Back

ئاستەنگەکانی بەردەم سیستەمی تەندروستی لەمەڕ قەیرانی مرۆیی لە عێراق

قەیرانی ئاوارەبوون و کەمبوونەوەی بەرچاوی سەرچاوە داراییەکان بوونەتە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی. ئەمە سەرباری بوونی کێشەی پێکهاتەیی (هەيکەلی) لە شێوازی فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە کەرتی گشتی بە ئاستێک کە کاریگەری لە کواڵیتی و کارایی ئەو خزمەتگوزارییە کردوە. لە دەرئەنجام، ئەو بارودۆخە ناهەموارەی زۆربەی ئاوارەکان – کە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە شوێنی مانەوە و ئەو ڕاستیەی کەوا ژێرخانی کەرتی گشتی بەرگەی ئەو قەبارە گەورەیەی قەیرانی مرۆیی ناگرێت – مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی تەندروستی زۆرتر دەکات. لە سۆنگەی ئەوەی کەوا ئەم حاڵەتە پێویستی بە شیکاری وردی ئاستەنگ و ستراتیژ هەیە، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە بەرواری ٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠١٥، وۆرکشۆپێکی دەربارەی سیاسەتی تەندروستی سازکرد لە ژێرناوی “ئاستەنگەکانی بەردەم سیستەمی تەندروستی لەمەڕقەیرانی مرۆیی لە عێراق” .

IMG_7825 (1024x683)

ئینستیتیوتی مێری وۆرکشۆپەکەی بەسپۆنسەری سکوڵی پزیشکی لیڤەرپوڵ و بەهاوکاری ڕێکخراوی توێژینەوەی سیاسەتی تەندروستی کە سەنتەرێکی سەربەخۆیە و کار لەسەر داڕشتن و بڵاوکردنەوەی سیاسەتی تەندروستی پشت ئەستوور بە بەڵگە، سازکردبوو. ئامانجی سەرەکی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی بەردەم دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست بۆ ئاوارەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاو بۆیان.

IMG_7775 (1024x683)

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە، کە داڕێژەرانی سیاسەتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر و ڕێخراوە مرۆییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لەخۆگرتبوو، هەڵسان بە گفتوگۆکردنی چارەسەری گونجاو لە مەودای کورتدا بۆ باشترکردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە کاتی قەیراندا. ئەم چارەسەرە کورتخایەنانە، بەهەمان شێوە، پاڵپشتکرا بە پێشنیازی درێژخایەن و چاکسازی پێکهاتەیی و ڕیشیەیی پێویست بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی پتەوتر کە بتوانێت خزمەتی دانیشتوانی ئاوارە و کۆمەڵگای خانەخوێ بکات.

توێژینەوەی پێشووتری ئینستیتیوتی مێری، دەریدەخات کە بەدەنگەوەهاتنی مرۆیی کورتخایەن ئەو فشارە زۆرەی کە خراوەتەسەر ژێرخانی ئێستای ئابووری و کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی دروست لەبەرچاو نەگرتووە.

ئەمەش واپێویست دەکات کە شێوازیە بەدەنگەوەهاتنی بەپەلە لە خزمەتگوزاری تەندروستی گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت بۆ شێوازی گەشەسەندن، هەروەک چۆن دکتۆر هێمن نەجمەدین و دکتۆر عەبدولفەتاح هەورامی، ڕاهێنەرانی وۆرکشۆپەکە ئاماژەیان پێدا و پێیان وابوو کە پێویستە چارەسەری کێشەی کارگێری و بەڕێوەبردن لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی لە ڕێگەی بنیاتنانی تواناکان و پەرەپێدانی پیشەیی بەگوێرەی پێویستی ئێستای کۆمەڵگاوە، بکرێت.

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە گەیشتن بەو کۆدەنگیەی کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان بەدەنگەوەهاتنی بەپەلەی کاریگەر و باشترکردن ئاستی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی کەدەکرێت لە ڕێگەی دەستپێشخەری سیاسەتی تەندروستی توندوتۆڵ فەراهەم بکرێت. .

توێژینەوەی پێشووتری ئینستیتیوتی مێری، دەریدەخات کە بەدەنگەوەهاتنی مرۆیی کورتخایەن ئەو فشارە زۆرەی کە خراوەتەسەر ژێرخانی ئێستای ئابووری و کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی دروست لەبەرچاو نەگرتووە. زياد لەوەش، دەکرێت بوترێت کە ئاستی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردن بەر لە گەیشتنی خێزانە ئاوارەکان تەنانەت شیاو نەبووە بۆ کۆمەڵگای ناوخۆیی. بۆیە قەیرانی مرۆیی تەنیا گرفت و کێشەکانی قوڵتر کردۆتەوە لەبواری دابینکردنی خزمەتگوزاری و کەلوپەلی گشتی لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی.

Comments are closed.