەی کێشەکان بگرین و ڕێگا خۆش بکەین بۆ گفتوگۆ. هەروەها ئەوەی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە ڕەوەندی کوردی دەتوانێن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێن لە لۆبیکردن بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و سەرانسەری جیهان.

Comments are closed.