ئینستیتیوتی مێری وه‌ك به‌شێكی تەواوكەر بۆ پرۆژەكانی توێژینهوەو بڵاوكراوەكانی بواری دیبەیتی زانستی دەڕەخسێنێت بۆ رووبەڕوو تاوتوێكردنی شیكردنەوە و پێشنیازە پراكتیكیەكان له‌گه‌ڵ شاره‌زاو بڕیاربه‌ده‌ستانی په‌یوه‌ست به بوارهكە و بۆ گەیاندنی پەیامە سەرەكیەكانیش بۆ رای گشتی.
بابه‌تی كۆنفرانسی هەولێر كە لە 3 ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئەنجامدرا، به‌رهه‌می ئه‌و توێژینه‌وه فراوانه بوو كە لە چاپی یەكەمی كتێبی (دەوڵەتسازی: نەخشەرێگایەك بۆ سەروەركردنی یاسا و بەدامەزراوەییكردن لە هەرێمی كوردستان) لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا بڵاوكراویەوە. نووسینی ئەو كتێبە پشتبەستراوە بە رەچاوكردنی گەشەی حوکمڕانی لە کوردستان و هەڵسەنگاندنی مۆدێلی جیهانی جیاواز و بۆچوونی زیاتر لە 200 پسپۆڕ لەنێو بڕیاردەر و داڕێژەرانی پۆڵەسی و ئەكادیمستانی هەرێم، لە چاوپێكەوتن و مێزگردی تایبەتدا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارۆچكەكانی تر بەشداریان تێدا كردووە. لەم پرۆژەیەدا زۆرترین تیشك خراوەتە سەر چاككردنی ئەو بوار‌و و میكانیزمانەی بۆ سەروەركردنی یاسا و رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ گەشەپێدانی سیستەمێكی حوكمڕانی دروست گرنگن. ئامانجی سەرەكی لەو توێژینەوەیەدا ئەوەیە كە بە دیدێكی رەخنەگرانە كەلێنە گەورەكانی سیستەمی حوكمڕانی هەرێم دەستنیشان بكرێت و بە پێی واقیعی خۆماڵی پێشنیازی نەخشەرێگایەكی 10 ساڵی بۆ چارەسەركردنیان بخرێته روو.
کۆنفرانسی یەکەمی ئەو پرۆژەیە لە بەرواری 27 ی حوزەیران لە شاری دهۆک لە ژێر ناونیشانی “ده‌وڵه‌تسازی و داڕێژتنەوەی پەیكەری حوكمڕانی” ئەنجامدرا، ئەویش بۆ تاوتوێكردنی ئەو بوارانەی پەیكەری حوكمڕانی كە پەیوەستن بە كێشە بنەڕەتیەكان و شێوازەكانی ریفۆرمی حكومەتی خۆجێی. دوابەدوای ئەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆنفرانسێک بەسترا بۆ تاوتوێكردنی كەلێنە یاساییەكان و كێشە و چارەسەریەكانی دامەزراوەكانی یاسا داڕێژتن و جێبەجێكردن. ئەو كۆنفرانسەیان، لە شاری هەولێر لە بەرواری 3 تەمموزی 2018، لەژیرناونیشانی “دەوڵـەتســـــــــازی: سەروەركرنی یاسا و بەدامەزراوەییكردن لە هەرێمی کوردستان” سازدرا.
سەرەتا سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری، دلاوەر عەلائەدین، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سیستەمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ر سێ ئاستی یاسادانان و دادوه‌ری جێیبهجێكردندا لاوازه. هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە هاوكەشە سیاسی و ئەمنیە ئاڵۆزەكانی ناوچەكە، بە هێزی ئیقلیمی پڕهەژموون و دەوڵەتی لاواز وەیان شكستخواردوو دەورەدراوە، له لایه‌كی تریشه‌وه خودی لێکەوتەکانی سیستمی حوكمڕانی كۆنی سەردەمانی دیكتاتۆریەت تا ئێستاش كاریگه‌ریان به‌سه‌ر بواری یاسا و دادوه‌ری له كوردستاندا زۆرن. سیستمی حوكمرانی هەرێم لاوازه و ئه‌گه‌ر به‌و لاوازیه‌ش بمێنێته‌وه ناتوانێت بهرەنگاری هه‌ره‌شه‌كانی ئایینده ببێته‌وه وەیان دەرفەتەكانی ئایندە بقۆزێتەوە. هاوكات دلاوەر عەلائەدین جەختی كردەوە كە تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئینستیتیوتی مێری پشتی نه‌به‌ستووه به هێنانی شاره‌زاو پسپۆری بیانی بۆ شرۆڤه‌كردنی كێشه ناوخۆیه‌كان، به‌ڵكو پشتی به‌ستووه به‌خودی توێژی ناو سیستەمی حوكمرانی خۆماڵیی كه خاوه‌ن بڕیارن وەیان خاوەن كاریگەرین بەسەر هه‌ر سێ جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی حوكمرانی هەرێم. هه‌ر له به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌كانه‌وه بگره تا ده‌گاته قایمقام و به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانیه‌كان و ئینجا په‌رله‌مان و ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و داواكاری گشتی و ئەكادیمیستان و پسپۆڕانی كۆمەڵگای مەدەنی و خه‌ڵكانی تر. له راستیدا ئه‌وانە زیاتر له‌هه‌ر كه‌سێكی بیانی ئاگاداری نه‌خۆشی و ئازار و برینه‌كانی سیستەمی خۆماڵین. هاوكات له درێژەی قسه‌كانیدا ووتی كه “سیستمی لاواز به درێژایی كات لاوازتر ده‌بێت، په‌یكه‌ری لاواز لاوازترت ده‌كات، حوكمی لاوازیش له كۆتاییدا ته‌نیا شكست به‌رهه‌م دێنێت” ، هه‌روه‌ها جەختی كردەوە كه “نه ئێمه‌و نه وڵاتانی دهرەوهش چاویان له‌وه نیه كه ئه‌و سیستەمه به شه‌و و رۆژێك چاك بكرێت وەیان له ریشه‌وه ههڵتهكێندرێ به شێوه‌یه‌ك كه دواجار نەتوانرێ رێكبخرێته‌وه. بۆیه ئامانجی مێری له‌و كۆنفرانسەدا ئه‌وه‌یه كه سیستمێك بونیاد بنرێت گه‌ر هیچ نه‌بێت بتوانێت به‌رگه‌ی قه‌یران بگرێت نه‌ك خۆی ببێته به‌شێك له قه‌یران”.
ته‌وه‌ری پانێلی یەكەمیی كۆنفرانس تایبه‌ت بوو به تاووتوێكردنی “سەروەركردنی یاسا و بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری” ئەویش به به‌شداری هه‌ریه‌كه له تاووتوێكاران:
- جەعفەر ئێمنكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.
- رزگار موحەمەد ئەمین، دادوەر و ئەندامی دادگای پێداچوونەوە.
لەو پانێلەدا دەستخرایە سەر كێشە پەیكەریەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بەربەستەكانی بەردەم سەروەركردنی یاسا، وە بەهێزكردنی پێگە و رۆڵی پەرلەمان وەك سەرچاوەی دەسەڵات، داهێنانی ئەنجومەنی پیران دواتریش دادگا و لاوازیە پەیكەری و كارگێڕیەكانی سیستەمی دادوەری (دادگا، داواكاری گشتی).
سه‌ره‌تا جه‌عفه‌ر ئیمینكی جەختی كرده‌وه كه سیستمی حوكمرانی هه‌رێم كێشه‌ی هه‌یه‌و پێویستی به چاره‌سه‌ركردن هه‌یه، به جۆرێك كه شێوازی حوكمرانی هه‌رێم زیاتر به (ته‌قالید) ده‌چێت تا سیستەم. په‌رله‌مان ده‌بێت بتوانێت پره‌نسیپی لێپێچینه‌وه جێبه‌جێ بكات. ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی خۆمالی بۆ گرفته خۆماڵیه‌كان بدۆزینه‌وه، ئه‌م كۆنفرانسه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ دیاریكردن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه. جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی حزبه‌كان له ناو په‌رله‌مان بوونایه زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بوون. راسته هه‌ماهه‌نگی باش هه‌یه له نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا به‌ڵام ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه ده‌بێت بكرێته سیستەم و زۆریش پێویسته بۆردی یاسادانان له ناو حكومه‌تدا هه‌بێت.
دادوەر رزگار موحەمەد ئەمین، ئەندامی دادگای پێداچوونەوە باسی له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و كه‌موكورتیه‌كانی كرد و گووتی هه‌ر دادوەرهرێك له رووی كاربەجێگەیاندنەوە سه‌ربه‌خۆیه به‌ڵام كاریگه‌ری كارگێری به‌سه‌ریانه‌وه هه‌یه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌یكه‌لی گارگێری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه. پێویستە دادگای ته‌مییز جیاواز بێت له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری. هه‌روه‌ها ده‌بێت كاتێكی دیاریكراو‌و بۆ مانه‌وه‌ی ئەندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له پۆسته‌كانیان دیاری بكرێت. جه‌نابیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه زۆرجار سیاسیه‌كان گازانده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه دادوه‌ره‌كان به‌كاری خۆیان هه‌ڵناستن، راسته كه‌مووكوری له هه‌ردوولاوه هه‌یه به‌ڵام ده‌بێـت رێگا به دادوه‌ره‌كان بدرێت كه دوا بریاری یاسایی بده‌ن.
له كۆتای پانێلەكەدا ده‌رگای گفتوگۆ بۆ ئاماده‌بووان كرایه‌وه، چه‌ند سه‌رنجێك تۆماركران كه ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه كورتیانبكیهنهوه:
– ده‌سه‌لاتی دادورهری كه‌موكورتی زۆری تێدایه، بۆ نموونە، له رۆڵی سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ری ( الاشراف القضائی) لە ئارادا نیه.
– حوكمرانی كوردی زاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك نه‌بووه به‌ڵكو زاده‌ی شه‌رعیه‌تی شورشگێری بووه، ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ش تا ئێستا ئاماده نیه ده‌سه‌ڵاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ په‌رله‌مان.
– نه‌بوونی دستورێكی نووسراو كێشه‌یەكی سه‌ره‌كیه بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و یاسادانان.
– لیستی كراوه وای كردووه ته‌نیا گرنگی بدرێت به كاندیدی پۆپۆلیست بۆ ده‌نگهێنان نه‌ك كاندیدی شاره‌زا.
– كهمووكورتی زیاتر له رووی كارگێڕیەوەیە نه‌ك له حوكمڕانی چونكه ئه‌و سیستەمە كارگێڕیەی ئێستا هه‌یه هی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌و به میرات بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه.
– نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له نیۆان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی حوكمڕانیدا وای كردووه هه‌رێم خاوه‌نی حوكمێکی لاواز و ئیدارهیێكی لاواز بێت.
– هه‌لومه‌رجی ناوه‌خۆی و ده‌ره‌كی كاریگه‌ری زۆری كردۆته سه‌ر ئه‌دای حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا.
هه‌رچی پانێلی دووه‌می كۆنفرانس بوو تهراخانكرابوو بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر “سیستەمی یاسا داڕێژتن: بەدامەزراوەییكردن و بەرزكردنەوەی كواڵێتی“، ئەویش به به‌شداری هه‌ریه‌كه له تاوتوێكاران : ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ شوان محێدین، سەرۆكی ئەنجومەنی شوورا؛زانا روستایی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق. مەولوود باوەموراد؛ وەزیری پێشووی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، وە فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان.
سەرەتا ئامانج ره‌حیم جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه نه‌بوونی ده‌ستورێكی نووسراو وایكردووه كه ئێمه خاوه‌نی سیاسه‌تێكی ته‌شریعی نه‌بین،دواتریش هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی حوكمڕانیدا لە ئاستی خوازراودا نیە، بۆیە زۆر زه‌روره بۆردێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئالۆزیه نه‌مێنیت. له خالێكی تریشدا پێی باش بوو گرنگی به ده‌سته‌ی راوێژكاره‌كان بدرێت بۆ دارشتنی یاساكان بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان له كاتی جێبهجیكردندا كێشه دروست نه‌كه‌ن.
مەولوود باوەموراد، وەزیری پێشووی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان جەختی له‌سه‌ر ئەركه‌كانی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان كرده‌وه‌و چه‌ند پێشنیارێكی خسته‌ڕوو بۆ كاراكردنی ئه‌دای ئه‌و وه‌زاره‌ته. زانا رۆستایی، جه‌ختی له‌سه‌ر گونجان و پێداچوونه‌وه‌ی یاساكان كرده‌وه له‌گه‌ل گه‌شه‌كردنی كۆمهڵگاو پێشهاته جیهانیه‌كان، به تایبه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای گشتگیری یاساكان كه هه‌موو لایه‌ك بگرێته‌وه. شوان محێدین په‌نجه‌ی خسته سه‌ر چه‌ند خالێك و گووتی كه ئه‌نجوومه‌نی شورا ته‌نیا ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌ی بۆ دێت كه له حكومه‌ته‌وه‌و بۆی ده‌نێردرێن. ئەوانەش كرچ و كاڵن و زۆربه‌یان كۆپی وڵاتانی ترن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و شوێنانه كار ده‌كه‌ن شاره‌زایی یاساییان نیه. خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه كه له كوردستان هیچ پرۆژه یاسایه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی لێكه‌وته‌ی ته‌شریعی بۆ ناكرێت ( تقیم اثر التشریعی) به‌و واتایه‌ی ئایا ئه‌م پرۆژه یاساییه له واقیعدا قابیلی جێبه‌جێكردنه، یان لێكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌كانی چین، وە ئایا حكومه‌ت تێچووی ماددی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵده‌گرێت؟ له كوردستان جورێك له زۆروبۆری ته‌شریعی هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی بە قووڵی بیر له جێبهجێكردنیا كرابێتەوە، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئیستا دامه‌زراوه‌یه‌ك نیه پێداچوونه‌وه‌ی ته‌شریعی بكات. له كۆتای پانێله‌كه‌دا ئاماده‌بووان به چه‌ند سه‌رنج و تێبینیه‌ك به‌شدرایان كرد كه ده‌كرێت له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا چریان بكه‌ینه‌وه:
- گرنگی دروستكردنی بۆردێکی ته‌شریعی.
- گونجاندنی یاساكان له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگادا.
- زۆروبۆری پرۆژه پێشكه‌شكردن له په‌رله‌ماندا له لایه‌ن فراكسێونهكانهوه بێ ئه‌وه‌ی حسابی ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه بکرێت.
- بوونی بۆشاییكی دەستوری كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه به تایبه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و دادوه‌ری.
- دارشتنی یاساكان پێویسته له لایه‌ن ستافێكی شاره‌زاو پرۆفیشنالەوە بێت نه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كان كە زیاتر ئه‌كی متمانهدانیان به پرۆژه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
- نه‌بوونی فهلسهفهیێكی سیاسی روون له لایه‌ن سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ نموونە له لایه‌ك ئاراسته‌ی سیستەمی سیاسی ڕوو له بازاری ئازاد‌و لیبرالیزمه له لاییكی تریش زۆربه‌ی یاساكان بونیادێكی سۆشیالیستانهیان هه‌یه كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سەردەمی رژێمی به‌عسی پێشوو.
هه‌رچی پانێلی سێیه‌می كۆنفرانس بوو ته‌رخانكرابوو بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر “وەبەرهێنان لە پەرلەمانتاران و دادوەران: بەرزكردنەوەی تواناكان و پەروەردی رابەرایەتی” به به‌شداری هه‌ریه كه له تاووتوێكاران: بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان؛ ئازاد حەسەن ئەحمەد، سەرۆكی داواكاری گشتی؛ سیروان كەمال، بەرێوەبەرى گشتى پەیمانگاى دادوەرى وە نیعمه‌ت عەبدوڵڵا پیرداود، پەرلەمانتاری پێشوو. مه‌به‌ست له‌م ته‌وه‌ره تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێك بوو كه خۆی له‌م خالانه‌ی خواره ده‌بینیه‌وه:
- رێبەری کار‌و سیستەمی هەڵسەنگاندن، کاراکردنی لیژنەکانی پەرلەمان و رۆلی فراکسیۆنەکان.
- پێناسەكردنەوەی مەرجی پەرلەمانتارێتی، هەڵبژاردن بە لیستی كراوە یان داخراو.
- كاری پەرلەمانتاران، لێژنەكانی پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆنەكان، راوێژكارانی پەرلەمان.
- دامەزراندن و پەروەردەی دادوەران، كێشەی دژە بەرژەوەندی، هەیبەت و سەربەخۆیی دادوەریی.
- سەرپەرشتیاری دادوەری و سیستەمی هەڵسەنگاندن.
- سیستەمی پێشنیازكراو بۆ دڵنیایی كاربەجێگەیاندن.
سه‌ره‌تا بێگه‌رد تاله‌بانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌موو حزبه‌كان به‌بێ جیاوازی ڕۆڵیان له لاوازكردنی کاری په‌رله‌مان هه‌بووه. په‌رله‌مان بۆیه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگا گازانده‌ی لێده‌كرێت چونكه بەشێكی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه نین كه خراوه‌ته سه‌ر شانیان. ‘بۆ به‌هێزكردنی رۆڵی په‌رله‌مان پێویستە لیستی داخراو هەبێ به تایبه‌ت بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌مرۆی كوردستان گونجاوە’. دواتریش ووتی كه پێویسته پەیڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌ر چوارساڵ جارێك دابڕێژرێته‌وه. هەبوونی سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه بۆ په‌رله‌مان پێویسته به جۆرێك كه سەربەخۆیی سیاسی پێبدرێت و پێشتر پرۆژه‌كانی تێدا تاوتوێ بكرێن پێش ئه‌وه‌ی بنێردرێن بۆ په‌رله‌مان.
دواتر ئازاد حسن باسی ئه‌ركه‌كانی داواكاری گشتی كرد و ووتی به‌شێك له‌و یاسایانه‌ی تایبه‌تن به داواكاری گشتی تا ئێستاش بریاریان له‌سه‌ر نه‌دراوه. نیعمه‌ت عبدالله كه ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانیش بووە جه‌ختی له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان كرده‌وه و به باشی زانی كه خه‌ڵك ووشیار بكرێته‌وه له رۆلی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاره‌كان، پێشنیاریشی كرد كه خه‌ڵكی شاره‌زا و ووشیار له لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه بنێردرێن بۆ په‌رله‌مان. سیروان كه‌مال، باسی چۆنێتی ئامادهكردنو په‌روه‌رده‌كردنی دادوه‌ر و داواكاری گشتی كرد.
هه‌رچی پانێلی چواره‌مه تایبه‌ت بوو به گفتووگۆكردن له‌سه‌ر “پەرلەمان وحكومەتی خۆجێیی: پێناسەكردنەوەی پەیوەندی و دەسەڵاتەكان” به به‌شداری هه‌ر یه‌كه له نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر؛ ئەیوب عەبدوڵلا ئیسماعیل، سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان؛ ئازاد محمد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وە سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوان له وەزارەتی ناوخۆ. دەكرێ بووترێ كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م پانێله بریتی بوو له تاوتوێكردنی پرسی: گۆڕینی یاساكان بۆ بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندی نێوان كابینەی حكومەت و حكومەتی خۆجێیی.
له سه‌ره‌تایی ئه‌م پانێله‌دا نه‌وزاد هادی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سیستمی حوكمرانی رۆڵێكی سه‌ره‌كی له به‌رەو پێشبردنی كۆمه‌ڵگا ده‌گێڕێت. له عێراقی پێش 2003 به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی رایكردنی كاره‌كان ده‌درانه پارێزگار، به‌ڵام له دوای 2003 یاسای پارێزگاكان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و ئاستی ده‌سه‌ڵات بۆ چوار بواری سه‌ره‌كی دابه‌شكرا: حكومه‌تی فیدرالی، حكومه‌تی هه‌رێم، پارێزگاكانی ناو هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وەدا كه سیستەمی هه‌لبژاردنه‌كان كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌دای پارێزگاكان هه‌یه. بۆ نموونه گوتی باشتر وایە پارێزگار له ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌لبژێردرێت، چونكه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دیاریكردنی تواناكانی پارێزگار. هاوكات جەختی كردەوە كە ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی بمێنیته‌وه چونكه ده‌زگایێكی ته‌كنیكیه. وە گۆرینی به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگاكانیش پێویستە به ئاگاداری پارێزگار بێت، چونكه چه‌ند گورانكاریه‌ك له داموودهزگاكان له لایه‌ن وه‌زیره‌وه كراوه كه‌چی بەرپرسانی پارێزگا ئاگاداریان نین.
دواتریش ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سه‌روه‌ری یاسا‌و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن یه‌كێكه له پایه هه‌ره گرنگه‌كانی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان. دیارە ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كار به‌یاسای ژماره 3 ساڵی 2009 ده‌كات. هه‌رچه‌نده ئه‌م یاسایه له 2009 ده‌رچووه به‌ڵام دوای پێنج ساڵ كاری پێكراوه و كهمووكور یه‌کجار زۆریشی تێدایه. هه‌روه‌ك په‌رله‌مان پێویستی به ئه‌ندام په‌رله‌مانی شاره‌زا هه‌یه، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاش به هه‌مان شێوه. هەروەها جەختی كردەوە كە له میانه‌ی كاركردنیدا وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پاریزگای سلێمانی بۆی دەركەوتووە كە حكومه‌تی هه‌رێم گرنگیەكی ئەوتۆ به ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان نادات. ئاستی متمانه له نێوان ئه‌نجوومه‌ن و حكومه‌تدا زۆر نزمە. له پله‌به‌ندی كارگێڕیشدا دیسان كێشه هه‌یه، بۆ نموونه پله‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن له پله‌ی كارگێریی پارێزگار كه‌متره كه‌چی ده‌توانێت پارێزگار بانگهێشتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بكات. له لایێكی تر له‌هیچ نووسراوێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماژه به ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان نادرێت. بۆیه پێویستە له خولی داهاتوودا ئه‌م یاسایه هه‌موارێكی باشی بۆ بكرێت به چاره‌سه‌رێكی خۆماڵیانه.
دواتریش سامی جه‌لال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه تائیستا چه‌ندان ده‌سه‌ڵات لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆ پارێزگاكان دابه‌زێنراون، بۆ نموونه ته‌نیا له ساڵی 2018، 48 ده‌سه‌ڵات دابه‌زێنراون، بۆیه كێشه‌كه له وه‌زیره‌كان نیه به‌ڵكو له كارمهندهكانه. هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه قه‌یرانی دارایی به‌شێكی تری كێشه‌كانه چونكه ئه‌گه‌ر بودجه‌ی پێویست له به‌رده‌ست بوایه ئه‌وا ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌و شێوه‌یه تێكه‌ڵ نه‌ده‌بوون. گووتیشی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا سه‌ر به حكومه‌ت نیه بۆیه ناتوانێت به‌دواداچوونیشیان بۆ بكات، پیشنیازیشی كرد كه ئەنجوومهنی پارێزگاكان بخرێته سه‌ر په‌رله‌مان.
دوابه‌دوای ئه‌ویش ئه‌یوب عبدوڵلا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌موو وه‌زراه‌ته‌كان جێبه‌جێ نه‌كراوه. وە به پیۆیستی زانی كه دامه‌زراوه‌ی مێری كۆنفرانسێكی تایبه‌ت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره 3 ساڵی2009 بكات.
دواتریش ده‌رگای گفتووگو بۆ به‌شداربووان كرایه‌وه، به‌شێكیان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی ده‌مێكه باس له دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كرێت به‌ڵام به شێوه‌ییكی كرداری جێبه‌جێ ناكرێت. باس لەوە كرا كە هه‌یكه‌لیه‌تی قه‌زاكانیش پێویستی به گۆرانكاری هه‌یه، هه‌ندێك قه‌زا زۆر گه‌وره بوونە پێویستیان به دابه‌شكردن هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌بێت میكانیزمێكیش بدۆزرێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیداره سه‌ربه‌خۆكان.
دەرەنجام
لە کۆتایی کۆنفراسدا ئامادەبوان هاوڕابوون لەسەر پێویستی چاکسازی کارگێری، بەتایبەت لە پڕۆسەی سەروەرکردنی یاسا‌و بەدامەزراوەییکردن لە هەرسێ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری. هەماهەنگی نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکە دەتوانێت رۆڵێکی باش لە کاراکردنی پرۆسەی حوکمڕانی و بە دامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستاندا ببینێت. نەبوونی دەستورێکی نوسراو لەمپەرێکی بەردەم ئەم پرۆسەیەیەو پێویستە تا زووە هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت.
پێویستە ئەم چاکسازیانە بوارەکانی پەرلەمان و سیستەمی دادوەریش (دادگا‌و داواکاری گشتی) بگرێتەوە. هەروەها دروستکردنی ئەنجومەنێکی گشتی و بۆردێکی تایبەت بۆ یاسا دارێژتن دەتوانێت هاوکار بێت لە کاراکردن و خێراکردنی پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پرۆژە یاساکان. لە هەیکەلی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا پرەنسیپی لێپێچینەوە زۆر لاوازە و دەبێت بەهێز بکرێت. هەروەها هاوکاری نێوان پەرلەمان و حکومەت زۆر گرنگە بۆ کاراکردنی حکومەتی خۆجێی و هەموارکردنەوی یاساکان و دواتریش دارشتنەوەی پەیکەر و دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکان.