Back

ئایندەی کەرکوک: نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەری پرسی پارێزگاکە

پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان وەک یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکان ماوەتەوە و پێویستە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەری بکەن. بەڵام بۆ ئەوەی هەر بەرەوپێشچوونێک بە ئاراستەی چارەسەرکردنی دۆخی ئەو پارێزگایە بێتە ئاراوە، پێویستە چەندین بابەتی پەیوەست بە دۆخی کۆتایی کەرکوک چارەسەر بکرێن. ئاشکرایە کە سەرکەوتنی هەر چارەسەرێکی سیاسی پەیوەستە بە بوونی ویستی سیاسی و سازانی تێکڕای لایەنەکان، بەتایبەتی کاراکتەرە ناوخۆییەکانی کەرکوک.

IMG_6581

دوای ساڵێک لە توێژینەوەی مەیدانی لە کەرکوک، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) ڕاپۆرتی توێژینەوەکەی پێشکەش کرد بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەژێر ناونیشانی “ئایندەی کەرکوک: نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەری پرسی پارێزگاکە”. ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری پێشنیازی تێر و تەسەلی سیاسی لەخۆگرتووە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (دووشەممە، ٧ ئەیلول، ٢٠١٥) لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێشکەش کرا.

IMG_6561

بە گوێرەی وتەکانی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری بە گەشبینیەوە پێشوازی لێکرا و وتی “ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری یەکەمین ڕاپۆرتە پيشکەش دەکرێت لەوەتەی ساڵی ٢٠١١ وە یەکێک لە ئامانجە سەرکیەکانی کۆکردنەوەی کاراکتەرە جیاوازەکانی کەرکوک بەیەکەوە بۆ دیبەیتکردنی پرسی کەرکوک و دۆزینەوەی چارەسەرێک. ڕاپۆرتەکە لە کاتێکی گونجاوە پيشکەشکراوە ئێتر بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئێمەی سەرکردەکانی کەرکوکە بۆ کارکردن لەسەر ئەم نەخشە ڕێگایە و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک وەرەقەیەکی کار بۆ بردنە پێشەوەی پرۆسەکە”.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لە هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا، جگە لە ئەندامانی ئەنجومەن، بریتی بوون لە کاراکتەرە سیاسییە ناوخۆییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. هەروەک چۆن لە لایەن کاراکتەرە ناوخۆییەکانەوە دووپاتکرایەوە، مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکوک چارەسەر نیە و بەڵکو پێویستی بە دەستپێکردن و پەیڕەوکردنی پرۆسەیەکی سیاسییە. کوانگکۆ چۆی، بەڕێوەبەری نووسینگەی یونامی لە کەرکوک گوتی “ئێمە خۆشحاڵین کە ئینستیتیوتی مێری هەوڵێکی جیدی داوە بۆ داڕێژتنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک. هیوادارین ئەم چالاکیە ببێتە هاندەرێک بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە ڕێگەی دیالۆگ”.

IMG_6514

ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری چەندین پێشنیازی ڕوون لەخۆ دەگرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئامانجی گەیاندنی پرسی پارێزگاکە بە چارەسەر و زەمینەسازیکردن بۆ دیبەیتی دروستکەر لەمەڕ ئایندەی کەرکوک، کە ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی ئاستێکی بەرزتری پەیوەندی و لۆبیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەخۆگرتنی ڕێکارەکانی بنیاتنانی متمانەوە دەردەکەوێت. پێویستە ئەم هەنگاوانەش ئەنجام بدرێن بە ئامانجی بەدیهێنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی کەرکوک.

پەیڕەوکردنی ڕووانگەیەکی هەمەلایەنە و یەکگرتوو یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو بارودۆخی سیاسی و ئەمنیە نالەبارەی کە ڕووبەڕووی کەرکوک بۆتەوە. بەگوێرەی وتەکانی پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، “چارەسەری کەرکوک تەنها ئەوکاتە دێتە ئاراوە ئەگەر کاراکتەرە ناوخۆییەکان لە کەرکوک ویستی سیاسی پێویستیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک.

کلیک بکە بۆ داگرتنی راپۆرتەکە بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی.

Comments are closed.