Back

ئینستیتیوتی مێری و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون تاوتوێی بوارەکانی ڕیفۆرم و هاوکاری دەکەن

“پێشوازی لە هەماهەنگی لەگەڵ ئینستیتیوتی مێری دەکەین و هەمان ئامانجمان هەیە بۆ ڕیفۆرمکردنی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە هەرێمی کوردستان” دکتۆر نوری عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ تیمی ئینستیتیوتی مێری ڕایگەیاند.

لە سەردانێکی فەرمی تیمی ئینستیتیوتی مێری بۆ فەرمانگەی ناوبراو لە هەولێر، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی چەند کارێکی هاوبەش بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە ژمارەیەک وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە دیدارەکەدا، دکتۆر نوری عوسمان هەڵسا بە ناساندنی ستافی فەرمانگەکەی کە ئەوانیش لای خۆیانەوە کورتەیەک لە پڕۆژەکانی خۆیان پێشکەشکرد و تیشکیان خستەسەر ئاستەنگ و ئەگەرەکان لە بەدەستهێنانی پەرەسەندن. بەهەمان شێوە، ئاماژەیان بە هەندێک پرۆژەکرد کە خاڵی هاوبەشی فەرمانگەکەیانە لەگەڵ ئەرک و ئامانجەکانی ئینستیتیوتی مێری.

“پێویستە دامەزراوە حکومییەکان بایەخ بە فەرمانڕەوایەتی دروست بدەن”

پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، دەستخۆشی لەو ستافە بەتوانایە کرد کە ئاستێکی بەرزی لێهاتوویی و سووربوونیان نیشانداوە سەرەڕای ئەو بەربەستانەی دێتە پێشیان. وە دوپاتی کردەوە کە دەکرێت هەردوو دامەزراوە بەیەکەوە کاربکەن بە ئامانجی گۆڕانکاری و کارکردنە سەر پرۆسەی بڕیاردان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی لوتکەییدا. ڕێبازی ئەکادیمی و بێلایەنی ئینستیتیوتی مێری لە لایەن فەرمانگەی ناوبراو بەرزنرخێندرا و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دروستکردنی فشار بۆسەر دامەزراوە حکومییەکان بۆ ئەوەی بایەخ بدەن بە پرۆسەی فەرمانڕەوایەتی دروست. پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین بەهەمان شێوە تیشکی خستەسەر گرنگی دیراسەتکردنی بەربەستەکان و پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاوە لەگەڵ کلتووری فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا، هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر بایەخدان بەو بوارانەی کە پێشینەن بۆ پرۆژەی هاوبەش، لە نێویاندا دڵنیایی جۆری لە بواری کارگێڕی و هەڵسەنگاندنی خزمەتگوزاریی و لێهاتوویی کارمەندان لە هەندێک دامەزراوەی گرنگ دا. وابڕیارە هەردوولا ڕێکەوتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو بکەن کە ڕێگاخۆشکەربێت بۆ ستافی هەردوولا بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی یەکتر.

Comments are closed.