بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەکادیمیستان و نوێنەری کەرتی تایبەت و نێردەی دیپلۆماسی گفتوگۆیان دەربارەی بوارەکانی چاکسازی و هەنگاوی پێویست بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری کرد.
هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە سێیەم ساڵی قەیرانی ئابووری، کە زیانی بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات گەیاندووە. نیشانەکانی قەیرانی ئابووری سەرلەبەری سیستەمی ئابووری هەرێم دەگرێتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر کارکردنی حکومەت و بەرگەگرتنی خەڵک و کەرتی تایبەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، دروستکردووە. سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان هەرگیز ئامادەنەبووە بۆ بەرگەگرتنی قەیرانێکی لەم ئاستە. لە دەرئەنجام چەندین پرسیار سەرهەڵدەدەن: ئایا ڕیشەی ئەم قەیرانانە لە چیەوە هاتووە؟ دەتوانرێت چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی ئەم قەیرانە؟ چۆن سیستەمی ئابووریەکی پتەوتر دروستبکرێت؟
بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستا و ڕێگاکان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری، ئینستیتیوتی مێری هەڵسا بە سازدانی کۆبوونەوەیەک لە بەرواری ١٣ کانوونی دووەم، بەبەشداری نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێویاندا جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی و ئەکادیمیستان و پسپۆرانی دارایی و خاوەن کار و بازرگانان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە نێویاندا کونسوڵی گشتی ئەمریکا و فەڕەنسا و هۆڵەندا.
جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی ئابووری یاوەری تیشکیان خستەسەر ئەو ڕاستیەی کە قەیرانی ئابووری ئێستا گەورەترە لە کێشەی بوودجە یاخود کێشەی دارایی. بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە، هاوسەنگکردنی بوودجە و ئەنجامدانی چاکسازی لە کارگێری لە پێشینەکانی حکومەت دەبن و تیمی ئابووری هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ. بە گوێرەی وتەی بەرپرسانی ئامادەبوو لە وۆرکشۆپەکە، حکومەتی هەرێم تەرکیزی لەسەر ئیدارەدانی قەیرانە و دەبێت ئەوە بکات بە پرۆژەیەکی نیشتیمانی دوور لە ناکۆکی سیاسی ناوخۆ. ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێز بوو کە هەوڵی جیدی هەیە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر چاکسازی پێویست بۆ بنیاتنانی بناغەی ئابووریەکی پتەو. بۆیەش، ئاڵوگۆڕیی بۆچوونەکان دەربارەی ئاستی ئەم قەیرانە و تاوتوێکردنی چاکسازیەکان بە شێوەیەکی شەفاف زۆر گرنگە.
شاندی دیپلۆماسی وڵاتان پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی کرد، کە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کوردستان پەیوەستن بە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم قەیرانە، بەتایبەتی لەڕێگەی داڕشتنی ستراتیژ وپۆلەسی و جێبەجێکردنیان. وە ئاماژەیان بەوەدا، کە پێویستە حکومەت چاوەڕوانی هاتنی دۆخی باشتر نەبێت بۆ دەستکردن بە ئەجێندای ڕیفۆرم بەدەر لە هاوسەنگکردنی بوودجە. بۆ سوودمەندبوون لەم یارمەتیە، پێویستە ویستی سیاسی بەهێز بۆ چاکسازی لە ئارادابێت.
لە بەشێکی تری وۆرکشۆپەکە، ڕاپۆرتی توێژینەوەی ئینستیتیوتی مێری “لاوازیەکانی بنەمای ئابووری هەرێمی کوردستان” خرایە بەرباس. لە میانی تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، توێژەرانی ئینستیتیوتی مێری ئاماژەیان بەوەکرد کە لەدوای شیکردنەوەی نیشانەکانی قەیرانەکان و لاوازیەکانی بنەمای ئابووری هەرێم، پێویستە شانبەشانی ئەو ڕێکارە ئابووریانەی کە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردن دان، حکومەتی هەرێم ئەجێندایەکی فراوانی بۆ چاکسازی هەبێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ئابووری پتەوتر.
لە نێو ئەم چاکسازیەنەش، دەستپێشخەری و لهخۆگرتنی سیاسەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و كاراكردنی دامهزراوهكانی حكومهت و بوودجەکەی و گرێدانی دامەزراوەکانی کوردستان بە ئابووری. پەیڕەوکردنی ئەجێندایەکی لەم چەشنە زۆرگرنگە چونکە وەبەرهێنەرانی بیانی و خاوەنکارانی ناوخۆ و کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵک بەگشتی داخوازی ئاماژەیەکی ڕوونن کە ویستی سیاسی ئەوتۆ و بەهێز هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە گشت ئاستەکان و چۆنیەتی ئیدارەدان.
بەشێك لەبەشداربووانی وۆرکشۆپەکە پێک هاتبوون لە عوسمان شوانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئامانج ڕەحیم، ڕاوێژکاری یاسایی و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ هێرش موحەرەم، سەرۆکی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان؛ بیلال وەهاب، سەرۆکی سەنتەری پەرەپێدان و سەرچاوە سروشتیەکان، زانکۆی ئەمریکی سلێمانی؛ دکتۆر عزەت سابر، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان و ئابووری لە پەرلەمان کوردستان؛ حەیدەر مستەفا، بەرێوبەری گشتی، وەزارەتی پلاندانان.