Back

ئافرەت و تیرۆریزم و میدیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کوردستان وەک نموونە

“لە ساڵانی ڕابردوو، ئەنجامدانی توندوتیژی سێکسی دژ بە ئافرەتان لە کاتی جەنگ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە لە سەرانسەری جیهان. لەگەڵ ئەوەی کە ڕووماڵی چڕی بۆکراوە، بەڵام تا ئێستا بێدەنگی دەورەی ئەم پرسەی داوە” بەگوێرەی ووتەکانی پرۆفیسۆر گیل هایگ لە سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی زانکۆی بریستۆڵ لە میانەی سیمینارێک کە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بۆ توێژینەوە دەربارەی ئافرەت و تیرۆریزم و میدیا سازیکردبوو.

لە میانەی سەردانی چوارەمی بۆ هەرێمی کوردستان و کارکردن لەسەر هۆشیاری توندوتیژی جێندەری، پرۆفیسۆر هایگ ئاماژەی بە پێویستی لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەی توندوتیژی و چەوساندنەوەی دژ بە ئافرەتان کرد. پرۆفیسۆر هایگ ڕوونیکردەوە کە توندوتیژی جێندەری وەک تاوانی جەنگ ناسێندراوە و لەوکاتەی کە داعش چەوساندنەوەی ئافرەتانی یەزیدی بڵاودەکاتەوە، ئەم پرسە لە هەمووکاتێک زیاتر ڕووبەڕووی میدیا دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم پرسانە لەکاتی جەنگ زەق دەبنەوە، بەڵام جۆرەکانی تری توندوتیژی و چەوساندنەوە لەدوای جەنگیش هەن. بۆیە پێویستی بە ستراتیژیەکی هەمەلایەنە هەیە : یاسا لایەنێکیەتی: بەڵام پەروەردە و چالاکی مەدەنی و میدیا ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری و دروستکردنی ڕای گشتی”.

IMG_7916 (1024x683)

پرۆفیسۆر گیل هایگ, سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی، زانکۆی بریستۆڵ

ڕووماڵی کاریگەری ڕووداوەکانی شەنگال بووە هۆی بەرزکردنەوەی هیوا کە لەمە بەدوا پرسەکانی کۆمەڵگا و ئافرەت زیاتر گفتوگۆ و تاوتوێی لە بارەوە دەکرێت لە میدیا. بەڵام بۆ ئەم پسپۆڕانە، ئەم گەشبینیە ئەوەندە زۆر نیە بەهۆی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە بۆ دروستکردنی دیبەیتێکی درێژخایەن دەربارەی بەها و نۆرمە کەلتوریەکان و ئافرەت لە میدیای کوردستان.

تامان شاکر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان ئاماژەی بەوەدا کە “بەڕێوەبەری زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکان پیاون. بۆ ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە ئۆرگانی پارتەکانن، بۆشاییەکی بچووک بۆ پرسەکانی تری جیا لە پرسی سیاسەت تەرخانکراوە. ئەو بەڕێوەبەرانە بەرپرسیارن لەو جیاکاریە. تامان شاکر پێی وایە کە “شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پێویستە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لە کوردستان” لەهەمان کات گلەیی لە کەمی سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و دەنگی ئافرەتان کرد لە نێو میدیا.

ڕۆڵی میدیا وەک کاراکتەرێکی بەهێز لە کۆمەڵگا بەدرێژایی سیمینارەکە باسی لێوەکرا. دکتۆر نەزەند بەگیخانی، توێژەری پێشکەوتوو لە سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی لە زانکۆی بریستۆڵ پێی وایە “میدیا توانای دروستکردن و برەودانی بە دیبەیت و گفتوگۆ هەیە. بەهەمان شێوە، ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە پرۆسەی فەرمانڕەوایەتی، دروستکردنی ڕای گشتی لەمەڕ ئایدۆلۆژیا، کەلتوور و بڕیاردان”.

ئافرەتان لە کوردستان بەرەنگاری ئەم دۆخەی ئێستا بوونەتەوە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو وە زۆرگرنگە کە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بەردەوام بێت. دکتۆر بەگیخانی پێی وایە “لە کوردستان کەمی شیکاری ڕەخنەگرانە و ستانداردی پرۆفێشناڵ و ئیتیکی کارکردن هەیە”، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو جێگەی داخە چونکە میدیا ئەرشیف و ئیندێکسێکی گرنگی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی مافەکانی ئافرەتانە.

دکتۆر بەگیخانی بەرەوپێشچوونی ئافرەتانی لە میدیا بەرزنرخاند، بەڵام وەک تامان شاکر، ئاماژەی بە پێویستی نوێنەرایەتی زیاتری ئافرەتان کرد لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ و شیکاری ئەو بەربەستە باوکسالاریانە بێننە ئاراوە و چارەسەری ئەو یاسا نابەرکار و ناچالاکانە بکات کە لەبەردەستن. “بەدەنگەوە هاتنی حکومەت شێواوی پێوە دیارە و سیاسەت و یاساکان نەیانتوانیوە چارەسەری فۆرمە نوێکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە بکەن”.

IMG_7897 (1024x683) (2)

لە ڕێگەی میدیای ئینتەرنێتەوە (cyber media) ئافرەتان ڕێگای نوێیان بۆ هاتۆتە ئاراوە، بەو هۆیەوە دەتوانن بگەنە ئەودیوی ئەو شوێن و سنوورانەی کە تێیدان و بەو جۆرە دەنگی تاک تاکەیان و کۆدەنگیان دەگەیەنن و بەشدار دەبن لە دیبەیتی نێودەوڵەتی و برەودان بەخۆیان وەک کەسایەتی دیاری کۆمەڵگا. بەداخەوە، ئەمەش کاریگەری پێچەوانەشی لەگەڵە، چونکە شێوازی نوێی چەوساندنەوە بەرامبەر ئافرەتان سەری هەڵداوە. دکتۆر بەگیخانی ئاماژەی بەوەکرد کە “بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی پێکهاتەیی و چەوساندنەوەی ئافرەتان لە میدیای ئینتەرنێتی ئامانجی کوشتنی ئافرەتە بەشێوەیەکی سیمبوڵی. وەک هێمایەک بۆ نیشاندانی هێز و کۆنتڕۆڵکردنی ئافرەتان و خستنەژێری چاودێری ئافرەتان بەبەردەوامی، بۆ شێواندنی ناوبانگ و بێدەنگکردنیان و جیاکردنەوەیان [لە کۆمەڵگا]”.

سەرەڕای گشت ئەمانە، ئافرەتان هەمیشە قوربانی جەنگ نین. ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بۆنەتە شەڕڤان لە شەڕی دژ بە داعش. پرۆفیسۆر هایگ دەڵێت “ئەم ئافرەتانە جەنگاوەرن، چالاکوانن، بنیاتنەری ئاشتی و ئاشتەوایی و ژیانەوەن”. “مایەی شانازیە بەشداربم لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ بە بەڕەنگاربوونەوەی پرسەکانی ئافرەتان و مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان”.

سۆفی موزێت، نووسەر، پێی وایە “ڕۆڵی ئافرەتانی شەڕڤان لە شەڕی دژ بە داعش” و ئەو ئافرەتانەی کە شەڕ بۆ ئازادی خۆیان دەکەن لە شەنگال؛ نیشانە و سیمبولی بەرەوپێشچوونن و دەڵێت “چاوم کەوت بە ئافرەتێکی یەزیدی لە دژی داعش کە شەڕدەکات و پێی گوتم کە بەر لە کارەساتی شەنگال گۆرانیبێژ بووە و گۆرانی بۆ سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەگووت، بەڵام ئێستا سەرکەوتنەکانی خۆی تۆماردەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار:

Comments are closed.