Back

بۆ ساڵی پێنجەم: مێری یەکەمی عێراق و لە لوتكەی وڵاتانی ناوچەكەیە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی 2019 ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی(Think Tanks and Civil Societies Program) کە ئینستیتیوتی (لاودەر) لە زانکۆی پێنسێلڤانیا ی ئەمەریكی دەریدەکات، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) لە پێشەنگی ڕیزبەندی دامەزراوەکانی توێژینەوەدایە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، وە بۆ پێنجەم ساڵ لەسەر یەک لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکە دێت لە نێو دامەزراوەکانی توێژینەوە‌ لە عێراق.

لە ڕیزبەندییەکەدا، بە بەراورد لەگەڵ پارساڵ، ئینستیتیوتی مێری پلە سەركەوت بۆ پلەی 34 لە كۆی 507 دانە سەنتەری توێژینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا (واتە لە 7% ی لوتكە). ئەو دەستکەوتانە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی سیاسی، ئەمنی و دارایی لە عێراق و زیادبوونی ئاستی ڕکابەری دامەزراوەکانی توێژینەوە و تینک تانکەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، جێگەی بایەخە.

لە ئیندێکسەکەدا، ئینستیتیوتی لاودەر هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی دامەزراوەکانی توێژینەوە لە داڕشتنی پۆڵه‌سی (سياسات) لە حکومەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەرتاسەری جیهان دەکات؛ سیستەمێکی زانیاری فراوانی بۆ بيرتانك (ثینک تانکە)کان، دروستکەرانی بڕیار و گرووپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە گرنگی بە داڕشتنی پۆلەسی دەدەن، دروست کردووە. وە ساڵانە ڕیزبەندی بيرتانکە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر چەند پێوەر و بوارێکی پۆلەسی دەکات.

ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ دەستنیشانکردن و ناساندنی ناوەندە پێشکەوتووەکان لە هەموو بوارە سەرەکییەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی لە هەموو بەشەکانی جیهاندا داڕێژڕاوە. ئەم ساڵ یازدەمین ساڵە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئینستیتیوتی لاودەر بۆ بۆ ناساندن و خستنەڕووی کاریگەری و پێگەی تینک تانکەکان لە ئاستی جیهاندا. وەکو بەشێک لە پڕۆسەکەدا، 8248 تینک تانک لە لایەن 45,969 ڕۆژنامەنووس، دروستکەرانی بڕیار، دۆنەرە حکومەتی و ناحکومییەکان، هەروەها پسپۆری جێبەجێکاری و بوارە هەرێمایەتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. ئەو کەسانە داواکرابوون بۆ دەستنیشانکردن و پۆلێنکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی بۆ ساڵی 2019. شێوازی پۆلێنی ئیندێکسەکە لە لایەن چەند پانێڵێکی تایبەتەوە کە لە سەدەها ئەندام لە بوار و باکگڕاواندی جیاواز پێکهاتبوون، بڕیاری لەسەردرا.

پێوەری پۆلێنکردنەکە چەند بنەمایەکی لە خۆگرتبوو، لەوانە کواڵێتی و پابەندبوونی ستافی دامەزراوەکە، چەندێتی و کواڵێتی و ڕووماڵی بڵاوکراوەکان، وە هەروەها کارامەیی ئەکادیمی و ناوبانگی ئەو دامەزراوەیە و کاریگەری بڵاوکراوەکانی لەسەر داڕێژەرانی سیاسەت.

لە هەمان ڕۆژی دەرچوونی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لە 29 ی کانوونی دووەمی 2020 دا، سەد تینک تانک و رێکخراوەکانی پەیوەنددار بە پۆلەسی لە 85 وڵاتی جیاوازدا چاڵاکی ئەنجام دەدەن. لەو ڕۆژەدا، ئینستیتیوتی مێری وۆركشۆپێكی بە ناونیشانی (لامەركەزیەت و ریفۆرمی سیستەمی حوكمڕانی هەرێم) ئەنجامدا، و بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك پسپۆر و دیپلۆماتكار و داڕێژەرانی سیاسات، كێشە و چارەسەریەكانی پەیكەری حكومەتی خۆجێیی تاوتوێ كرد.

ئینستیتیوتی مێری دڵخۆشە بەو دەرەنجامە و سوپاسی ستافەکانی ئێستا و ڕابردوو و تۆڕی پشتگیریکەرانی لە ئاستی ناوەخۆ و جیهانی دەکات. تەواوی ڕاپۆرتی ساڵی 2019ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لەو لاپەڕەیەدا دانراوە وەیان لە رێگەی ماڵپەڕی زانكۆی پێنسێلڤێنیا لەو لینكەدا دادەست دەکەوێت.

راپۆرتی ریزبەندیەكە لێرە دابەزێنە

Comments are closed.