لە رۆژی چوارشەممەی ٢٦ ی حوزەیران، ئینستیتیوتی مێری مێزگردێكی تایبەتی بۆ تاوتوێكردنی كێشەی ئەتۆمی ئێران و كرژیەكانی ئەودواییەی نێوان ئێران و ئەمەریكا و كاریگەریەكانیان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان رێكخست. لە میانی ئەو مێزگردەدا، بەشداربووان هەوڵی شیكردنەوەی دینامیەت و ئاڵۆزیە ئەمنی و سیاسی و ئابووریەكانی ململانێیەكانیان دا.
ئاشكرایە كە ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا هەندێ كێشە و كەلێنی بنەڕەتی لە رێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی ئێران دەستنیشانكردووە، بە تایبەتی ئەوەی كە رێكەوتننامەكە پەیوست نەكراوە بە تەشەنەكردنی هەژموونی ئێرانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاڵپشتیكردنی ئێرنا بۆ رێكخراوە چەكدارە ناحكومیەكانی ناو عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی نیگەرانی بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا. بەشێك لەو رێكخراوە ناحكومیانە لە ئێستادا بوونەتە خاوەنی تەكنۆلۆژیای سەربازیی پێشكەوتوو ، لەوانە موشەكی بالیستی مەودای مامناوەند. بەكارهێنانی ئەو جۆرە مووشەكە لە لایەن حوسیەكانی یەمەنەوە لە دژی چەند ئامانجێكی ناو وڵاتی سعودیە تەنیا نموونەیەكە. حیزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی عێراقی كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن لەوپەڕی سنووری وڵاتەكانیاندا چالاكی دەنوێنن و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن كە توانای هەڕەشەكردن (وەیان هێرشبردن)یان بۆ سەر بنكە سەربازیە ئەمەریكیەكانی ناوچەكە و هاوپەیمانەكانی ئەمریكایان هەیە، لەوانە دەوڵەتی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبەكانی كەنداو.
لە لێدوان و دیبەیتەكانی ئەو مێزگردەدا روون بووەوە كە ئیدارەی ئەمەریكی نایەوێ ئێران بەرەو شەڕ پەلكێش بكات بەڵكو دەیەوێ بۆ مێزی گفتوگۆی پەلكێش بكات تاوەكو رێكەوتننامەیەكی ئەلتەرناتیڤی لەگەلدا واژوو بكات و ئێران بێنێە ژێر باڵی پابەندبوون بە رێكەوتنی ئاسایش و دووبارە رێكخستنەوەی نیزامی ئێقلیمی. ئیدارەی ئەمەریكا ئەو جۆرە دەرەنجامە بە باشترینیان دەزانێ كە هەموو لایەك لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ دوور دەخاتەوە. ئەمەریكا لەو بوارەدا نەفەسی درێژە و ئامادەیە كە رێگە بە فشارە ئابووریەكان بدات هەتا جارێكی دیكە ئێران بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام هەت ئێستا ئێران ئؤفەری دووبارە گفتوگۆكردنەوەی بابەتی ئەتۆمی رەت كردووەتەوە و هاوپەیمانە ملكەچەكانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەكە جلەوگیر نەكردووە.
لە روانگەی عێراقەوە، حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر لە نێو كرژیەكانی نێوان ئەو هێزە جیهانی و ئێقلیمیە زەبەلاحانەدا خۆیان لە بارێكی قورسدا دەبیننەوە. دیار كە ئەمەریكا لەوە تێدەگات كە ئێران و عێراق (بە هەرێمەوە) سنوورێكی درێژیان لەنێواندایە و هەردوولایان پشت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەل یەكتر دەبەستن، بە تایبەتی لە بواری خۆراك و بەرهەمی كشتوكاڵیەوە. بۆیەش، زۆربەی هاوردەكانی ئێرانی بۆ ناو عێراق ناكەونە چوارچێوەی ئابلۆقە ئەمەریكیەكەوە و بازرگانیكردن لەو بوارانەدا بەردەوامە. ئەمەریكا دەیەوێ عێراق و هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی دۆستانەیان لەگەڵ ئێراندا هەبێ، بەڵام ئەمەریكا نیگەرانیشە لەوەی كە بازرگانی نایاسایی (بۆ بنكۆڵكردنی ئابلۆقەدان) لەنێوان عێراق و ئێران بەردەوامە، بە تایبەتی لە بواری ووزەدا. ئەمەریكا نیگەرانە لەوەی كە پەیوەندی دۆستانە لەنێوان حیزبە عێراقیەكان و سوپای پاسدارانی ئێران هەیە، كە ئەوەی دواییان لە مانگی نیسانەوە لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە لیستی رێكخراوە تێرۆریستیەكانەوە.
بڕیاری ئەمەریكی بۆ كێشاندنەوەی بەشێك لە ستافەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بووەتە مایەی نیگەرانی لە ناو عێراقدا. بێگومان، ئەو بڕیارە بە ئاسانی لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریكی دەرنەكراوە، بە تایبەتی كە ئەو وڵاتە چەندین ساڵە پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ عێراق و هەرێم هەیە، هەروەك لە شەڕی دژی داعش. پەیوەندی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر تایبەت و نەوازەیە لە جیهاندا، چونكە ئەمەریكا لە مێژوویدا هیچ جۆرە پەیوەندیەكی لەوجۆرەی لەگەڵ هەرێمێك وەیان كیانێكی ناو هیچ دەوڵەتێكدا نەبووە، بەجیا لە پایتەختی وڵاتەكەیدا. بەشداربووان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو پەیوەندیە لەمەودای دووردا بەهێز بكرێ بۆ سوودی هەردوو لایەن و لە هەمان كاتیشدا بە هەستیاریەوە مامەلە لەگەڵ دینامیەتی ئەمنی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بكرێت.
بەشداربووان
- ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
- ئەنوەر ئەنید، زانكۆی كوردستان، هەولێر
- ئاری مامشەیی، راوێژكاری جێگری سەرۆكی پەرلەمان
- دارا خەیلانی، راوێژكار لە ئۆفیسی جێگری سەرۆكی حكومەت.
- داود ئەتروشی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- دیار خەفاف، راوێژكار ئەنجومەنی وەزیران
- فەرەیدوون رەحمانی، زانكۆی یۆرك، كەنەدا
- هێمن نەجمەددین، ئۆفیسی هەماهەنگی و هەڵسەنگاندن، حكومەتی هەرێم
- هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان
- جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
- كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتار
- خدر دۆمڵەیی، زانكۆی دهۆك
- مارلێ جاكۆب، زانكۆی یۆرك، كەنەدا
- نەهرۆ زاگرۆس، جێگری سەرۆكی زانكۆی سۆران
- رێواز فایەق، پەرلەمانتار
- سیلڤیا ئێریز، سەرۆكی بەشی سیاسی و ئابووری، كونسوڵگەری گشتی ئەمەریكا، هەولێر
- شۆخان قادر، زانكۆی سۆران
- ستیڤن ڤاگین، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا، هەولێر
- تانیا گڵی خەیلانی، رێخكراوی سید
- یادگار فایەق سەعید، كەناڵی كوردستان ٢٤
- ئینستیتیوتی مێری
- دلاوەر عەلائەددین، سەرۆكی ئینستیتیوت
- فوئاد سمایل، بەڕێوەبەر
- كامەران پەلانی، توێژەر
- ئامێز سمایل، هاریكاری توێژەر